كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكا بڕی‌ 365 ملیۆن دۆلار هاوكاری‌ بۆ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ته‌رخانده‌كات‌

11/11/2017

‌ ‌ كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكا بڕی‌ 365 ملیۆن دۆلار هاوكاری‌ بۆ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ته‌رخانكردوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ پرۆژه‌ بودجه‌ی‌ به‌رگری‌ ساڵی‌ 2018ی‌ ئه‌مریكا.

له‌ دوایین ره‌شنوسی‌ بودجه‌ی‌ نیشتمانی‌ ئه‌مریكا كه‌ رۆژی‌ 8ی‌ ئه‌م مانگه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ داوایكردوه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وه‌كو موچه‌ی‌ مانگانه‌ و  خه‌رجییه‌كانی‌ تری‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ساڵی‌ دارایی‌ 2018دا .ته‌رخان بكرێت.

به‌گوێره‌ی‌ خشته‌ی‌ پاره‌ی‌ مه‌شق ‌و ئامێره‌كانی‌ روبه‌ڕبونه‌ووه‌ داعش كه‌ له‌ سایتی‌ ئه‌لمۆنیته‌ر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، پشتیوانی‌ دارایی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ پێكهاتوه‌ له‌ ته‌رخانكردنی‌ بڕی‌ 270ملیۆن دۆلار وه‌كو موچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌‌و 95 ملیۆن دۆلار وه‌كو هاوكاری‌ مادی‌.

ئه‌لمۆنیته‌ر نوسیویه‌تی‌: له‌ كاتێكدا پێشتر كۆنگرێسی‌ ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بڕینی‌ هاوكارییه‌كانی‌ ئه‌مریكای‌ بۆ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كرد ئه‌گه‌ر ریفراندۆم ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام ئێستا كۆنگرێس چاوی‌ له‌ نیگه‌رانییه‌كانی‌ پۆشیوه‌ به‌هۆی‌ پشتیوانی‌ میلیشیا شیعه‌كان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌و راپۆرته‌ی‌ هاوپێچی‌ پاره‌ی‌ ته‌رخانكراو كراوه‌، ستایشی‌ رۆڵی‌ كاریگه‌ریی‌ پێشمه‌رگه‌ كراوه‌ له‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌  داعش.

به‌پێی‌ یاداشتنامه‌یه‌كی‌ لێكگه‌یشتن كه‌ ته‌موزی‌ 2016 له‌ نێوان ئه‌مریكا ‌و وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌  ئیمزاكرا، واشنتۆن ده‌یان ملیۆن دۆلاری‌ وه‌كو موچه‌ی‌ مانگانه‌ و هاوكاری‌ دارایی‌ بۆ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ ماوه‌ی‌ یه‌ك ساڵ  دابینكرد.



تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر