سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جارێكی تر لەبارەی یاسای هەڵبژاردن كۆدەبێتەوە‌

19/01/2018

‌ ‌ پارتی و یەكێتی چونەتە پاڵ لایەنە سوننەكانی عێراق و دوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن، لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی نیشتمانی كە زۆرینەی هێز و لایەنە شیعەكان لەخۆدەگرێت داوادەكەن هەڵبژاردن لەوادەی دەستوری خۆیدا بەڕێوەبچێت، نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمریكا پشتیوانی داواكارییەكەی بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی نیشتیمانی دەكەن.

سبەینێ جارێكی تر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژە یاسای هەڵبژاردن دەخاتەوە دەنگدان، بەڵام دیار نییە ئاخۆی نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچونی دانیشتنەكە تەواو دەبێت یاخود نا.

حزب و لایەنە سوننەكان داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن، بەهانەی لایەنە سوننەكان بۆ ئەو داواكارییە ئەوەیە ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكان كە دانیشتوی ناوچە سوننەنشینەكانن نەگەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانیان و ئەمە وادەكات نەتوانن وەكو پێویست بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن.

لایەنە سوننەكان بەشێوەیەكی گشتی دوو پێشنیازیان هەیە لەبارەی دواخستی هەڵبژاردنەوە:

پێشنیازی یەكەم: دواخستنی هەڵبژاردن لەسەرتاسەری وڵات بۆ ماوەیەك كە لە یەكساڵ زیاتر نەبێت
پێشنیازی دووەم: دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی دیالە و سەلاحەدین و ئەنبار و نەینەوا

لە داواكردنی دواخستنی هەڵبژاردن لایەنە سوننەكان بەتەنیا نین، دوو حزبی هەرێمی كوردستان كە بریتین لە هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهەمان شێوە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن.

پارتی و یەكێتی لەدوای پرۆسەی ریفراندۆم رێژەی 51%ی خاكی هەرێمی كوردستانیان رادەستی هێزەكانی عێراق كرد، بەشێی زۆری ئەو زەوییانەی لەدەستدران زەوی و خاكی ناوچە دابڕاوەكان بوو، ئەو دوو حزبە بە لەدەستدانی خاك متمانەی خەڵكی ئەو ناوچانەشیان لەدەستدا، رەنگە ئەمە هۆكارە سەرەكییەكە بێت كە نایانەوێت هەڵبژاردن بكرێت.

لەبەرامبەردا دوو هێزی سەرەكی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان دژی دواخستنی هەڵبژاردن وەستانەوە كە بریتین لە:

* هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان
* بزوتنەوەی گۆڕان

بەهانەی ئەو لایەنەنای كە دواخستنی وادەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن رەتدەكەنەوە ئەوەیە "دواخستنی هەڵبژاردن پێچەوانەی دەستورە".

ئەو لایەنانەی كە داوا دەكەن هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت كە رۆژی 12ی ئایارە، بەتەنیا نین و پشتیوانی نێودەوڵەتیشیان هەیە، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەرێگەی یان كۆبیچ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی رێكخراوەكە پەیامی خۆی گەیاندە سەرۆك وەزیرانی عێراق بەوەی:

* نەتەوە یەكگرتوەكان پشتیوانی لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردن دەكات لە وادەی خۆیدا

ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەمریكاش وەكو هێزێكی كاریگەری لەسەر ئاستی جیهان پشتیوانی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن دەكات لە وادەی خۆیدا، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا جەخت لەسەر چەند خاڵێك دەكات، لەوانە:

* دواخستنی هەڵبژاردن پێشینەیەكی مەترسیدار و پێشێلكردنی دەستورە
* ئەمریكا هاوكاری 2 ملیۆن و 600 هەزار ئاوارە دەكات بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن
* ئەمریكا مەشق و راهێنان بە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكات بۆئەوەی چاودێری هەڵبژاردن بكەن
* ئەمریكا شەش راوێژكاری نێودەوڵەتی شارەزا دەنێرێت بۆ هاوكاریكردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان
* ئەمریكا پشتیوانی دامەزراوە دیموكراتییەكانی عێراق دەكات

بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن و بەدیاریكراوی چۆنیەتی دەنگدان لەسەر یاساكە (بەشێوازی ئاشكرا یاخود نهێنی) و رۆژی بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەران، دوێنێ كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران نیسابی یاسایی لەدەستدا و بەوهۆیەوە كۆبونەوەكە دواخرا.


 


تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر