ده‌رباره‌


كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌پێی راسپارده‌ی كۆنگره‌ی یه‌كی بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ساڵی 2014، سه‌رجه‌میان له‌ یه‌ك ئۆرگاندا رێكخراونه‌ته‌وه‌ به‌ناوی میدیای گۆڕان كه‌ پێكدێت له‌ (كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ KNN و رادیۆی‌ ده‌نگی GORAN و سایته‌كانی‌ گۆڕان و سبه‌ی‌ و KNNC) وه‌كو به‌شێك له‌ پرۆژه‌ی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كارده‌كه‌ن.

تۆڕی‌ هه‌واڵی‌ كوردی‌ Kurdish News Network- KNN ، سه‌ره‌تا ساڵی‌ (2008) وه‌ك كه‌ناڵێكی‌ سه‌ر به‌ كۆمپانیای‌ وشه‌ بۆ كاری‌ راگه‌یاندنی‌ كوردی‌ سه‌ربه‌خۆ دامه‌زرا، به‌ڵام به‌پێی راسپارده‌ی كۆنگره‌ی یه‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ساڵی 2014 كرایه‌ به‌شێك له‌ پرۆژه‌ی سیاسی بزوتنه‌وه‌كه‌. كه‌ناڵی‌ (KNN) له‌ 31ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ 2008 به‌زمانی‌ كوردی‌ ده‌ستی‌ به‌ په‌خشی‌ به‌رنامه‌كانی‌ كرد. (KNN) گرنگی‌ به‌ كاروباری‌ ناوخۆیی‌ و نێوده‌وڵه‌تی‌ ئه‌دات و روماڵی‌ پرسه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان ده‌كات، كه‌ناڵی‌ (KNN) سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌ سیاسیی‌ و ئابوریی‌ و وه‌رزشی‌ و رۆشنبیری‌ و هونه‌رییه‌كان راپۆرت ئاماده‌ ده‌كات. رۆماڵی‌ پرسه‌ هه‌نووكه‌ییه‌ جیاوازه‌كان ده‌كات و به‌دواداچون بۆ هه‌واڵه‌كان ده‌كات .به‌ وه‌رگرتنی‌ لێدوان و بۆچوونی‌ راسته‌وخۆی‌ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان و رۆشنبیره‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا (KNN) بابه‌تی‌ دۆكیۆمێنتاری‌ به‌رهه‌م دێنێ‌.

باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ كه‌ناڵی‌ (KNN) له‌گردی زه‌رگه‌ته‌ی شاری‌ سلێمانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، زیاتر له‌ (300) كارمه‌ند كار بۆ كه‌ناڵه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ تۆڕێكی‌ به‌رفراوانی‌ په‌یامنێران له‌ناو هه‌رێمی‌ كوردستان وعێراقدا. (KNN) له‌ هه‌ولێری‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێم و شاره‌كانی‌ كه‌ركوك، دهۆك و به‌غدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراقیش له‌ توركیاو ئه‌وروپا نوسینگه‌ی‌ هه‌یه‌.

(KNN)توانی‌ وێنه‌یه‌كی‌ تری‌ ژیانی‌ راسته‌قینه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و سیستمی‌ سیاسیی‌ و لایه‌نه‌ پۆزه‌تیڤه‌كان وه‌ك یه‌ك بۆخه‌ڵك بخاته‌ڕوو، كه‌ناڵی‌ (KNN) ستراتیژی‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ كاری‌ راگه‌یاندن په‌یره‌و ده‌كات، كه‌ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر نه‌بوونی‌ یه‌كسانی‌ و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ربه‌سته‌كانی‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ی‌ چاكسازی له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا (KNN) كار بۆ چاكسازیی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و سیاسیی‌ و ئابوری‌ و كارگێڕی ده‌كات له‌ رێكه‌ی‌ ئاشكراكردنی‌ ده‌روازه‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌و بوارانه‌دا.

كه‌ناڵی‌ (KNN) هه‌وڵی‌ ده‌رخستنی‌ تێكه‌ڵاویی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت و گشتی‌ ئه‌دات، به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ بواری‌ بازرگانی‌ و كاره‌وه‌ هه‌یه‌،  كه‌ خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت توانای‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ به‌ر به‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ بگرن.

فه‌لسه‌فه‌ی‌ كه‌ناڵی‌ (KNN) بریتیه‌ له‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئازادیی‌ گوزارشتكردن له‌ بیرووبۆچون مافه‌ نه‌ك ئیمتیازێك بدرێت، (KNN) هۆكارێكه‌ بۆ خه‌ڵك تا له‌ رێگه‌یه‌وه‌ گوزارشت له‌ بیرووبۆچوونه‌ گشتییه‌كان بكه‌ن و زانیاری‌ وه‌ربگرن، هۆكارێك بێت بۆ هاندانی‌ گفتوگۆی‌ بنیاتنه‌ر..