دایكی شێركۆ بێكه‌س كۆچی دوایی كرد‌

14/11/2017

‌ ‌ بەیانی ئەمڕۆ، لە وڵاتی ئەمریكا، خاتو شه‌فیقه‌ سه‌عید، له‌ ته‌مه‌نی 99 ساڵیدا، دایكی شاعیری كۆچكردوو شێركۆ بێكەس و خێزانی شاعیری نیشتمانی فایەق بێكەس كۆچی دواییكرد.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی به‌ KNNC گه‌یشتون، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، شه‌فیقه‌ سه‌عیدی وه‌ستا حه‌سه‌ن، هاوسه‌ری شاعیری نه‌ته‌وه‌یی فایه‌ق بێكه‌س و دایكی شاعیری كۆچكردوو و دامەزرێنەرەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم شێركۆ بێكەس لە وڵاتی ئەمریكا كۆچی دواییكرد و بڕیاره‌ ته‌رمه‌كه‌ی بهێنرێته‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی.

شێركۆ بێكه‌س له‌چه‌ندین بڕگه‌ی شیعریدا، باسی شه‌فیقه‌ سه‌عید ده‌كات و سۆز و خۆشه‌ویستی خۆی بۆ ده‌ربڕیوه‌، لێره‌دا یه‌كێك له‌و شیعرانه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو:

ئه‌و ده‌سماڵه‌ی كه‌ دایكم ئه‌یدا به‌ شانیا 
وێنه‌ی بێچووه‌ بولبولێكی شینی تیا بوو
گه‌ر دایكم دڵی خۆش بووایه ئه‌و ئه‌یخوێند و گه‌ر بگریایه
بێده‌نگ ئه‌بوو
شه‌وێكیان دایكم نه‌خۆش بوو
 ده‌سماڵ چرچ و
 بولبوله‌كه‌ش له‌ لۆچێكدا ڕه‌نگی زه‌رد و كڕ كڕ بووبوو 


شعرێكی هه‌ڵۆ شێركۆ بێكه‌س بۆ كۆچی دوایی شه‌فیقه‌ سه‌عید:
له‌وێ مردیی و
غه‌ریبیمت، غه‌ریبتر کرد و
ته‌نیایمت، ته‌نیاتر کرد و
بێکه‌سیمت، بێکه‌ستر کرد!
له‌وێ مردیی جانی جانان!
*کۆچی دوایی نه‌نکم "شه‌فیقه‌ سه‌عید" / دایکی باوکم "شێرکۆ بێکه‌س"
له‌ ئه‌مریکا له‌ته‌مه‌نی ۹۹ ساڵیدا......

پەیجی هەڵۆی شێرکۆ بێکەس






تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر