به‌غداد له‌ رێگه‌ی میدیاكانه‌وه‌ په‌یام بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت‌

04/12/2017

‌ ‌ دوای به‌سه‌رچوونی چله‌ی رووداوه‌كانی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر، هێشتا به‌غدا له‌ رێگه‌ی كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی و  میدیاكانه‌وه‌ په‌یام بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت و سووره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی خۆی بۆ ده‌ستپێكردنی دانوستان، كه‌ بریتیه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆم و راده‌ستكردنی فڕۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان. له‌ سایه‌ی ئه‌م دۆخه‌شدا ته‌نیا هاوڵاتیانی هه‌رێم باجی ململانێكان ده‌ده‌ن و له‌ دۆخێكی ده‌روونی و ئابوری سه‌ختدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن.

په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، هێشتا له‌ دۆخی متبووندایه‌ و حكومه‌تی به‌غدا ته‌نیا له‌ رێی لێدوانی رۆژنامه‌وانی و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌ په‌یامه‌كانی ئاراسته‌ی هه‌رێم ده‌كات.

سه‌ره‌ڕای ئاماده‌یی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ بۆ كۆتاییهێنان به‌و دۆخه‌ی له‌ دوای ریفراندۆم و رووداوه‌كانی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دروستبووه‌.

ئه‌م دۆخه‌، كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌ دۆخێكی عێراقی ناوده‌برێت، به‌ڵام زیان و لێكه‌وته‌كانی ته‌نیا به‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دیاره‌ و ئه‌وه‌ی باجی سیاسه‌ته‌ شكستخواردووه‌كان و پێشێلكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كان ده‌دات ته‌نیا هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانن.

بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان، به‌غدا جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ داوا ده‌كات هه‌رێم به‌ راشكاوانه‌ دان به‌بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵیدا بنێت سه‌باره‌ت به‌ ناده‌ستوری بوونی ریفراندۆمه‌كه‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ی، چونكه‌ گومانی خۆیان نه‌شاردۆته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ ئاینده‌دا ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم جارێكی تر ئه‌و بابه‌ته‌ گه‌رم بكه‌نه‌وه‌ و وه‌كو كارتی فشار دژی به‌غدا به‌كاری بێنن، بۆیه‌ مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆمیان كردووه‌ به‌ هه‌نگاوی ده‌ستپێكردنی دانوستان و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوای فرۆكه‌ خانه‌كان و داهاتی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان له‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن.

هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ راشكاوی ئه‌ڵێ، ئێمه‌ رێز له‌ بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی ده‌گرین، به‌ڵام دڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا ته‌نیا به‌وه‌ ئاو ناخواته‌وه‌ و ده‌یانه‌وێ له‌ زاری به‌رپرسانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ریفراندۆم ببیستن.

له‌ دوایین هه‌وڵدا بۆ رازیكردنی به‌رپرسانی به‌غدا و ده‌ستپێكردنی دانوستان، سه‌ردانه‌ دوو قۆڵییه‌كه‌ی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو بۆ پاریس، تا په‌یوه‌ندی به‌ عه‌بادییه‌وه‌ بكات.

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، داوایكرد هه‌ردوولا رێز له‌ ده‌ستور و یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق بگرن، نێچیرڤان بارزانیش جارێكی تر دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ رێز له‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی ده‌گرن.

به‌ڵام عه‌بادی و مالیكی به‌ جیا وه‌ڵامی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسایان دایه‌وه‌ و جارێكی تر جه‌ختیان له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی خۆیان كرده‌وه‌،  جگه‌ له‌وه‌ی نوری مالیكی به‌ زمانێكی توندتر له‌وه‌ی عه‌بادی قسه‌ی كرد و رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ بابه‌تێكی ناوخۆیی عێراقییه‌ و كه‌س مافی ده‌ستوه‌ردانی نیه‌. 

له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستانیش، ته‌نیا ئه‌وه‌ به‌دی ناكرێ كه‌ به‌غدا وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی هه‌رێم بۆ ده‌ستپێكردنی دانوستان ناداته‌وه‌، به‌ڵكو بریتییه‌ له‌و نیگه‌رانییه‌ی كه‌ نوێنه‌ری وڵاتانیش له‌ هه‌رێمی كوردستانیان هه‌یه‌، كه‌ بریتییه‌ له‌ نه‌بوونی یه‌كده‌نگی و په‌رته‌وازه‌یی ناوماڵی كورد، چونكه‌ وڵاتان و حكومه‌تی عێراقیش ئه‌و راستییه‌ باش ده‌زانن كه‌ ئه‌گه‌ر به‌م دۆخه‌وه‌ پێشوازی له‌ نوێنه‌رانی كورد بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ پێشوازییان له‌ نوێنه‌ری حزبه‌كانی كوردستان كردبێت نه‌ك دامه‌زراوه‌ نیشتمانی و فه‌رمییه‌كانی هه‌رێم، بۆ ئه‌مه‌ش نه‌یان شاردۆته‌وه‌ كه‌ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان جگه‌ له‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی رابردووی په‌یوه‌ندییه‌ شكستخواردووه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ پێویستی ده‌زانن كه‌ نوێنه‌رایه‌تی داهاتووی خه‌ڵكی كوردستان پێكهاته‌ی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان بێ.


تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر