KNN دواین په‌ره‌سه‌ندنی‌ دانوستانه‌كانی‌ پارتی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ به‌غداد ده‌خاته‌ڕوو‌

11/11/2017

‌ ‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ ده‌ست له‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ خاكی‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان له‌ سنوری‌ موسڵ هه‌ڵگرێت له‌به‌رامبه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عێراق، ئه‌مه‌ دواین په‌ره‌سه‌ندنی‌ دانوستانه‌كانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ عێراق و وه‌فدی‌ پارتییه‌، له‌م راپۆرته‌دا ورده‌كاری‌ زیاتر ئاشكراده‌كرێت.

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ دانوستانه‌كانیدا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عێراق ره‌زامه‌ندی‌ نیشانداوه‌ له‌ ناوچه‌ی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا بكشێته‌وه‌ بۆ سنوره‌كانی‌ 2003، ئه‌مه‌ به‌پێی‌ قسه‌ی‌ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ خۆی‌ به‌شداری‌ دانوستانه‌كانی‌ نێوان پارتی‌ و حكومه‌تی‌ به‌غدای‌ كردوه‌.

ئه‌بو ئالا وه‌لائی‌ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبیی‌ و یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی‌ وه‌فدی‌ دانوستانكاری‌ حكومه‌تی‌ عێراق له‌گه‌ڵ وه‌فدی‌ پارتی‌ ئاشكرایكرد، دوای‌ جموجوڵه‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ سنوری‌ پارتی‌، وه‌فدی‌ پارتی‌ داوایانكردوه‌ هێزی‌ هاوبه‌شی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ و پێشمه‌رگه‌ له‌ خانه‌قین و كه‌ركوك و ناوچه‌كانی‌ سه‌لاحه‌دین و موسڵ جێگیر بكرێن به‌ ئاماده‌یی هێزی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، به‌ڵام حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ ئه‌و پێشنیازه‌ی‌ ره‌تكردوه‌ته‌وه‌.

وه‌لائی‌ كه‌ قسه‌ی‌ بۆ یه‌كێك له‌ میدیاكانی‌ عێراق كرد، باسی‌ له‌وه‌كرد، لایه‌نی‌ كوردی‌ كه‌ مه‌به‌ست لێی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌ ره‌زامه‌ندی‌ نیشانداوه‌ له‌ ناوچه‌ی‌ ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا هێزه‌كانی‌ بكێشێته‌وه‌ بۆ سنوری‌ 2003 واته‌ سنوری‌ به‌ر له‌ روخانی‌ رژێمی‌ سه‌ددام كه‌ به‌ هه‌ندێك به‌ هێڵی‌ شین و هه‌ندێكی‌ تر به‌ هێڵی‌ سه‌وز ناوی‌ ده‌بن، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م پاشه‌كشێیه‌دا وه‌فدی‌ پارتی‌ داوای‌ كردوه‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش به‌ڕێوه‌ببرێن، حكومه‌تی‌ به‌غدا ئه‌م پێشنیازه‌شی‌ ره‌تكردوه‌ته‌وه‌و جه‌ختیكردوه‌ ده‌بێت به‌ڕێوه‌بردنی‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌ته‌نیا له‌ژێر كۆنترۆڵی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵیدا بێت.

به‌گوێره‌ی‌ قسه‌ی‌ ئه‌بو ئالا وه‌لائی‌، حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ عێراق ره‌زامه‌ندی‌ نیشانداوه‌ له‌سه‌ر بڵاوبونه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك مه‌فره‌زه‌ی‌ بچوكی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ زوماره‌وه‌ بۆ فیشخاپور، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ بونی‌ خه‌ڵكی‌ كورد به‌شێوه‌یه‌كی‌ چڕ له‌وناوچانه‌، تاوه‌كو له‌و رێگه‌یه‌وه‌ نامه‌یه‌كی‌ دڵنیاكه‌ره‌وه‌ به‌ هاوڵاتیانی‌ كورد بدرێت.

وه‌كو وه‌ڵامێك بۆ نامه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌ولێر، حكومه‌تی‌ به‌غدا نامه‌یه‌كی‌ ره‌وانه‌ی‌ هه‌ولێر كردوه‌ته‌وه‌و ئێستا تۆپه‌كه‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ پارتیدایه‌ و ده‌بێت ئه‌و وه‌ڵام بداته‌وه‌.

ئه‌بو ئالا وه‌لائی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌و نامه‌یه‌ی‌ ئاشكراكرد كه‌ به‌غدا ره‌وانه‌ی‌ هه‌ولێری‌ كردوه‌، ناوه‌ڕۆكی‌ نامه‌كه‌ی‌ به‌غدا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ له‌ چه‌ند خاڵێك كه‌ ئه‌مانه‌ن:

* راده‌ستكردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان
* ده‌بێت ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌ته‌نیا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵدا بن
* ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌ هاوبه‌شی‌ 
* ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ر جۆره‌ نێوه‌ندگیرێك له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر نێوه‌ندگیره‌كه‌ هه‌ر لایه‌نێك بێت هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ یاخود لایه‌نی‌ تر.


ئێستا به‌غدا چاوه‌ڕوانی‌ وه‌ڵامی‌ وه‌فدی‌ پارتییه‌ سه‌باره‌ت به‌م خاڵانه‌، پێشبینیده‌كرێت له‌ماوه‌ی‌ دوو رۆژی‌ داهاتودا جارێكی‌ تر دانوستانه‌كان له‌ نێوان پارتی‌ و وه‌فدی‌ به‌غدا ده‌ستپێبكاته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ دوای‌ ته‌واوبونی‌ مه‌راسیمه‌كانی‌ چله‌ی‌ ئیمان حوسێن.


تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر