مه‌سعود حه‌یده‌ر: حكومه‌تی عێراق مه‌رجی هه‌یه‌ بۆ ناردنی بودجه‌ی هه‌رێم‌

14/11/2017

‌ ‌ ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت حكومه‌تی فیدراڵی  بۆ ناردنی مووچه‌ و بودجه‌ی هه‌رێم مه‌رجی هه‌یه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ راده‌ستكردنی‌ سه‌رجه‌م داهاته‌كانی كوردستان به‌ به‌غداد. 

تا زیاتر كاتی‌ ناردنی‌ پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2018 له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران نزیكببێته‌وه‌، بۆچوون و لێكدانه‌وه‌ی‌ نوێ بۆ نه‌خشه‌ڕێگه‌ی ئابوری و پلانی دارایی ئاشكرا ده‌بن، پێده‌چێت له‌ درێژه‌كێشانی خولێكی‌ تری ململانێكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد جارێكی تر فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆرانی هه‌رێم و گه‌شه‌ی ئابوری كوردستان ببێته‌وه‌ قوربانی، مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند ،  به‌غداد مه‌رجی هه‌یه‌ بۆ ناردنی موچه‌ و بودجه‌ی هه‌رێم و ده‌ڵێت ده‌بێت ته‌واوی داهاتی نه‌وت و ناوخۆ راده‌ستی‌ به‌غداد بكرێت، ئه‌گه‌رنا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان نانێرن..

خه‌ڵكی كوردستان سێ ساڵه‌ باجی پرۆژه‌یه‌كی شكستخواردووی هه‌رێم ده‌دات كه‌ ناونرابوو ئابوری سه‌ربه‌خۆ، كه‌چی ئه‌م ئه‌ندامه‌ كورده‌ی  ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ڵێت هه‌رێم ئێستا باسی ئابوری سه‌ربه‌خۆ ناكات و ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غداد و كێشه‌ داراییه‌كانی له‌وێ چاره‌سه‌ر بكات.

عه‌بدولقادر محه‌مه‌د وتیشی ده‌ستكاریكردنی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ده‌بێت و ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئێستاش له‌ پشكی هه‌رێم سیاسیه‌.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایه‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌ت له‌ رابردوودا شكستی به‌ گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد هێنا ئه‌وه‌ش به‌هۆی به‌رژوه‌ندی چه‌ند كه‌سێك و درێژه‌دان به‌ بردنی قوتی خه‌ڵك و  گه‌نده‌ڵی و به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر سیاسه‌تی برسیكردن و فرۆشتنی نه‌وت به‌ ناشه‌فافی، هه‌ر ئه‌م كابینه‌یه‌ دوای ساڵانێك بانگه‌شه‌ بۆ ئابوری سه‌ربه‌خۆ ئێستا ده‌یه‌وێت له‌ به‌رامبه‌ر پشكی هه‌رێمدا ته‌واوی داهاته‌كان راده‌ست بكاته‌وه‌ بۆیه‌ ناكرێت جارێكی تر ئابوری و قوت و بژێوی خه‌ڵك و ئاینده‌ی دارایی كوردستان بخرێته‌وه‌ به‌رده‌ستی ئه‌م حكومه‌ته‌.



تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر