بومه‌له‌رزه‌كه‌ی‌ هه‌رێم‌

13/11/2017

‌ ‌ جیاواز له‌ ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌ ده‌ربه‌ندیخان زیانی‌ گیانی‌ ‌و مادی‌ زۆری‌ لێكه‌وته‌وه‌، پێنج كه‌س مردن ‌و 70 دیكه‌ش برینداربوون، به‌نداوی‌ ده‌ربه‌ندیخانیش زیانی‌ به‌ركه‌وت و له‌چه‌ند لایه‌كه‌وه‌ درزی‌ بردوه‌.

كاتژمێر 9:18 خوله‌كی شه‌وی رابردوو، بومه‌له‌رزه‌یه‌ك هه‌رێمی كوردستانی هه‌ژاند، جیاواز له‌ شوێنه‌كانی تر قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان به‌شێوه‌یه‌كی قورس كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ری‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ و له‌ماوه‌ی چه‌ند چركه‌یه‌كدا هێنده‌ی نه‌مابوو ژیانی ئاسایی شاره‌كه‌ بگۆڕێت بۆ كاره‌سات.

ئه‌مه‌ دیمه‌نی كامێرای چاودێری سه‌ر به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانه‌، وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، تاشه‌ به‌ردی گه‌وره‌ له‌ شاخه‌كانه‌وه‌ به‌رده‌بنه‌وه‌ و چه‌ند كه‌سێكیش به‌ چه‌ند چركه‌یه‌ك رزگاریان ده‌بێت.

شه‌وی رابردوو بۆ ئه‌م هاوڵاتیه‌‌و خه‌ڵكی ده‌ربه‌ندیخان، شه‌وێكی سامناك بوو، هێشتا ترسی بومه‌له‌رزه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی به‌رینه‌داوه‌، ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی هاتووه‌ ته‌نها رزگاركردنی منداڵه‌كانی بووه‌.

شایه‌تحاڵێك باس له‌وه‌ ده‌كات، دوابه‌دوای ڕووداوه‌كه‌ چووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و بینا چوار نهۆمیه‌ی كه‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ خاپوری كردوه‌، ده‌شڵێت: بیناكه‌ حه‌وت كه‌سی‌ ئه‌ندامی‌ یه‌ك خێزانی تێدابووه‌، دووانیان كه‌ دایك و كوڕێكی‌ منداڵ بوون ده‌ستبه‌جێ گیانیانله‌ده‌ستدا، ئه‌وانی تر به‌ برینداری له‌ژێر داروپه‌ردوی بیناكه‌دا به‌ ئاسته‌نگ رزگاركران.

زیانی بومه‌له‌رزه‌كه‌ به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانیشی گرته‌وه‌، به‌وته‌ی به‌شی سه‌لامه‌تی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌قی بومه‌له‌رزه‌كه‌ شاخی شه‌مێرانی گرتوه‌ته‌وه‌، زیان به‌ر به‌نداوه‌كه‌ كه‌وتووه‌ ‌و نزیكه‌ی 30 سانتیمه‌تر ڕۆچووه‌ و له‌ چه‌ند لایه‌كیشه‌وه‌ درزی‌ گه‌وره‌ بردوه‌، هه‌ر به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ پێنج خانووی هاوڵاتیان به‌ ته‌واوه‌تی خاپوربوون، زیاتر له‌ 100 ماڵیش زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، هه‌روه‌ها بینای قوتابخانه‌‌و نه‌خۆشخانه‌كانی شاره‌كه‌ش بێ زیان نه‌بوون.

ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ بومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌و گوڕه‌ به‌هێزه‌ هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌وه‌، دوابه‌دوای ڕووداوه‌كه‌ش حكومه‌تی توركیا هاوكاری گه‌یانده‌ قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان ‌و به‌سه‌ر لێقه‌وماواندا دابه‌شكرا.



تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر