له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا شاره‌وانی‌ هه‌ولێر زیاتر له‌ 200 دوكان و عه‌ره‌بانه‌ی‌ كاسبكارانی‌ تێكشكاند‌

19/11/2017

‌ ‌ له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا شاره‌وانی‌ هه‌ولێر زیاتر له‌ 200 دوكان و عه‌ره‌بانه‌ی‌ كاسبكارانی‌ تێكشكاند , به‌شێك له‌و كاسبكاره‌كانه‌ ده‌ڵێن: حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێ بژێوی خه‌ڵك دابین بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێ رێگه‌ بدات خه‌ڵك كار بۆ خۆی بكات.

پێشمه‌رگه‌یه‌یكش رایده‌گه‌یه‌نێت به‌هۆی‌ نه‌بونی‌ موچه‌وه‌ ناچار بوه‌ كاری‌ كۆنه‌ فرۆشی‌ له‌سه‌ر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ بكات كه‌ شاره‌وانی‌ تێكیشكاند.

ئه‌مه‌ بازاڕی‌ كۆنه‌فرۆشانی‌ هه‌ولێره‌، كه‌ بوه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی‌ كاری‌ سه‌دان كه‌س و لێره‌دا به‌ عاره‌بانه‌كانیان  رۆژانه‌ بژێوی‌ خێزانه‌كانیانی‌ پێ دابینده‌كه‌ن..

شاره‌وانی ٤ی هه‌ولێر له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا بۆ سه‌ر بازاڕی‌ كۆنه‌فرۆشان چه‌ندین دوكانی‌ هاوڵاتیانی‌ روخاند و ژماره‌یه‌ك عاره‌بانه‌ی‌ ئه‌و كاسبكارانه‌شی‌ تێكشكاند كه‌ به‌شێكیان فه‌رمانبه‌رن و  به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ دارایی و سیستمی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌كه‌ كاری‌ تر ده‌كه‌ن..

محه‌مه‌د عه‌بدوڵا، پێشمه‌رگه‌یه‌ و كرێچییه‌ و  به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ موچه‌وه‌ ناچاربووه‌ له‌سه‌ر عاره‌بانه‌یه‌ك له‌م بازاڕی‌ كۆنه‌ فرۆشانه‌ كاربكات، ئێستا له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه‌ عه‌ره‌بانه‌كه‌ی‌ شكێنراوه‌ و بۆ KNN باسی گوزه‌رانی خۆی و خێزانی ده‌كات.

به‌شێك له‌ كاسبكاره‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ گوزه‌رانیان له‌سه‌ر ئه‌م دوكان و عه‌ره‌بانانه‌یه‌ ڕۆژانه‌ بڕێكی كه‌می داهاتیان هه‌بوو ده‌ڵێن حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ ناتوانێت گوزارنی‌ خه‌ڵك باش بكات، با رێگه‌ بدات خه‌ڵك خۆی‌ كار بكات و بژێوی‌ خێزانه‌كانیان دابین بكه‌ن.

شاره‌وانی چواری هه‌ولێر ده‌ڵێت ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌یان بۆ نه‌هێشتنی زیاده‌ڕۆیی ئه‌نجامداوه‌ و  له‌هه‌مان كاتیشدا كارده‌كه‌ن  بۆئه‌وه‌ی بتوانن شوێنێكی كاركردن بۆ كاسبكاران ته‌رخانبكه‌ن.

قه‌یرانه‌ دروستكراوه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ ته‌نگی‌ به‌ هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان هه‌ڵچنیوه‌ و رۆژ به‌رۆژ دۆخی‌ ژیانیان قورستر ده‌بێت و ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش له‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردودا پلانیان بۆ روبه‌ڕبونه‌وه‌ی‌ هیچ دۆخێك نه‌بووه‌و ئێستاش له‌ ئاست چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كاندا لاوازن و لانیكه‌م به‌رپرسیارێتییان نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ داوای‌ لێبوردن بكه‌ن و ده‌ستله‌كاربكێشنه‌وه‌..



تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر