بەهمەن تاهیر نەریمان

شۆڤێنزمی نەتەوەیی لە پشت شۆڤێنزمی ئیسلامییەوە‌

شۆڤێنزمی نەتەوەیی لە پشت شۆڤێنزمی ئیسلامییەوە(عەفرین و ڕیفراندۆم وەک نمونە)

دکتۆر نەسر فەرید واسڵ، لە ساڵانی ١٩٩٦ بۆ ٢٠٠٢ موفتیی گشتیی میسر بوو، کاتێک سەدام حسێن لەداردرا، ئەو فەتوای داو وتی سەدام بە شەھیدی مردوە و ڕێپێدراوە نوێژی غایبی لەسەر بکرێت. ئەو پێی وابوو: (بەپێی زانیارییکانی  من؛ لەم دواییانەدا سەدام پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەروەردگاردا باش بوە). لای ئەو سەدام تا مرد دژی داگیرکاریی ئەمریکا بوە، بۆیە لەداردانی سەدام لە ڕۆژی جەژندا مۆری شەرمەزارییە بە تەوێڵی مێژوی ئوممەی ئیسلامییەوە. لەم لینکەدا فەتواکەی موفتیی پێشوی ئەزھەر دەخوێنێتەوە: http://www.ahl-alquran.com/arabic/show_news.١٣٨=php?main_id)).
پرسیارەکە ئەمەیە: ئەوە چییە وا لەم موفتییە دەکات بیر لەسەدام حوسێن بکاتەوە و نامەی بەھەشتی پێبدات، لە کاتێکدا ئەم مرۆڤە بۆ گەلانی ناوچەکە و ئێراق، بە تایبەتی تریش بۆ کوردستانییەکان نەھامەتیی بووە؟ ئایا ئەوە چییە وا لەم موفتییە دەکات ئەو ھەموو قەتڵوعامەی سەدام نادیدەبگرێت و تەنها بە گەڕانەوەی بۆ خوێندنی قورئان و بەدەستەوەگرتنی قورئانێک و دانانی ڕیشێکی دینی; کۆی تاواناکانی بسڕێتەوە؟ ئایا مەسەلەکە لە دیندارییەوەیە یان لەوەستانەوەی سەدامە بەڕوی داگیرکاریی ئەمریکاییەکاندا، یان پرسەکە لەشوێنێکی ترەوەیە؟ بۆ ئەم موفتییە و موفتییەکانی تر و دامودەزگا دینی و ئیسلامییەکان ئاهونزولەی ئەنفالکراوێکی باشور و ئازارەکانی کۆڵبەرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردانی ڕۆژهەڵات نای هێنێتەگۆ؟ بۆ موفتییەک لەسەر کوبانێی دوێنێ و قەتڵوعامی ئەمڕۆی سەر عەفرین بێدەنگە؟

کوردستانییەکان وەک میللەتگەلێکی موستەزعەف (موستەزعەف زاراوەیەکی قورئانییە و بە مەبەست بەکاری دێنین) وا نزیکەی سەدەیەکە دەچەوسێنرێنەوە، بەعس ئەنفالی دەکات، فارس دانی پێدانانێت، تورک شوناسی دەسڕێتەوە، ئێستا لە عەفرین وەک ستەمکارێک ئەردۆغانی دەستبەدەستنوێژ (گوزارشتی دەستبەدەستنوێژ بۆ ئەردۆغان مەلا سەید ئەحمەد لە کاتی ئینقلابەکە بەسەر ئەردۆغاندا بەکاریهێنا) خاک داگیردەکات و بە پشتبەستن بە مزگەوتەکان پرۆسەکەی بە جیهاد و فەتح ناودەبات.

 ئەزھەر زمانی نەجوڵا و بەیاننامەیەکی لەسەر مێژوی چەوسانەوەی ئەم گەلە دەرنەکرد، کەچی ھەر کە ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان کرا، زوو زمانی  کەوتەگۆ و ڕیفراندۆمی بە پارچەپارچەکردنی ئوممەی ئیسلامی و عەرەب لێکدایەوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئەوە چ گوتارێکە لە پشت ئەزھەرەوە ئامادەیە و ئەزھەر لە کاتی ئەنفالکردن و کیمیابارانکردن و قەتڵوعامکردنی ئێستای عەفرین کەڕولاڵە، بەڵام ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەبیستێت و نە لە بیری دەکات و نەپشتگوێی دەخات، بەڵکو ھەر زوو بە دەستی ئیسرائیل و پڕۆژەی پارەپارکردنی ئومەی عەرەبیی دادەنێت؟ بۆ ئەردۆغان سفتوئاسان داگیرکاری بە فەتحی سورەتێکی قورئانی سەردەخات؟

 کە ئەزھەر بەیاننامەکەی دژی ڕیفراندۆمی هەرێم دەرکرد؛ بە یەک وشە ناوی کورد و کوردستانی نەھێنا، ئەم بەیاننامەیە بە ڕادەیەک دژە کوردانە نوسراوە، کەمتر لە دەستوری ئێراقی; ھەرێمی کوردستان کە لە دەستوری ئێراقی ناوی ھاتوە، بەیاننامەکەی ئەزھەر بە (المناطق الشمالیة من جمھوریة العراق) ناوی ھەرێم دەبات، ئایا بەڕاستی ئەزھەر لەم بەیاننامەدا شەریفە؟ بۆ بینینی بەیاننامەی ئەزھەر دژی ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ ی ٩; سەیری ئەم لینکە بکە: (http://elaph.com/web/html.١١٧٠١٧٧/١٠/٢٠١٧/News)، ئایا کێشەکە مەزھەبە؟ ئایا کێشە ئەوەیە سوننەگەریی بەم شێوە دەبینێت؟

ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران؛ ئایەتوڵا عەلی خامنەیی و ئایەتوڵا تاڵەقانی-ئیمام جومعەی کاتیی تاران، ھەردوکیان ڕیفراندۆمی سەربەخۆییان گرێدا بە پڕۆژەی ئیسرائیلەوە، کە گوایە بۆ تارومارکردنی ئومەی ئیسلامییە.

ئایەتوڵا خامنەیی کاتێک ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی بینی لەسەر ڕیفراندۆمەکە، وتی: (ڕیفراندۆمی کوردستان خیانەتە لەناوچەکە و ھەڕەشەیە بۆ سەری). ڕۆحانیش ھەمان قسەی دوبارە کردەوە و لەگەڵ ئیماندارێکی وەک ئەردۆغاندا بڕیاریاندا بەھەموو شێوەیەک دژی ڕیفراندۆمی ھەرێم ببنەوە. 

شۆڤێنستەکانی ناو عەرەب لە کاتی ڕیفراندۆمەکەدا ھاواریان لێبەرزبۆوە و پێیان وابوو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وا دابەشدەکرێتەوە و پڕۆژەکە پڕۆژەی ئەمریکا-ئیسرائیلە. ئیتر وەک ئەوەی دابەشبونی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ئەوەی هەبوە؛ خواستی وڵاتانی ئیسلامی و پڕۆژەی موسڵمانەکان خۆیان بێت. ئاخر ئەگەر گریمان پڕۆژەی دابەشکردنەوەی ئێستای ئەم ناوچەیە پڕۆژەی ئەمریکا-ئیسرائیل بێت و بەدڵی ئەوان دابڕێژرێتەوە، خۆ پڕۆژەی ئەم خەریتە و وڵاتانەی ئێستا پڕۆژەی بەڕیتانیا-فەڕەنسای سەردەمی سایکس-بیکۆ و لۆزانە و بەدڵی ئەم دوانەی دواییان داڕێژراوە!! ئیتر بۆ پڕۆژە کۆنەکە؛ کە کوردستان تێیدا قوربانییە، پیرۆزە و ئیسلامییە و نابێت دەستکاری بکرێت، بەڵام پڕۆژە نوێیەکە دەسیسە و موئامەرەیە!! ئاخر ئەم خوێندنەوەیە ھەر ئەم ڕاڤەکردنە بە دوا خۆیدا دێنێت کە من دەیکەم.

حەسەن نەسروڵا-ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنانی پێی وابوو ڕیفراندۆمەکەی کوردستان بەشێکە لە پڕۆژەی ئیسرائیل-ئەمریکا بۆ دابەشکردنی ناوچەکە(بڕاونە حسن نسراللە، استفتاء الکردستان العراق مشروع امریکی- اسرائیلی لاعادة تقسیم المنطقة، https://www.youtube.com/watch?v=dIjwLxtXnb0)، ئیتر خەون و قوربانییەکانی گەلێکی وەک کورد شتێکە لای ئەم پیاوە دینیانە هەر نابینرێت، هەر باسیشی ناکەن، ئەوان گوایە خاتری کورد دەگرن و سیاسییەکانی کورد و خەڵکی کوردستان لێکجیادەکەنەوە. کەسێکی وەک حەسەن نەسروڵا لەخۆی ناپرسێت، باشە ئەگەر ڕاستە کورد بونەتە بوکەڵەیەک بەدەست ئیسرائیلەوە؛ وەک خۆی وتی، ئەی خوشک و برا ئیماندارە موسڵمانەکانیان بۆ نایەن بەدەم کێشەی کوردەوە و چارەسەری دادگەرانەی بکەن و با خەڵکی تر نانوپیازی پێوە نەخۆن(وەک خۆیان دەڵێن؟!) با بێن و پرسەکە وەک پرسێکی دونیای ئیسلامی چارەسەربکەن و ببڕێتەوە!!

ئەم قسانەی حەسەن نەسروڵا لە دەی عاشورای ساڵی پار لەبەردەم ھەزاران لە لایەنگرانی دەی کرد، دەبێت ئێمەی کوردستانی لە قەبارەی ئەو ڕقە بگەین کە ئەم جۆرە گوتارانە لەناو شەقامی عەرەبیدا دژی کورد دەیچێنن.

دەبێت ئێستا لەناو لایەنگرانی نەسروڵادا وێنەی ڕیفراندۆمی کوردستان چ وێنەیەکی ترسناک و پڕ لە خیانەت و شەیتانیانە ببینرێت، دەبێت وێنەی کوردستانییەکان لایان چ خراپ بە ئیبلیسکرابێت!! دەبێت ئەو مسوڵمانە عەرەبە سوننەیەی بەیاننامەکەی ئەزھەری خوێندبێتەوە و ئەو شیعە مەزەبیانەی وتارەکەی نەسروڵایان گوێ لێبوبێت چۆن لە پرسی کوردستانییەکان بڕوانن و بە چ چاویلکەیەکی تەڵخەوە لە ئێستای عەفرین بڕوانن؟!

عەدنان ئیبراھیم، لای زۆر کورد بۆتە پێشەنگی ئەقڵ و مەعریفە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گروپی کوردی بۆ ڕەواجدان بە بۆچونەکانی دروستدەکرێت، وەک موعتەزیلەیەک و ئەقڵگەرای ئیسلامی لێی دەڕوانرێت، کتێبەکانی دەکرێنە کوردی، ئەم پیاوە ئەقڵانییە!! بەرانبەر ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان وتی: ئەمە پیلانێکی ئیسرائیلییە بۆ دابەشکردنی ئەو وڵاتانەی کوردی تێدایە، کاری لەسەر دەکرێت. بڕوانە(https://www.youtube.com/watch?v=APknNrBswzA)، کەچی لەسەر دەستدرێژییەکانی ئەردۆغان لەسەر عەفرین تەواو بێدەنگە، ئەوەش ئەقڵانێتی ئیسلامیمان!!

عەبدولباری عەتوان، کە ھەمیشە وەک کەسێکی شۆفێنیستی عەرەبی دەردەکەوێت، ئێستا کە لە یوتوب دەستدەکات بە شرۆڤەکانی، بە (بسم اللە الرحمن الرحیم) دەستپێدەکات، ئەویش سەری زمان و بنی زمانی لەسەر ڕیفراندۆم، ئەوە بوو کە ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی ئیسرائیلییە و بۆ لاوازکردنی ناوچەکە و بەھێزکردنی ئیسرائیلە (بڕوانە: https://www.youtube.com/٧eVdgo١Vl٩o=watch?v). کەچی ئەم مرۆڤە دەسەڵاتی کورد لە عەفرین بە حاڵەتی شاز ناوی دەبات (https://www.youtube.com/watch?v=jtnoe1eoqI4).

هەمو ئەوانەی کە باسمان کردن، ئەو تەعەدایەی تورکیای ئەردۆغانیی دەی کاتە سەر عەفرین سەرکۆنەیان نەکردوە و لێی نەهاتونەتە زمان.
دەبێت ئێمە بە ڕونیی لە خەتەریی ئەوە بگەین مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستان و گرێدانی بە ئیسرائیلەوە چ قەبارەیەکی ترسناک و گەورەی بۆ سەر پرسی کوردستانییەکان لە دونیای ئیسلامیدا ھەیە، لە دنیای ئیسلامیدا وەک شەیتانێکی ئێجگار گەورە و خەتەرناک لە ئیسرائیل دەڕوانرێت، دوژمنکارانەترین وێنە لە زەینی مرۆڤی موسوڵماندا وێنەی ئیسرائیلە، بەسە بۆ تۆ جولەکە بیت و زۆرینەی ھەرە زۆری شەقامی موسڵمان ڕقیان لێت بێت.

لە خەیاڵدانی موسڵماندا ئیسرائیل ھیچ نییە جگە لە موئامەرەیەک لە ئوممەی ئیسلامی، بۆیە گرێدانی پرسی کوردستانییەکان بە ئیسرائیلەوە کاری وردی لەسەر دەکرێت و شەقامی ئیسلامی تەواو سەرکوێردەکرێت کە پرسی گەلێکی ستەمدیدە و موستەزعەف بەلاڕێداببرێت و بکرێت بە پڕۆژەیەک بۆ پارچەپارچەکردنی وەحدەی ئوممەی ئیسلامی، ئەو وەحدەیەی لە وەھمێک زیاتر ھیچی تر نییە و مەگەر لەناو خەیاڵدانی خەیاڵپلاوانەی شەقامی موسڵمانی کورددا وجودی ھەبێت!

ئەردۆغانیش لە سەردانەکەیدا لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لە ئێران ئەوەندە ماستاوی بۆ ئێرانییەکان دەکرد وەک شیعەیەک بۆ پرسی حەسەن و حسێن شینی دەگێڕا و باسی مەزڵومێتی ئالوبەیتی بۆ ڕۆحانی دەکرد (https://www.youtube.com/watch?v=E1D2mK45L7Q)، لە باسکردنی پرسی ڕیفراندۆمەکەی کوردستانیش بە پڕۆژەیەکی ئیسرائیلیی دایە قەڵەم، کەچی بۆ ئەو نابێتە کێشە کاتێک لەبەرچاوی دنیادا تاجە گوڵینە لەسەر گۆڕی دامەزرێنەری ئیسرائیل (تیۆدۆر ھێرتز) دابنێت، (ئەمە ڤیدیۆی دانانی تاجە گوڵینەکەیەتی: https://www.youtube.com/watch?v=iYcvTGCUwrI)، ئەردۆغان نە ئیمانی دەڕوشێت و نە ئەزھەریش پێی دەڵێت لەل!! 

کۆی ئەو ناوانەی کە ناومان ھێنان لەسەر ھەر شتێک ناکۆک بن، لەسەر ئەوە کۆکن کە پرسی دەوڵەتی کوردستان ببەستنەوە بە پرسی ئیسرائیل و پارچەپارچەکردنی وەحدەی سەفی موسوڵمانان، پرسی چەوسانەوەی گەلێک ھەر باسیشی ناکرێت و نادیدەدەگیرێت؟ کۆی ئەم سەرکردانەش کەسی دیندارن و بە زاراوەی ئەمڕۆ (ئیسلامین) و سەریان بچێت نوێژیان ناچێت. 

ئەمانە دێن و پرسی کوردستانییەکان دەکەن بە پرسێکی دینی، نەک بەو مانایەی ئەم پرسە پرسی گەلێکی زۆرینە موسوڵمانە و دەبێت موسڵمانەکان دادگەرانە چارەسەری بکەن، بەڵکو بەو مانایەی پرسەکە پرسێکی ئیسرائیلییە (کە ناموسڵمانە) و ھەر ئەو پشتگیری دەکات و گوایە ئەویش پشتگیری بابەتێک ناکات لە بەرژەوەندیی ئوممەی ئیسلامیدا بێت. یان دەی کەنە پرسێکی دینی و وەک ئەوقافی تورکیا کوردستانییەکانی عەفرین کافردەکەن و بە سورەتی فەتح، جارێکی تر داگیریان دەکەن و موسڵمانیان دەکەنەوە(یەکێک لە ماناکانی بەکارهێنانی ئەم سورەتە هاتنی خەڵکە بە کۆمەڵ بۆ ناو ئیسلام).

بۆ ئەم سەرکردە موسڵمانانە پرسی کورد بەلاڕێدا دەبەن و وەک پرسی ئازادی و ماف نای بیننن و نای ناسێنن، ئەی قورئان ناڵێت جیاوازیی زمان و ڕەنگتان ئایاتی خوایە، بۆ ئەمان دژی ئایاتێکی خوا دەبنەوە؟! ئایا ئیمانیان لەقنابێت؟! بەڵکو تەواو بەپێچەوانەوە، وەک پرسی مەترسی بۆ سەر مسوڵمانان دەی ناسێنن؟ لێرەوە دەبێت لەسەر گوتاری ئیسلامیی بوەستین، ئایا گوتاری زاڵی ئیسلامی لە ئێستادا(بەشیعە و سوننەوە) گوتارێکە لاهوتی ئازادی بەرهەمی دێنێت یان گوتارێکە لە پشتییەوە لاهوتێکی فاشست هەیە و تێکەڵ بە فاشستی ناسیۆنالزمی ڕۆژهەڵات بوە؟ ئایا ئەوە بۆ مسوڵمانە تورکەکان ئەوە نابینن کە سوپاکەیان سنوری وڵاتی خۆیان بەزاندوە و ستەم و جینۆساید جێبەجێدەکات، نەک ئەوە، بەڵکو مزگەوتەکانی تورکیا لە نوێژدا بۆ سوپاکەیان دەپاڕێنەوە، سوپایەک لای ئەوان خەریکی فەتحە نەک داگیرکاری!!

گوتاری ئیسلامی بەوردی لەگەڵ شۆڤێنێتی نەتەوەی سەردەستە و خاوەندەسەڵاتدا شێلراوە. دەسەڵاتی سیاسی-دینی تورک و عەرەب و فارس چیان بویت دەتوانن لەناو گەلی خۆیاندا شەرعییەتی دینی پێدروستبکەن. بۆیە ئەوە مرڤدۆستی و ئازادیخوازی و دادگەریی نییە گوتاری ئیسلامیی بەرهەمدێنێت و دەبزوێنێت، بەڵکو ئەوە بیری شڤێنستی-نەتەوەپەرستیی ئەو سێ نەتەوەیە گوتاری ئیسلامی بەرهەمدێنێت و بۆ خەونە پاوانخوازییەکانی خۆی دژی نەتەوەیەکی بندەستی هاوئاینی خۆی دین دەکاتە قوربانی. کاتێک ئەزهەر لە بەیاننامەکەی خۆی دژی ڕیفراندۆم ناوی کوردی هەر نەهێنا، ئەوە قووڵایی ئەو شۆڤێنزمە بە ڕوونی دەبینین چەند کاریگەرانە ڕۆچۆتە ناو دامودەزگا دینییەکانەوە. کاتێک تورکیای ئەردۆغان مزگەوت بەکاردێنێت بۆ ستەمکاریی و داگیرکاری، مزگەوتیش بەئاسانی شوێن داواکەی لەڕێی ئەوقافەوە دەکەوێت، ئەوە بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت چۆن شۆڤێنزمی نەتەوەیی ئاینی داغانکردوە و مانایەکی ئینسانی تێدا نەهێشتوە و کوێردەبێت لە ئاستی داگیرکارییە ستەمکارییەکەی خۆیان، لێرەشەوە لەوە دەگەین بۆچی موفتیی پێشوی میسر بەو ئاسانییە کلیلی دەرگای بەهەشت دەدات بە ستمکارێکی عەرەبی وەک سەدام!

ئێستا ئیتر دەبێت بەئاسانی بۆ (... كه‌سایه‌تیه‌ ئیسلامییه‌ كوردیه‌كان...) و دامودەزگا ئیسلامییەکانی کوردستان و حزب و ڕێکخراوە ئیسلامییە کوردستانییەکان و تاکی موسڵمان ڕونبێتەوە کە ئەو گوتارە ئیسلامییەی لە دونیای ئیسلامیدا زاڵە و شەقام و سیاسەت بەڕێوەدەبات، سەرچاوەکەی بەها ئینسانییەکان و ئەخلاق نییە، بەڵکو سەرچاوەکەی بەرژەوەندیی شۆڤینێتی نەتەوەییە. مرۆڤدۆستی و بەرگریکردن لە ستەملیکراوو موستەزعەف نییە، بەڵکو ستەمکاریی و هێشتنەوەی ستەمە. دەبێت کۆی موسڵمانەکانی کوردستان لەوە بگەن کاتێک ئاین دەخرێتە ناو دەسەڵاتی سیاسییەوە؛ چۆن لە پەیامە گەردونییەکەی دادەڕنرێت و دەسەڵات هەر بەرگێک بیەوێت دەتوانێت بی کات بە بەریدا. 

لە دواییین پەرەگرافدا ئەم پرسیارە دەکەم، ئایا کورد پێویستی بە بەرهەمهێنانی ئیسلامێکی شۆڤێنستی وەک هی ئەوان هەیە، بە کورتی نەخێر، هیوادارین بە درێژی لە بابەتێکی تردا وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە.

خوێندراوەتەوە186