هه‌وڵی دواخستنی دانوستان هه‌یه‌ بۆ دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق‌

10/12/2017

‌ ‌ حكومه‌تی عێراق سه‌باره‌ت به‌ دانوستان له‌گه‌ڵ هه‌رێم راستییه‌كان ئاشكراده‌كات و  ئۆباڵی وه‌ستانی دانوسانه‌كان ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی به‌رپرسانی هه‌رێم و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ 80%ی كێشه‌كان چاره‌سه‌ركرابوون ئه‌گه‌ر هه‌رێم له‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ په‌شیمان نه‌بوونایه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا عێراق له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردندایه‌ و هیچ هێزێك نایه‌وێ به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كورد رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی كه‌مبكاته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌وڵی زۆر هه‌یه‌ دانوستان هه‌ڵبگیرێت بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق.

دوای سێ مانگ، حكومه‌تی عێراق بۆ یه‌كه‌مجار باس له‌ وه‌ستانی دانوستان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ئاماژه‌ به‌ شكستی رێككه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌كانی نێوان سوپای عێراق و پارتی تایبه‌ت به‌ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان ده‌دات.

هه‌ردوو لایه‌نی هه‌رێم و عێراق، له‌ دوای نزیكبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی سوپای عێراق له‌ ده‌روازه‌ی سنوریی فیشخاپوور به‌مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئیتحادییه‌وه‌ ده‌ستیان به‌ دانوستانكرد، به‌ڵام وه‌ك لایه‌نی عێراقی ئاماژه‌ی پێده‌كات به‌رپرسانی هه‌رێم تا ئێستا رازی نین ده‌روازه‌ سنورییه‌كان راده‌ستی به‌غدا بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ به‌ پاشه‌كشه‌ له‌ رێكه‌وتنه‌كان و بێ وه‌فایی له‌ رێككه‌وتن هه‌ژمار ده‌كرێت.

سه‌عد حه‌یسی، وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی راگه‌یاند، عێراق و هه‌رێم له‌سه‌ر له‌سه‌دا هه‌شتای كێشه‌كان رێككه‌وتبوون، له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌، جێگیركردنی هێزی ئیتحادی له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی كه‌ وه‌فدی هه‌رێم گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌روو خۆیان، له‌ سه‌رجه‌م رێككه‌وتنه‌كان په‌شیمان بوونه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ خاڵی سفر و بووه‌ هۆی وه‌ستانی دانوستانه‌كان.

ئێستا، دوای وه‌ستانی دانوستانه‌كان و سه‌ره‌ڕای نه‌رمیی نواندنی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌ڵوێسته‌كانیدا و داننان به‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی سه‌باره‌ت به‌ نا ده‌ستووری بوونی ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێم، به‌ڵام به‌غدا به‌ خه‌مساردییه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كان ده‌ڕوانێت و باكی به‌ هاوار و داواكارییه‌كانی به‌رپرسانی هه‌رێم نیه‌ و هیچ جۆره‌ ئاماده‌ییه‌كیشی بۆ ده‌ستپێكردنی دانوستان نیشان نه‌داوه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نیا باجه‌كه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌یدات نه‌ك هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و ئه‌و به‌رپرسانه‌ی هه‌رێمیان به‌م رۆژگاره‌ گه‌یاند.

ئێستا كه‌ به‌غدا ئه‌و راستییانه‌ ئاشكرا ده‌كات و ئۆباڵی وه‌ستانی دانوستانه‌كان ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم، ئه‌و راستییه‌ باش ده‌زانێت كه‌ خه‌ڵكی كوردستان بوونه‌ته‌ قوربانیی سیاسه‌ته‌ شكستخواردووه‌كانی به‌رپرسان، بۆیه‌ش نایشارنه‌وه‌ كه‌ تۆپه‌كه‌ ئه‌خه‌نه‌وه‌ گۆڕه‌پانی هه‌رێم و ئه‌وانیش نایانه‌وێ به‌ده‌ستی به‌تاڵ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌غدای موفلیس.

ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌و راستییه‌ گه‌یشتوون كه‌ به‌رپرسانی هه‌رێم هێنده‌ی كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی فشاری نێوده‌وڵه‌تی ده‌ده‌ن تا به‌غدا ناچاربكه‌ن به‌ دانوستان، هێنده‌ توانای خۆیان بۆ كۆده‌نگی  و یه‌كڕیزی ناوخۆیی و هه‌وڵی راسته‌قینه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا ناده‌ن.

بابه‌تی دانوستانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌گه‌ڵ هه‌موو ره‌هه‌نده‌ سیاسییه‌كانی و چنینه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵنه‌سه‌نگێنراوی ریفراندۆم، له‌م دۆخه‌دا كه‌ عێراق به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌نگاوده‌نێت، بوه‌ته‌ كاڵایه‌كی باشی بانگه‌شه‌، له‌ ناوه‌نده‌ جه‌ماوه‌رییه‌كاندا به‌ هه‌موو جیاوازییه‌كانیانه‌وه‌، هیچ هێزێك ئاماده‌نییه‌ دان به‌ مافه‌كانی كورددا بنێت و كۆتایی به‌و كێشانه‌ بێنێت، چونكه‌ ئه‌بێت به‌ سازش و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌رئه‌نجامی باشی نابێت بۆ ئه‌و هێزه‌ی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كورددا ده‌كات، هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ هه‌وڵی زۆر هه‌یه‌ كه‌ دانوستان و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ڵبگیرێن بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق كه‌ وابڕیاره‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی پێنجی داهاتوودا بكرێت.



تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر