په‌یامی دكتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر بەبۆنەی بوون به‌ پارێزگاری سلێمانی‌

04/12/2017

‌ ‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌:
په‌یامی پارێزگاری سلێمانی
به‌ناوی خودای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
خه‌ڵكی جوامێرو شكۆمه‌ندی پارێزگای سلێمانی و هه‌رێمی كوردستان و ڕه‌وه‌ندی كوردی..
ئه‌مڕۆ، وه‌ك پارێزگاری سلێمانی، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌نگ و ئیراده‌ی ئێوه‌و هه‌ڵبژاردنه‌كان و متمانه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و دوای ته‌واوبوونی هه‌موو ڕێكاره‌ یاسایی و كارگێڕییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به‌ پشتیوانیی خودا و هیممه‌تی هه‌موولایه‌ك؛ به‌فه‌رمیی وه‌ك خزمه‌تكارو پارێزه‌ری سلێمانی؛ ده‌ستبه‌كاره‌كانمان ده‌كه‌ین.
به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كیی و ستراتیژیی ئێمه‌ ئه‌و هێڵه‌گشتیانه‌ن كه‌ به‌پێی سێكته‌ره‌ جیاجیاكان له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیدا، به‌ كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن په‌سه‌ندكراون، كاری له‌ پێشینه‌مان هه‌وڵدانه‌ بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان و خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان، به‌مه‌به‌ستیی فه‌راهه‌مكردنی ژیانێكی شایه‌نانه‌ بۆ هاووڵاتیانی به‌ڕێزی پارێزگاكه‌مان و چه‌سپاندنی حكومه‌تی هاووڵاتیی و یاساسه‌روه‌ریی له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه‌و به‌رجه‌سته‌كردنی ئارامیی و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تیی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی خه‌ڵك و ستراتیژو ئاسایشی نیشتمانیی كوردستان.
ئامانجمان؛ بایه‌خدانه‌ به‌ پایه‌ و كایه‌ ئابوورییه‌ جۆراوجۆره‌كان، به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی سه‌‌رمایه‌گوزاریی و وه‌به‌رهێنانه‌ نیشتمانیی و بیانیه‌كان و دروستكردنی ده‌رفه‌ت و هه‌لی كارو بوژاندنه‌وه‌ی بازاڕ، دوور له‌ هه‌ر جیاكارییه‌كی حیزبیی و سیاسیی.
به‌پشتبه‌ستن به‌ خۆتان، به‌ زانایی و به‌ئه‌زمونتان، به‌ڕاوێژو پڕۆژه‌و ئامۆژگارییه‌كانتان، به‌ به‌شداریكردنتان له‌ گه‌ڵاڵه‌كردنی به‌رنامه‌و بڕیاره‌كانماندا، كارده‌كه‌ین و ده‌خوازین له‌ڕێی هه‌ماهه‌نگیی و به‌شداریی ته‌واوكارییانه‌ی هه‌موو لایه‌كه‌وه‌، به‌تایبه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و ناوه‌نده‌ زانكۆیی و ئه‌كادیمییه‌كان و كه‌رتی تایبه‌ت و ڕه‌وه‌ندی كوردیی و دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان و ڕێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان و مێدیاو ئه‌نجومه‌نی گه‌ڕه‌كه‌كان و ده‌سته‌بژێرو ئه‌زمونگه‌رانی پارێزگاكه‌مانه‌وه‌، بنیاتی حكومه‌تێكی خۆجێیی ڕاسته‌قینه‌ بنێین، كه‌ توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داخوازییه‌كانی خه‌ڵكی پارێزگاكه‌مانی هه‌بێت و سود له‌ ده‌رفه‌ته‌كان وه‌ربگرێت و ڕوبه‌ڕوی ئالنگارییه‌كان بێته‌وه‌، زه‌مینه‌ی لێبورده‌یی و یه‌كترقبوڵكردن و یه‌كترته‌واوكردن و پێكه‌وه‌كاركردن و كرانه‌وه‌ی زیاترو خۆنه‌ویستیی و كاری خۆبه‌خشیی و كۆكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كان؛ بڕه‌خسێنێت، ڕایه‌ڵه‌كانی ته‌ونی كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌هێزبكات و كارلێكه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ پۆزه‌تیڤ و ڕه‌نگاڵه‌ییه‌كان كاراتربكات، كه‌لتورو ڕۆشنبیریی و هونه‌رو به‌هامرۆیی و ڕۆحییه‌كان باڵاتربكات، ڕه‌فاهییه‌ت بخوڵقێنێت و سودو سه‌روه‌ریی گشتیی و ئاماده‌یی و شكۆی تاك زیاتر بكات، پێداویستییه‌كانی ئێستا دابینبكات و له‌ بیری نه‌وه‌كانی داهاتووماندا بێت و ململانێی نه‌وه‌كان بۆ یه‌كترته‌واوكردنی نه‌واوه‌كان بگۆڕێت و گۆڕانی ئه‌رێنیی بێنێته‌كایه‌وه‌، ده‌رفه‌تی به‌شداریكردنی هاوبه‌ش و یه‌كسان بڕه‌خسێنێت، پڕۆژه‌ی نوێ بێنێته‌كایه‌وه‌، له‌ خه‌می پاراستنی سه‌رمایه‌ مرۆیی و مه‌ده‌نیی و ماڵیی و ژینگه‌ییه‌كاندا بێت.
پێشنیازو به‌رنامه‌ی هه‌ماهه‌نگیی و كاركردنی هاوبه‌ش و ڕاوێژكارییانه‌ی نێوان پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانمان ڕاگه‌یاندووه‌و له‌ هه‌وڵی په‌ره‌پێدانیدا ده‌بین و به‌سوپاسه‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌موو پارێزگاكانه‌وه‌ پێشوازیلێكراوه‌.
به‌ وره‌ی پێشمه‌رگه‌ نه‌به‌زه‌كانمان و به‌ گیانی قوربانیدانی شه‌هیده‌ نه‌مره‌كانمان خزمه‌ت و خه‌باتی یاسایی و كارگێڕیی و ئابوریی و مه‌ده‌نیی و دامه‌زراوه‌یی ده‌كه‌ین، ڕاستییه‌كانتان ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ست، درۆتان له‌گه‌ڵ ناكه‌ین، خیانه‌ت له‌ ئه‌مانه‌ت ناكه‌ین و سامان و داهاتی ئه‌م وڵاته‌ ده‌پارێزین، كار بۆ باشتكردنی هه‌موو كه‌رته‌كان و له‌ پێش هه‌موشیانه‌وه‌ ژیان و بژێویی و ده‌ره‌تان و په‌روه‌رده‌و فێركردن و ته‌ندروستیی و خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان ده‌كه‌ین.
چاوه‌ڕێی پشتیوانیی و به‌شداریی و هاوكاریتانین، چاوه‌ڕوانین ده‌نگی بڵندو بوێرتان بگۆڕن به‌ ڕه‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی كاری هاوبه‌ش و سه‌رخستنی حكومه‌تی خه‌ڵك و به‌شداربن له‌ پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌و پێشنیازو پڕۆژه‌و له‌ چاودێریكردن و لێپرسینه‌وه‌مان.
شادو سه‌ربه‌رزو سه‌ركه‌وتوو بن..
خودا پشتوپه‌نای هه‌موومان بێت..
د. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر/ پارێزگاری سلێمانی
4/12/2017


تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر