مانگرتووانی‌ ساڵی‌ 1991 له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی‌ سلێمانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق گردبوونه‌وه‌ ‌

05/12/2017

‌ ‌ له‌ بیست و شه‌شه‌مین ساڵیادی‌ مانگرتنه‌كه‌ی‌  ساڵی‌ 1991 ی‌ باشوری‌ كوردستانی‌، ژماره‌یه‌ك له‌ مانگرتووان له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی‌ سلێمانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق گردبونه‌وه‌ و ڕایانگه‌یاند: هه‌فته‌ی‌ داهاتوو له‌سه‌ر بردنی‌ سامانی‌ نیشتمانی‌ و بڕینی‌ موچه‌ و قوتی‌ خه‌ڵك و شار به‌ده‌ركردنی‌ ده‌نگی‌ ناڕازیی‌، له‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ عێراق سكاڵا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدانی‌ هه‌رێم تۆمارده‌كه‌ن. 

ئه‌مه‌ وێنه‌ی‌ ئه‌و خه‌باته‌ مه‌ده‌نییه‌ بوو كه‌ گه‌لی‌ كورد له‌رێگه‌یه‌وه‌ پێی‌ نایه‌ قۆناغێكی‌ نوێوه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ مافه‌كانی، كۆمه‌ڵی‌ گه‌نجی‌ له‌ خۆبردوو ئازایانه‌ و لێبراوانه‌ ساڵی‌ 1991 ده‌ستیان دایه‌ خه‌باتێكی‌ مه‌ده‌نی بۆ داواكاركردنی‌ مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد، ئه‌ویش مانگرتن بوو له‌ به‌رده‌م باره‌گای‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ سلێمانی‌. 

دوای‌ بیست و شه‌ش ساڵ له‌و خه‌باته‌ مه‌ده‌نییه‌ مانگرتووان ڕایده‌گه‌یه‌نن: جگه‌ له‌ بردنی‌ سامانی‌ نیشتیمانی‌ ئه‌م خاكه‌ و بڕینی‌ موچه‌ و قوتی‌ خه‌ڵك ده‌سه‌ڵاتداران نه‌یانتوانیوه‌ داواكارییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێم جێ به‌جێ بكه‌ن، ده‌شڵێن، له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌م بێباكیانه‌ش هه‌فته‌ی‌ داهاتوو سكاڵای‌ خۆیان ده‌به‌نه‌ به‌رده‌م دادگای‌ فیدراڵی‌ عێراق. 

ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رمانتارانی‌ ئه‌نجومه‌ی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراقیش ده‌ڵێن: سكاڵای‌ مانگرتوانی‌ ساڵی‌ 1991 ده‌به‌نه‌ به‌رده‌م دادگای‌ فیدراڵی‌ عێراق و ده‌بێت جه‌ماوه‌ریش به‌شێك بێت له‌ ڕاستكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتداران و پارێزه‌ران ڕۆڵێكی‌ گرنگ بگێڕن له‌ جوڵاندنی‌ كه‌یسه‌كان. 

مانگرتنی‌ خه‌ڵك و ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ مانگرتنی‌ ساڵی‌ 1991 به‌ پاڵپشتی‌ ته‌واوی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاری‌ 688 بوو سه‌باره‌ت به‌ ئارامكردنه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ كوردستان و بڕیاری‌ 706 كه‌ ڕێگا به‌ عێراق بدرێت نه‌وت بفرۆشێت و ناوچه‌ی‌ ئه‌منی‌ هێڵی‌ دژه‌ فڕینی‌ 36 و 34 بخرێته‌ ژێر چاودێری‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وت بوون كه‌ به‌ خوێنی‌ هه‌زاره‌ها شه‌هید و رۆڵه‌ی‌ ئه‌م نیشتیمنانه‌ هاتنه‌دی‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئێستای‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ نا شاره‌زایانه‌ و بێباكانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ كرد و له‌ ئێستادا هه‌رێمیان گه‌یاندوه‌ته‌ دۆخێك كه‌ پێیان چاره‌سه‌ر ناكرێت.


تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر