كه‌ركوك: ده‌رچوونی عێراق له‌ به‌ندی حه‌وت مه‌ترسی بۆ كورد دروست ده‌كات‌

09/12/2017
شاره‌زایه‌كی یاسایی: وه‌زیرێكی كورد هه‌وڵی زۆریدا بۆ ده‌رچوونی عێراق له‌ژێر به‌ندی حه‌وت

‌ ‌ ده‌رچوونی عێراق له‌ژێر به‌ندی حه‌وت مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاینده‌ی كورد له‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌ دابڕێندراوه‌كان دروست ده‌كات ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ڵێت ئه‌و هه‌نگاوه‌ بۆ سیاده‌ی عێراق گرنگه‌ به‌مه‌رجێك له‌دژی كورد به‌كارنه‌هێندرێت، رێكخه‌ری ژووری ناوچه‌ كوردستانیه‌ دابڕێندراوه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ده‌ڵێت ده‌رچوونی عێراق مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد دروست ده‌كات، یاساناسێكیش ده‌ڵێت وه‌زیرێكی كورد هه‌وڵی زۆریدا تا به‌غداد له‌ژێر به‌ندی حه‌وت ده‌ربهێندرێت.

ئه‌گه‌رچی دۆخی عێراق ئاڵۆزه‌ و هیچ گره‌نتیه‌ك بۆ پاراستنی ده‌ستور و مافه‌كانی پێكهاته‌كان نیه‌ به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدای له‌ژێر به‌ندی حه‌وت ده‌رهێنا، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش ئه‌گه‌ر به‌لای هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ جێگه‌ی نیگه‌رانی بێت ئه‌وه‌ بۆ ئه‌و چاره‌نوسی ناوچه‌ كوردستانیه‌ دابڕێندراوه‌كان مه‌ترسیه‌كه‌ گه‌وره‌تره‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ زیاتر له‌ 10 ساڵ به‌سه‌ر دوا واده‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 تێپه‌ڕیوه‌ و ماده‌كه‌ش جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت ئه‌و هه‌نگاوه‌ بۆ سه‌روه‌ری عێراق ده‌سكه‌وتێكی‌ گرنگه‌،  به‌مه‌رجێك له‌ دژی‌ كورد و گه‌ڵانی‌ تری وڵات به‌كارنه‌هێنرێت، رێكخه‌ری‌ ژوری‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانه‌ دابڕێندراوه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش ده‌ڵێت ده‌ستكراوه‌یی به‌غدا به‌رزگاربوونی‌ له‌به‌ندی‌ حه‌وت مه‌ترسی‌ زیاتر له‌سه‌ر ده‌سكه‌وته‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد دروست ده‌كات.

شاره‌زایه‌كی‌ بواری‌ یاساش ده‌ڵێت له‌ رابردودا وه‌زیرێكی‌ كورد به‌بێ وه‌رگرتنی گره‌نتی‌ مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد و هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌وڵی‌ زۆریدا بۆ رزگاركردنی‌ عێراق له‌ به‌ندی‌ حه‌وت، له‌ كاتێكدا كورد ده‌بوو سودی‌ زۆری‌ له‌ مانه‌وه‌ی‌ عێراق له‌ژێر ئه‌و به‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌دا وه‌ربگرتایه‌..

ئه‌و یاساناسه‌ ده‌شڵێت هه‌رێمی كوردستان ده‌یتوانی‌ له‌ روداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ردا له‌و بڕیاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ سودمه‌ند بێت، به‌ڵام ده‌سه‌لاَتدارانی‌ كورد دركیان پێ نه‌كرد..

ده‌رچونی‌ عێراق له‌ژێربه‌ندی‌ حه‌وتی‌ په‌یماننامه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ كاتێكدایه‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان كه‌وتونه‌ته‌وه‌ ژێر كۆنترۆڵی‌ حكومه‌تی‌ عێراق و هه‌ژمونی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌و ناوچانه‌ لاوازبووه‌..



تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر