كه‌ركوك: ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا له‌ دوای‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامدا‌

21/11/2017

‌ ‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌دوای‌ رووداوه‌كانی‌ 16 ئۆكتۆبه‌ر له‌ شاری‌ كه‌ركوك ئه‌نجامدرا. 

له‌ كۆی‌ 41 ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا 22  ئه‌ندام به‌شداربوون و مه‌رجی‌ سه‌ره‌كی‌ كوتله‌كانی‌ عه‌ره‌ب و توركمانیش بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌ن، وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا و رێگری‌ له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكه‌. 

هه‌رسێ پێكهاته‌ی‌ توركمان و عه‌ره‌ب و لیستی‌ برایه‌تی‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌ر له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر هه‌ر  پرسێك له‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ داهاتوودا, پێشتر رێككه‌وتنیان له‌باره‌وه‌ بكرێت. 

دواجار هه‌وڵه‌كانی‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ سه‌ركه‌وتوبون و ئه‌مڕۆ به‌بێ‌ ئاماده‌بوونی‌ رێبوار تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن به‌وه‌كاله‌ت و 12 ئه‌ندامی‌ لیستی‌ برایه‌تی‌، نیوه‌ی‌ لیستی‌ برایه‌تی‌ و كوتله‌كانی‌ عه‌ره‌ب و توركمان به‌چه‌ند مه‌رجێك كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكیان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ بڕیارده‌ری‌ ئه‌نجومه‌ن ئه‌نجامدا كه‌ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی‌ دوای‌ روداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ره‌ و بڕیاره‌ له‌ماوه‌ی‌ 10 رۆژی‌ داهاتوودا جارێكی‌ دیكه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كۆببێته‌وه‌.

مه‌رجی‌ كوتله‌كانی‌ عه‌ره‌ب و توركمان بۆ كاراكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌ 3 خاڵی‌ سه‌ره‌كیدا خۆی‌ ده‌بینیه‌وه‌، كه‌ گرنگترینیان له‌سه‌ركار لابردنی‌ رێبوار تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن به‌وه‌كاله‌ت و ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراقه‌وه‌.

له‌ كۆی‌ 41 ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك 22  ئه‌ندام له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌شداربون ، پرسی‌ دانانی‌ سه‌رۆكێكی‌ نوێ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك كه‌ وه‌ك پشكی‌ توركمان دیاریكراوه‌، هاوكات دانانی‌ پارێزگارێكی‌ نوێ بۆ كه‌ركوك كه‌ پشكی‌ كورده‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ داهاتوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگادا گفتوگۆ و بڕیاریان له‌باره‌وه‌ بدرێت، هه‌رسێ پێكهاته‌كه‌ش رێككه‌وتون كه‌ به‌ر له‌گفتوگۆكردنی‌ هه‌ر یه‌ك له‌و پرسانه‌ له‌كۆبونه‌وه‌كانی‌ داهاتودا پێشتر رێككه‌وتنیان له‌باره‌وه‌ بكرێت.


تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر