ده‌ربه‌ندیخان: ترسی بومه‌له‌رزه‌ لای هاوڵاتیان ناڕه‌وێته‌وه‌‌

21/11/2017

‌ ‌ له‌دوای نزیكه‌ی 10 ڕۆژ له‌ ڕوودانی بومه‌له‌رزه‌كه‌، هێشتا چه‌ندین خێزان له‌ قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان به‌هۆی ترس و دڵه‌ڕاوكێ و مه‌ترسی‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی بومه‌له‌رزه‌ و ڕووخانی خانوه‌كانیان له‌سه‌ر شه‌قام و كۆڵانه‌كان به‌ده‌رونێكی نا ئارامه‌وه‌ ڕۆژده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌و خێزانانه‌ ده‌ڵێن: هێشتا پێداویسته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیان بۆ دابیننه‌كراوه‌. توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تیش پێدانی ڕێنمایی ده‌رونی بۆ هێوربونه‌وه‌ی دۆخی‌ ناجێگیری ئه‌و خێزانانه‌ به‌ گرنگ ده‌زانێت.

كاتژمێر 10ی شه‌وه‌, پله‌كانی گه‌رما به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیون, له‌ هه‌ر كوچه‌ و كۆڵانێكی ده‌ربه‌ندیخاندا ده‌ڕۆیت, چه‌ندین خێزان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كانیان ماونه‌ته‌وه‌, هێشتا ترس و دڵه‌ ڕاوكێی ئه‌و بومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو قه‌زاكه‌یانی گرته‌وه‌, له‌ دڵی خه‌ڵكی ده‌ربه‌ندیخاندا ماوه‌, ناوه‌ ناوه‌ش دوباره‌ بونه‌وه‌ی بومه‌له‌رزه‌ به‌ گوڕی جیا جیا, ئه‌و ترس و دڵه‌ ڕاوكێیه‌ له‌ نێو هاوڵاتیانی ده‌ربه‌ندیخان تازه‌ ده‌كاته‌وه‌.

له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كانیانن, زیاتر له‌ هه‌موان, منداڵان به‌م دۆخه‌ نیگه‌رانتر ده‌بینرێن,به‌شێكی زۆر له‌و خێزانانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كانیان ده‌مێننه‌وه‌, پێداویسته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیشیان بۆ دابیننه‌كراوه‌.

جگه‌ له‌و زیانه‌ زۆره‌ی بومه‌له‌رزه‌ به‌ به‌شێكی زۆری هاوڵاتیانی ده‌ربه‌ندیخانی گه‌یاندوه‌, ده‌رونی هاوڵاتیانی قه‌زاكه‌ی به‌شێوه‌ی  نائارامی و ناجێگیر هێشتۆته‌وه‌,به‌ بڕوای توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی,له‌ئێستاداپێدانی ڕێنمایی پێویست به‌هاوڵاتیانی ده‌ربه‌ندیخان, بۆ هێوربونه‌وه‌ی ده‌رونی ناجێگیریان, له‌لایه‌ن تیمی پزیشكی ده‌رونیه‌وه‌, زۆر گرنگه‌.

زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌و بومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت, كه‌ سنوری قه‌زای ده‌ربه‌ندیخانی گرته‌وه‌, تا ئێستا دۆخ و ژیانی هاوڵاتیانی قه‌زاكه‌ ئاسایی نه‌بوه‌ته‌وه‌, حكومه‌تیش بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی ژیانی هاوڵاتیانی لێقه‌وماو زیانلێكه‌وتوی قه‌زاكه‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌.


تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر