چه‌مچه‌ماڵ: بومه‌له‌رزه‌ زیانی به‌ نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید پێشڕه‌و گه‌یاندووه‌‌

19/11/2017

‌ ‌ سه‌ره‌ڕای‌ هه‌بوونی‌ مه‌ترسی پێشتری‌ روخان له‌سه‌ری‌، بومه‌له‌رزه‌كه‌ی 12ی ئه‌م مانگه‌ش له‌ چه‌مچه‌ماڵ زیانی به‌ نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید پێشڕه‌و گه‌یاندووه‌..

كاریگه‌رییه‌كانیش به‌جۆرێكه‌ كه‌ مه‌ترسی داڕمانی  له‌ چه‌ند به‌شێكی‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌دا دروستكردوه‌ و حكومه‌تیش جگه‌ له‌ پێكهێنانی لیژنه‌، هیچ هه‌نگاوێكی تری نه‌ناوه‌.

ئێره‌ نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید پێشڕه‌وه‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ كه‌ ماوه‌ی 40 ساڵه‌ دروستكراوه‌و ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ پێویستی زۆری به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر نه‌كراوه‌، به‌ڵكو كاریگه‌ری بومه‌له‌رزه‌كه‌ی 12ی ئه‌م مانگه‌شی هاته‌سه‌ر، به‌جۆرێك هۆڵه‌كانی‌ پیاوان و ژنان و چاره‌سه‌ری‌ سروشتی‌ له‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌دا زیانی‌ زۆریان به‌ركه‌وتووه‌ و مه‌ترسی‌ ڕوخانیان لێده‌كرێت.

به‌شێك له‌هاوڵاتیانی سنوره‌ كه‌ ده‌ڵێن: هێشتا به‌ڵێنه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2013دا بیر نه‌چووه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی 50 قه‌ره‌وێڵه‌یی‌و ده‌ڵێن: حكومه‌ت متمانه‌ی‌ له‌ده‌ستداوه‌.

حكومه‌ت له‌دوای هه‌موو رووداوه‌كانه‌وه‌ لیژنه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ پێكده‌هێنێت، بۆ زیانه‌كانی ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ش لیژنه‌یه‌كی پێكهێناوه‌، ڕه‌نگه‌ پێش به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی حكومه‌ت، ئه‌م نه‌خۆشخانه‌ 40 ساڵیه‌ بڕوخێت یان چۆڵ بكرێت كه‌ته‌واوی‌ دانیشتونی‌ قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵ و ده‌وروبه‌ری‌ چاویان له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌. 


تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر