حكومه‌ت ڕاپۆرتی‌ قه‌یرانه‌كانی‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كان ده‌شارێته‌وه‌ ‌

04/12/2017

‌ ‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، ڕاپۆرتێكی‌ نهێنی‌ لیژنه‌ی‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانه‌كان ناباته‌ ناو كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و  له‌ وه‌زیره‌كانی‌ ده‌شارێته‌وه‌، له‌سه‌ر و به‌ندی‌ ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ی‌ كه‌ به‌رۆكی‌ هاوڵاتیانیشی‌ گرتووه‌، ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ سبه‌ینێدا، گفتوگۆ له‌سه‌ر زیادكردنی‌ باج له‌سه‌ر ماده‌ كحولییه‌كان و ، زیادكردنی‌ كرێی خزمه‌تگوزاری‌ ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌كان ده‌كات.ئه‌وه‌ش  له‌ كاتێكدا له‌ مانگی‌ داهاتووه‌ حكومه‌ت ڕوبه‌ڕوی‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی‌ دارایی ده‌بێته‌وه‌ .

نزیكه‌ی‌ چوار ساڵی‌ ره‌به‌قه‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ دۆخێكی‌ خراپدا ده‌ژین، حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش تادێت قه‌باره‌ی‌ قه‌یرانه‌كان گه‌وره‌تر ده‌كات، رۆژ له‌دوای‌ ڕۆژ ژیانی‌ هاوڵاتیان قورستر ده‌كات .

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ ده‌ست KNN كه‌تووه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌و راپۆرته‌ نهێنیه‌ی‌ كه‌ لیژنه‌ی‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانه‌كان هه‌فته‌ی‌ رابردوو ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ كردبوو ، نایخاته‌ ناوبه‌رنامه‌ی‌ كاری‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ‌و له‌ وه‌زیره‌كانی‌ ده‌شارێته‌وه‌، چونكه‌ به‌شێكی‌ زۆر  ئه‌و راپۆرته‌ باس له‌ داڕمانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ تری‌ حكومه‌ت ده‌كات و  به‌شێكی‌ زۆری‌ ڕاپۆرته‌كه‌ باس له‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ ده‌كات كه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت بۆ هاوڵاتیانی‌ دابین بكات..

كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌وه‌ته‌ی‌ هه‌یه‌ فێری‌ پاری‌ مۆڵی‌ داهاتی‌ نه‌وت بووه‌، ئێستا كه‌مبونه‌وه‌ی‌ ئه‌و بڕه‌ زۆره‌ نه‌وت بۆ  250 هه‌زار به‌رمیل له‌یه‌ك رۆژدا كاریگه‌رییه‌كان له‌ ساڵی‌ نوێوه‌ ده‌رده‌كه‌وه‌ن
هه‌ر به‌پێی ئه‌و زانیارانه‌ی‌ ده‌ست KNN كه‌تووه‌ حكومه‌ت بیری‌ له‌وه‌كردوه‌ته‌وه‌ هه‌موو شتێك وه‌ك موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران بكاته‌ نیوه‌ ‌وچاره‌ك، له‌ هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌مدا بۆ چاره‌سه‌كردنی‌ كێشه‌ی‌ كاره‌با  سیستمی‌ دانانی‌ ئه‌مپێر  ده‌چه‌سپێنێت،كه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ باسی ده‌كات، چونكه‌ ئێستا وێستگه‌كانی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با ڕوبه‌ڕوی‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ بونه‌ته‌وه‌  به‌هۆی‌ دابیننه‌كردنی‌ سوته‌مه‌نییه‌وه‌ ، بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانیش هه‌ر له‌ساڵی‌ نوێوه‌ به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ راپۆرتی‌ نهێنی‌ لیژنه‌ی‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانه‌كان بێت توانای‌ ئه‌و چاره‌كه‌ موچه‌ی‌ نامێنێت بۆیه‌ ئاسان نابێت به‌و 50 رۆژ جاره‌ش موچه‌ بدات..

به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و كێشانه‌ له‌وه‌ سه‌ر چاوه‌ی‌ گرتووه‌ كه‌ تائێستاشی‌ پێوه‌ بێت حكومه‌ت كێشه‌ی‌ پاره‌ی‌ داهاتی‌ نه‌وتی‌ له‌ هاڵك بانك له‌ توركیا چاره‌سه‌رنه‌كردووه‌..
ئه‌م حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌ ئێستا كه‌ سێشه‌ممه‌ی‌ هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ڕێكده‌خات، ته‌نانه‌ت یه‌ك كۆبونه‌وه‌شی بۆ تاوتوێكردنی‌ ژیان ‌و بژێوی‌ هاوڵاتیان ‌و ئه‌و قه‌یرانانه‌ نه‌بووه‌ كه‌ هاوڵاتیانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ی‌ تووشی‌ نه‌هامه‌تی‌ كردووه‌..

بڕوانن كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ رۆژی‌ سێ شه‌ممه‌ی‌ حكومه‌ت له‌بری‌ خه‌می‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ كاربا و موچه‌ و بێ كاریی‌ و ده‌یان كێشه‌ی‌ تر له‌سه‌ر چی حكومه‌ت كۆده‌بێته‌وه‌:


ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی‌ حكومه‌ت له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ ڕۆژی‌ سێ شه‌ممه‌دا  گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ ده‌كات:
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: راپۆرتێكی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی له‌باره‌ی پێداچوونه‌وه‌ به‌ كرێی خزمه‌تگوزاری ساڵانه‌ی ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌كان.
ته‌وه‌ری دووم: راپۆرتێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ باره‌ی وه‌رگیرانی ده‌رچووانی ئاماده‌ییه‌كان له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان بۆ ساڵی خوێندنی 2017 - 2018.
ته‌وه‌ری سێیه‌م: گفتوگۆكردن له‌باره‌ی زیادكردنی باج له‌سه‌ر خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان.
ته‌وه‌ری چواره‌م: دامه‌زراندنی سه‌نته‌ری ده‌ستنیشانكردنی په‌ككه‌وته‌یی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ 
ته‌وه‌ری پێنجه‌م: گفتوگۆی‌ راپۆرتێكی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌رباره‌ی‌ دۆخی خورماتوو و كه‌ركوك و ئاواره‌كان.


هاوڵاتیه‌كی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌ڵێت ... ئه‌م حكومه‌ته‌ ئه‌وه‌نده‌ بێ منه‌ت بووه‌ له‌ژیانی‌ هاوڵاتیه‌كانی‌  ئێستا له‌بری‌ چاره‌سه‌كردنی‌ ئه‌و هه‌موو كێشه‌یه‌ خه‌م ‌و خه‌ون ‌و خه‌یاڵی‌ بوه‌ته‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ چۆن ‌و به‌چی ڕێگایه‌ك پاره‌ په‌یدا بكات ، ئیتر ئه‌و گوێ ناداته‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رێگه‌ی‌ شه‌رعی بێت یان ناشه‌رعی‌ گرنگ ئه‌وه‌ی‌ شتێكی‌ ده‌ستكه‌وێت و درێژه‌ به‌ مانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ بدات..


تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر