دوای‌ دوو مانگ چاوه‌ڕوانی‌ خانه‌نشینانی‌ پێشمه‌رگه‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ شوبات وه‌رده‌گرن ‌

04/12/2017

‌ ‌ دوای‌ دوومانگ له‌ چاوه‌ڕوانی‌ دواجار وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ موچه‌ خانه‌نشینی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ دابه‌ش كرد و له‌ به‌ره‌به‌یانی‌ زوه‌وه‌ به‌سه‌دان پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین له‌به‌رده‌م بنكه‌كان چاوه‌ڕێی‌ وه‌رگرتنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ شوباتن, وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن 14 موچه‌یان لای‌ حكومه‌ته‌و دوومانگیشه‌ بڕی‌ 100 هه‌زار دیناریان لێده‌بڕدرێت, داواش ده‌كه‌ن پاكسازی‌ و چاكسازی‌ له‌ لیستی‌ خانه‌نشینانی‌ سه‌ربایدا بكرێت.

به‌یانی‌ زووه‌ و به‌سه‌دان پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین له‌ چاوه‌ڕوانی‌ وه‌رگرتنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ شوباتدان, به‌شێك له‌وان كه‌ ڕێگایه‌كی‌ دوریان بریوه‌ نازانن موچه‌ی‌ مانگی‌ چه‌ند وه‌رده‌گرن, به‌س ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ 14 موچه‌یان لای‌ حكومه‌ته‌وه‌ تاڕاده‌یه‌كیش ده‌ستیان له‌وه‌رگرتنه‌وه‌ شتووه‌.

وه‌ك به‌شێك له‌و خانه‌نشینانه‌ ده‌ڵێن ماوه‌ی‌ 2 مانگه‌ بڕی‌ 100 هه‌زار دیناریان لێده‌بڕن, كه‌ ده‌رماڵه‌ی‌ مناڵ و خێزانه‌ و ئه‌و بڕیاره‌ش ته‌نها سنوری‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌ گرتوه‌ته‌وه‌و له‌ هه‌ولێر موچه‌كه‌یان به‌بێ‌ بڕین وه‌رده‌گرن.

به‌شێك له‌و پێشمه‌رگه‌ دێرینانه‌ی‌ به‌رپرسیارێتیان له‌ ناو حزب و كۆمه‌ڵه‌كاندا هه‌یه‌ ده‌ڵێن ناعه‌داله‌تی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ ڕاده‌به‌ده‌ر له‌ لیستی‌ خانه‌نشینانی‌ سه‌ربازیدا هه‌یه‌ و داوا ده‌كه‌ن چاكسازی‌ و پاكسازی‌ له‌ لیستی‌ خانه‌نشیناندا بكرێت,  به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتی‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرینه‌ داواده‌كات كادری‌ حزبه‌كان له‌ لیست خانه‌نشینانی‌ سه‌ربازیدا ده‌ربهێنن.

به‌پێی‌ ئاماری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم نزیكه‌ی‌ 230 هه‌زار خانه‌نشین له‌ هه‌رێم موچه‌ وه‌رده‌گرن, له‌و ژماره‌یه‌ 160 هه‌زاریان له‌سه‌رلیستی‌ خانه‌نشینی‌ پێشمه‌رگه‌دان, زیاتر له‌ نیوه‌ی‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ش كادری‌ حزبه‌كانن و له‌كاتی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا خانه‌نشین كراون و پله‌ی‌ جیاوازی‌ سه‌ربازیان پێدراوه‌.


تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر