دوای‌ 48 كاتژمێر له‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت سه‌ردانی‌ ده‌ربه‌ندیخانیان كرد‌

14/11/2017

‌ ‌ تادێت زیانه‌ مادییه‌كانی‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌ سنوری‌ ده‌ربه‌ندیخان ‌و گه‌رمیان زیاتر به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت، هاوڵاتیانی‌ زیانلێكه‌وتوو داوای‌ به‌ هاناوه‌چوون و قه‌ره‌بوو له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن، پێنج خوێندنگه‌ش به‌ كه‌ڵكی‌ خوێندن نه‌ماوه‌ و ده‌بێت چۆڵبكرێن، به‌رپرسانی‌ حكومه‌تیش له‌ دوای‌ 48 كاتژمێر سه‌ردانی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن و هیچ شتێكیان بۆ قه‌ره‌بوونكردنه‌وه‌ی‌ زیانلێكه‌وتووان پێنه‌بوو.

له‌ وڵاتان كاتێك بومه‌له‌رزه‌ یان هه‌ر ڕووداوێكی‌ سروشتی ڕووده‌دات حكومه‌ت باوه‌ش بۆ قوربانیه‌كان ده‌كاته‌وه‌‌و لانه‌ بۆ بێنه‌وایان دابینده‌كات ‌و له‌رێگه‌ی‌ قه‌ره‌بوی‌ مادیشه‌وه‌ ئازاری‌ سه‌ر دڵی‌ هاوڵاتیانی‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام لێره‌ حكومه‌ت به‌ ده‌ستی‌ به‌تاڵ دێت ‌و به‌ كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنی‌ بێ‌ كرداره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ دیمه‌نی‌ خانوی‌ هاوڵاتیانی‌ ده‌ربه‌ندیخانه‌ كه‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ی‌ شه‌وی‌ یه‌كشه‌ممه‌ وایلێكردون ژیان تێیاندا ئه‌سته‌م بێت، سه‌دان هاوڵاتی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ یان له‌ ماڵانی‌ دیكه‌ ده‌ژین و ناوێران بگه‌ڕێنه‌وه‌ نێو ماڵه‌كانی‌ خۆیان. 

ئه‌مه‌ش دیمه‌نی‌ دوكانی‌ شوشه‌ فرۆشتنی‌ چه‌ند كاسبكارێكی‌ گه‌رمیانه‌ كه‌ به‌هۆی‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ زیانی‌ گه‌وره‌یان به‌ركه‌وتووه‌،  ره‌نگه‌ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌مانیش له‌ حكومه‌ت بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ هیچی‌ لێ‌ سه‌وز نه‌بێت و كاره‌كه‌ ده‌درێته‌ ده‌ست لیژنه‌ ‌و ئیداره‌ی‌ گه‌رمیانیش بۆ سه‌روی‌ خۆی‌ به‌رزی‌ ده‌كاته‌وه‌.

كه‌رتی‌ په‌روه‌رده‌‌و ته‌ندروستی‌ شاره‌كه‌ش زیانی‌ گه‌وره‌یان به‌ركه‌وتووه‌، به‌هۆی‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ پێنج بینای‌ خوێندنگه‌ له‌ ده‌ربه‌ندیخان به‌ كه‌ڵكی‌ خوێندن نه‌ماون و ده‌بێت چۆڵدبكرێن،  12 خوێنگه‌ی‌ دیكه‌ش پێویستیان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌ ‌و 15 حوێندنگه‌ش ده‌بێت پاكبكرێنه‌وه‌، مه‌ڵبه‌ندی ته‌ندروستی شه‌هید حه‌مید و نه‌خۆشخانه‌ی گشتی شه‌هید تۆفیقیش داخراون.

ده‌ربه‌ندیخان روبه‌ڕووی‌ كاره‌ساتێكی‌ سروشتی‌ بوه‌وه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت له‌ دوای‌ 48 كاتژمێر به‌ كاروانی‌ ئۆتۆمبێلی‌ گرانبه‌ها‌و به‌ده‌ستی‌ به‌تاڵ سه‌ردانی‌ شاره‌كه‌یان كرد، ته‌نها به‌ڵێنیان پێبوو بۆ دابینكردنی‌ بودجه‌یه‌ك بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌ زیانلێكه‌وتوه‌كان، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ خه‌ڵكه‌ لێقه‌وماوه‌كه‌ بڵێن كه‌ی‌ ‌و چۆن قه‌ره‌بویان ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌م حكومه‌ته‌ كه‌ سێ‌ ساڵه‌ شكست ده‌داته‌ ده‌ست شكست، وه‌ك سالار مه‌حمودی‌ په‌رله‌مانتاری‌ ده‌ڵێت:  نابێت هیچ كه‌سێك چاوه‌ڕێی قه‌ره‌بووی‌ لێبكات چونكه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ هه‌موو سه‌رمایه‌ی مادیی و مه‌عنه‌وی ئه‌م هه‌رێمه‌ی شكستپێهێناوه‌.

پێناچێت خه‌ڵكی‌ لێقه‌وماوی‌ ده‌ربه‌ندیخان به‌دیار به‌ڵێنه‌ بێ‌ كرداره‌كانی‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌ته‌وه‌ دانیشن، دوای‌ نیشتنه‌وه‌ی‌ ته‌پوتۆزی‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ به‌ ره‌نج ‌و گیرفانی‌ خۆیان شان ده‌ده‌نه‌وه‌ به‌ر ژیان، ئه‌وان ‌و خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش ئه‌زمونیان هه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ حكومڕانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌كه‌ن له‌و كاتانه‌ی‌ پاره‌ ده‌ڕژایه‌ وڵاته‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردندا كۆڵه‌وار ‌و بێ‌ پلان بوون، له‌كاتی‌ كاره‌سات ‌و ڕووداوه‌ سروشتییه‌كاندا زیاتر بیمار و ده‌ست و پێ‌ سپین.



تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر