كه‌مال ره‌ئوف

عەفرین رۆژی حسابە ‌


سەرباری ئەوەی ئەمریكا هۆشداری داوەتە هاوپەیمانە تەقلیدییەكەی كە ئارامی ناوچەكە تێكنەدات و هێرش نەكاتە سەر عەفرین، بەڵام توركیا لەهێنانی هێزو لە بۆردمانكردن بەردەوامە. جارێ زووە گرەو لەسەر ئەوەبكەین هاوپەیمانەكان ئەوەی لەكۆبانێ‌ كردیان لەعەفرینیش دووبارەی ئەكانەوە، دەوترێت پشتیوانی ئەمریكا بۆ هێزە هاوپەیمانە نوێكەی سنوردارە بە شەری دژی داعش، دیارە ئەوەش ناشارێتەوە لەسیاسەتی ئەردۆگان نیگەران و تورەیە، پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ لەبەرامبەر توركیای ئەندامی ناتۆ و دۆستی دێرینی هەلًوێستێكی وای ئەبێت كە شكۆی ئەمریكا نەكەوێتە ژێر پێی حوكمی سوڵتانخوازی ئەردۆگان سەر دادەنەوێنێت لەبەرامبەر ملهوریەكانی توركیادا..!

لەرابردوودا هاوكێشەی سیاسی و سەربازی ئاڵۆزی سوریا، بەهێزەكانی سوریایی دیموكراتیك راستكرایەوە، بە كولفەیەكی كەم و بە دروستكردنی هێزێكی تۆكمەی تێكەڵا كە مەزهەب و ئایدیای تاكنەتەوەی تێپەراندبوو، شەری دوامەنزڵێ‌ داعشیشی كرد، ئێستا چیتر بۆ ئەو هێزە رۆژی حسابە، تا ئایندەی خۆی لەسوریای ئێستاو دوای بەشار دیاری بكات، ئێستا رۆژی پیاچوونەوەیە بۆ ئەوەی مەحەكی دۆستایەتی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لەمەحەك بدات.

ئەوان لەرابدوودا بەحیكمەت و ئەقلمەندانەی خۆیان لەناو ئەو پشێوییە قوڵەی مەیدانی شەری بەوەكالەتی شیعەو سوننە، ئەمریكاو روسیا، كورد و نەتەوەكانی تری سوریا، بڵانسی ئەو هەمو پەیوەندییە دژبەیەكەیان راگرت، توانیشیان بەشێكی زۆر لەناوچەكان لەوێرانكاری دەستی هێزەكانی حكومەتی سوریاو هێزە توندرەوەكانیش بپارێزن، لەوەش زیاتر بەپێچەوانەی ئەو باهۆزە مەزهەبییە توندرەوییەوە، ئاراستەیەكی مەدەنی خۆراگریان دەرخست، ئاراستەیەك كە لەمێژووی نوێدا لەناوچەكەو جیهانیش تارادەیەك، كەموێنە بوو، گەموێنەبوو لەو ژینگەیەدا لەپاڵ خۆراگری و پاراستنی ناسنامەی خۆیاندا رۆڵی ژنان و كچانیشیان بەجۆرێك لەكایەی سیاسی و سەربازی دەرخست كەجیهانیان بەخۆیان سەرسام كرد، بۆیە ئێستا كاتێتی نەك تەنها ئەوان، خەڵكی تریش چاوەرێی ئەوە لە هێزی هاوپەیمانان بكەن، پشتی ئەم هێزە بەرنەدەن و دەستی توركیا نەكەنەوە بۆ پەلاماردان، خۆ ئەگەر ئەوە رووبدات، ئەوە جگە لەوەی پشێوییەكی گەورە دەكەوێتە ناوچەكەوە و جوڵەی بەهێز لەباكوریش دەستپێدەكات، لەهەمانكاتدا متمانە بەدۆستایەتی ئەمریكاو هاوپەیمانەكان لەناو گەلی كوردو ناوچەكەدا لەگەڵ دوكەڵی تۆپەكاندا بەئاسماندا دەچێت...

خوێندراوەتەوە989