ده‌ربه‌ندیخان: KNN دیمه‌نی‌ چیای‌ زمناكۆ دوای‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌‌

11/12/2017

‌ ‌ تیمی‌ KNN ده‌چێته‌ سه‌ر چیای‌ زمناكۆ له‌ ده‌ربه‌ندیخان، كه‌ به‌هۆی‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ی‌ مانگی‌ رابردوه‌وه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ هه‌ره‌سیهێناوه‌ ‌و رۆچوون له‌ زه‌وییه‌كه‌یدا روویداوه‌، به‌هۆی‌ به‌ربونه‌وه‌ی‌ تاشه‌ به‌ردیشه‌وه‌ رێگای‌ چوون بۆسه‌ر چیاكه‌ داخراوه‌...

بۆ سه‌ر لوتكه‌ی چیای زمناكۆی سنوری قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان به‌ڕێكه‌وتوم, بومه‌له‌رزه‌كه‌ی 12ی مانگی ڕابردوو, دیمه‌نی‌ چیاكه‌ی‌ گۆڕیوه‌ تاشه‌ به‌ردی‌ گه‌وره‌ به‌ربونه‌ته‌وه‌ ‌و ڕێگای گه‌یشتن به‌سه‌ر چیاكه‌ سه‌ختبووه‌، له‌ هه‌موو شوێنێكی‌ چیاكه‌ شوێنه‌واری‌ هه‌ره‌سی‌ گه‌وره‌ ده‌بینرێت. چیای‌ زمناكۆ سروشت ‌و دیمه‌نه‌كه‌ی‌ جارانی‌ نه‌ماوه‌.

له‌گه‌ڵ ڕۆچونی زه‌وی, چه‌ندین درزی گه‌وره‌ دروستبووه‌, ڕووبه‌ری لوتكه‌ی‌ چیاكه‌ به‌سه‌ر چه‌ند به‌شی‌ جیا جیادا دابه‌شبووه‌.

كاتێك له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ دیمه‌نی كاریگه‌رییه‌كانی‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ ورد ده‌بیته‌وه‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ هه‌ره‌سهێنانی‌ چیای زمناكۆ زیاتر هه‌ستی‌ پێده‌كرێت.

چیای زمناكۆ, شۆڕده‌بێته‌وه‌ بۆ نزیك به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان, شانی لای چه‌پی به‌نداوه‌كه‌ له‌سه‌ر دامێنی چیاكه‌ بنیادنراوه‌, به‌وته‌ی به‌رپرسی به‌شی سه‌لامه‌تی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان, له‌ %60ی ئه‌و زیانانه‌ی بومه‌له‌رزه‌كه‌ به‌ به‌نداوه‌كه‌ی‌ گه‌یاندوه‌, به‌هۆی كاریگه‌ری ئه‌و هێزه‌وه‌ بووه‌ كه‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ی چیای زمناكۆوه‌ دروستیكردوه‌.

لوتكه‌ی چیای زمناكۆ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ربه‌ندیخان, نزیكه‌ی 1500 م له‌ ئاستی ڕووی ده‌ریاوه‌ به‌رزه‌, خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ له‌ رابردودا سه‌ردانی‌ چیاكه‌یان ده‌كرد ‌و وێنه‌ی‌ یادگاریان تێدا ده‌گرت ‌و له‌وێوه‌ له‌ دیمه‌نی‌ رازه‌وه‌ی‌ ده‌وروبه‌ری‌ چیاكه‌یان ده‌ڕوانی‌، به‌ڵام بومه‌له‌رزه‌ خه‌ڵك ‌و چیاكه‌ی‌ لێكدابڕیوه‌ ئێستا ئه‌وێ‌ شوێنێكی‌ مه‌ترسیداره‌، به‌تایبه‌ت له‌ وه‌رزی‌ باران باریندا ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌گه‌ری‌ هه‌ره‌سی‌ زیاتری‌ چیاكه‌ ‌و ئاسته‌نگ دروستكردنی‌ هاتوچۆكردن.



تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر