ده‌نیس بلێر سه‌رۆكی ئاژانسی هه‌واڵگری نیشتمانی ئه‌مریكا بۆچوونی هاوبه‌شی 16 رێكخراوی هه‌واڵگری ئه‌مریكای ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی پیران كرد. به وته‌ی بلێر ئێران توانایی زانستی و پێشه سازی ئه‌وه‌ی هه‌یه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی داهاتوودا یورانیۆمی پیتێنراوی پێویست بۆ به ده‌ستهێنانی چه‌كی ئه‌تۆم به‌رهه‌م بهێنێت. ده‌نیس بلێر پێشبینی ئه‌وه‌شی كرد ئه‌گه‌ر ئێران چه‌كی ئه‌تۆم به‌رهه‌م بهێنێت، مووشه‌كی بالستی بۆ هه‌ڵگرتنی به كار ده‌هێنێت. هاوكات جۆزێف بایدنی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند ئه‌مریكا و وڵاتانی زلهێزی جیهان رێگه‌ی توندكردنی سزاكانی سه‌ر ئێران ده‌گه‌رنه‌به‌ر و ئه‌وه‌شی به رێگه‌چاره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو له قه‌ڵه‌مدا.بایدن هۆشداری ئه‌وه‌شی دایه به‌رپرسانی ئێران كه به‌سه‌ركوتكردنی نه‌یارانی ناوخۆی خۆیان متمانه‌ی ئه‌خلاقیان له ده‌ستده‌ده‌ن و تۆوی له‌ناوچوونی خۆیان ده‌چێنن. گۆردۆن براونی سه‌رۆك وه‌زیری بریتانیاش داوای له كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی كرد به‌رامبه‌ر به پرۆگرامه ئه‌تۆمیه‌كه‌ی ئێران ده‌سه‌ڵات و تواننای خۆی پیشان بدات و سزای توندتر به سه‌ر ئێران‌دا جێبه‌جێ بكات. براون وتیشی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌م زووانه پرسی توندكردنی سزاكانی سه‌ر ئێران تاوتوێ ده‌كات دوای ئه‌وه‌ش ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاساییش و ئه‌ڵمانیا كۆده‌بنه‌وه. ئه‌وه له كاتێكدایه مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی سه‌رۆكی ئێران له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ گواستنه‌وه‌ی یورانیۆمی پیتێنراو به‌رێژه‌ی 3 و نیو له سه‌د بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر وڵاتانی خۆرئاوا یورانیۆمه‌كه‌ی ئێمه وه‌رگرن و له بری یورانیۆمی پوخته‌كراو به رێژه‌ی 20% ره‌وانه‌ی ئێران نه‌كه‌ن ئه‌وا نیاز پاكی ئێران بۆ هه‌موو جیهان ده‌رده‌كه‌وێت و ئه‌و ده‌م بۆ خۆمان هه‌وڵی به‌رهه‌مهێنانی یورانیۆمی 20%ی ده‌ده‌ین. وته‌كانی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له كاتێكدایه له ماوه‌ی یه‌ك مانگی رابردوودا به‌رپرسانی ئێرانی له‌و باریه‌وه هه‌ڵوێستی جیاواز و دژبه‌یه‌كیان هه‌بووه.