ئێران: رۆحانی‌ زۆری‌ زه‌ره‌رو زیانه‌كانی‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خراپی‌ كواڵیتی‌ باڵه‌خانه‌كان‌

14/11/2017

‌ ‌ حه‌سه‌ن رۆحانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ ئێران زۆری‌ زه‌ره‌رو زیانه‌كانی‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ی‌ پارێزگای‌ كرماشان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ كه‌موكوڕی‌ و نه‌بوونی‌ كواڵیتی‌ له‌دروستكردنی‌ باڵه‌خانه‌كاندا.

حه‌سه‌ن رۆحانی‌ له‌ وته‌یه‌كدا له‌میانی‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی‌ شارۆچكه‌ی‌ سه‌رپێڵی‌ زه‌هاو، ئاماژه‌ی‌ به‌ كه‌موكوڕی‌ له‌ باڵه‌خانه‌كاندا كردو به‌هۆكارێكی‌ سه‌ره‌كی‌ زۆری‌ زیانه‌كانی‌ له‌قه‌ڵه‌م دا.

زۆربه‌ی‌ ئه‌و باڵه‌خانانه‌ی‌ له‌ سه‌رپێڵی‌ زه‌هاو زه‌ره‌رمه‌ند بوون به‌شێكن له‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ نیشته‌جێبوون به‌ناوی‌ میهر كه‌ له‌سه‌رده‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌رۆك كۆماری‌ پێشووی‌ ئێران دروستكراون كه‌ بۆ كه‌سانی‌ كه‌مده‌رامه‌ت ‌و  چینی‌ مامناوه‌ند به‌ نرخێكی‌ هه‌رزان دروستكراون.

له‌ چوارچێوه‌ی‌ پرۆژه‌یه‌كدا كه‌ ناوی‌ میهره‌ و مانای‌ سۆز ده‌گه‌یه‌نێت، نزیكه‌ی‌ 2 ملیۆن یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبون له‌ ئێران دروستكراون ‌و سه‌دان یه‌كه‌شیان به‌ر شارۆچكه‌ی‌ سه‌رپێڵی‌ زه‌هاو كه‌وتوون.

هاوڵاتیه‌كی زیانلێكه‌وتوو وتی؛ له‌سه‌رده‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ مه‌حمود ئه‌حمه‌دینه‌ژاد 20 ملیۆن تومه‌نیان له‌ ئێمه‌ وه‌رگرت‌و به‌ڵێنیان پێداین كه‌ شوقه‌یه‌كمان بۆ دروست بكه‌ین. ئێمه‌ سوپاسی‌ خوامان كرد كه‌ بوینه‌ خاوه‌نی‌ خانوی‌ خۆمان. ئێستا له‌ ره‌وشێكی‌ خراپداین. ئه‌و هه‌مو پاره‌یه‌مان له‌كیس چو كه‌ هه‌مان بو ئێستا خاوه‌نی‌ هیچ نین.

هه‌روه‌ها یه‌كێكی دیكه‌ له‌ زیانلێكه‌وتوه‌كان وتی؛ كۆكردنه‌وه‌ی‌ خۆڵ‌و خاشاك تازه‌ ده‌ستپێكردوه‌و هێشتا ته‌واو نه‌بوه‌. پلاسكۆ كه‌ مانگی‌ یه‌كی‌ 2017 له‌تاران هه‌ره‌سیهێنا دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ گڕی‌ گرت  ته‌نیا یه‌ك باڵه‌خانه‌ بو یه‌ك مانگی‌ پێچو تا پاككرایه‌وه‌. چۆن ده‌كرێت ئه‌و كاره‌ له‌شارۆچكه‌یه‌ك كه‌ هه‌زاران خه‌ڵك‌و خێزانی‌ تێدایه‌ به‌و خێراییه‌ ته‌واو ببێت؟


تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر