ئه‌ركان ره‌وف

گۆڕان بۆله‌ هه‌ڵبژاردن بترسێت؟‌


قسه‌كردن له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆچوونی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌سه‌ر كات و شێواز و سیسته‌می‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بوه‌ته‌ بابه‌تێكی‌ گه‌رمی‌ گفتوگۆی‌ ، گه‌رمتر له‌وه‌ش قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر "كات"ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان.

له‌ژێر چه‌تری‌"كات" پارتی‌ تاكه‌ هێزه‌ وا خۆی‌ ده‌رده‌خات ئه‌و له‌خه‌می‌ دیموكراسیه‌ت و ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌ به‌زوترین كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناڕاسته‌وخۆ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ به‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، ئه‌م بانگه‌شانه‌ی‌ پارتی‌ له‌كاتێكدایه‌ ده‌بوو ئه‌وه‌ی‌ ترسی‌ له‌ هه‌ڵبژاردن بێت پارتی‌ بێت نه‌ك بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ وه‌ك هێزێك له‌ ئێستادا بووه‌ به‌ ڕه‌مزی‌ شكست له‌ حوكم ڕانیدا. به‌ناوی‌ سیاسیه‌تی‌ ئابووری‌ سه‌ربه‌خۆ و دۆخی ژیانی‌ هاوڵاتیان گه‌یاندوه‌ته‌ لێواری‌ مه‌رگ، چاره‌كه‌مووچه‌ به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا سه‌پاندن و ئه‌گه‌رچی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌كه‌ركوكیشه‌وه‌ له‌ ژێر ده‌ستی‌ بووه‌.

له‌رووی‌ شه‌راكه‌ت و ئستحقاقی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بنه‌ماكانی‌ دیموكراسی‌، پارتی‌ شكستی‌ هێناو نه‌یتوانی‌ شه‌راكه‌تی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ڕاسته‌قینه‌ بكات.رێگری‌ كرد له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ وه‌زاره‌ته‌كانیان. له‌رووی‌ خاك و نیشتیمانه‌وه‌ پارتی‌ به‌ هۆی‌ ریفراندومه‌وه‌ (51%)ی‌ خاكی‌ كوردستانی‌ خسته‌وه‌ ده‌ستی‌ كێشمه‌كێشی‌ ماده‌ی‌ (140)ی‌ ده‌ستوور. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا سه‌پاندنی‌ سه‌رۆكێكی‌ ناشه‌رعی‌ (مه‌سعود بارزانی‌) بۆ زیاتر له‌ چوار ساڵ. ئه‌مانه‌ هه‌موو به‌رهه‌می‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ شكستخواردوه‌ی پارتیه‌.

لۆژیكی‌ ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ له‌كوێدایه‌ هێزێك خاوه‌نی‌ ئه‌و هه‌موو شكسته‌ بێت بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن بكات به‌زوترین كات، له‌كاتێكدا هه‌موو جومگه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ له‌به‌رده‌ست بێت، به‌ڵام هێزێكی‌ وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردن بترسێت له‌كاتێكدا هیچ پۆستێكی‌ له‌حكومه‌تدا نه‌بێت تا ترسی‌ له‌ده‌ستدانی‌ هه‌بێت به‌هۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، ئه‌بێ ئه‌ترسه‌ی‌ گۆڕان له‌چی‌ بێت كه‌ له‌ده‌ستی‌ بداتله‌كاتێكدا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان وه‌ك هێزێكی‌ كاریگه‌ری‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ خۆی‌ هێشتوه‌ته‌وه‌ و سه‌ڕه‌ڕایی‌ ئه‌و فشارانه‌ی‌ ده‌خرانه‌سه‌ری‌ چ له‌ ئاستی‌ ناوخۆییه‌وه‌ بێت له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌ و پارتی‌ و یان له‌ئاستی‌ ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ بێت به‌تایبه‌ت له‌ دووباره‌ سه‌پاندنه‌وه‌ی‌ "مه‌سعود بارزانی‌" وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێم. هه‌موو فشارانه‌ نه‌بونه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان سیاسه‌تی‌ مه‌ده‌نیانه‌ی‌ خۆی‌ بگۆرێت و په‌رچه‌كرداری‌ هه‌بێت ئه‌گه‌رچی‌ تواناشی‌ هه‌بوو.به‌ڵامبه‌رده‌وام بوو ئه‌گه‌رچی‌ قوربانی‌ زۆری‌ دا و له‌دواجار سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ پاراستنی‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ به‌ده‌نگده‌ر و لایه‌نگرانی‌ خۆی‌ دابوو.

پارتی‌ له‌ ژێر چه‌تر هه‌ڵبژاردنێكی‌ خێرادا ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردنێك له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رێوه‌ بچێت هاوشێوه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پێشو، تۆماری‌ ده‌نگده‌ران پڕبێت له‌كه‌م و كورتی‌ (ناوی‌ مردوان، ئاواره‌كان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژ ئاوا، ئاواره‌ی‌ عه‌ره‌ب، ساخته‌كاری‌ له‌هه‌ڵبژاردن) جگه‌ له‌مانه‌ش، قۆرغكردنی‌ كورسی "كۆتا"یه‌ بۆ  پێكهاته‌كان و ژماره‌یان (11) كورسی‌ په‌رله‌مانه‌.به‌هۆیه‌شه‌وه‌ له‌ لوتكه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه‌ درێژه‌ به‌ سیاسه‌تی‌ شكستخواردووی‌ خۆی‌ بدات و هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم دووچاری‌ قه‌یرانی‌ تر بكاته‌وه‌. هاوشانی‌ ئه‌مانه‌ش ده‌ست بكات به‌ سازشی‌ زۆر گه‌وره‌ له‌ پێناوی‌ مانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا.

له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌م بانگه‌شه‌ی‌ پارتیدا، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بڕوایی‌ وایه‌ هه‌رچی‌ زووه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌نجامبدرێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پاكردنه‌وه‌ی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران و گۆرینی‌ سیسته‌می‌ هه‌ڵبژاردن به‌شێكی‌ گرنگی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌زانێت.ئه‌م بۆچوونه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت ده‌یه‌وێت نوێنه‌رایه‌تی‌ داهاتووی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان نوێنه‌رایه‌تی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ هاونیشتیمانیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بێت نه‌ك له‌ ژێر په‌رده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ رێكاره‌ جیاوازه‌كان نوێنه‌رایه‌تی‌ شكلیی‌ بێت.

خوێندراوەتەوە509