ته‌ها سۆڵه‌یی

هەواڵێکی خۆشم پێبوو...‌


لە 1981دا ساڵی یەکەمم بوو لە ناوەندی وطن ، لە کانێسکان ، دوونیا سارد بوو ، دەوامی دوانیوەڕوان بووین ، سەعات چوار و نیو لەمەکتەب بەربووین ، کە هاتینە دەرەوە ، لەناو ئەو هەموو قوتابیانەدا ، پیاوێکی بەتەمەن ، پیربوو لەخەفەت و ناهەمواری ژیاندا ، رووی کردە من ، ووتی : ئا رۆڵە بێ ، تۆ خوێنەواریت هەیە ، بزانە خەبەرێکی کوڕەکەم بۆ ئەدۆزیتۆ ؟

جا ئەو جادەیەی بەردەم مەکتەبی وطن ، کە ئێستا کراوەیە و ئەڕوات بەرەو هۆڵی تەوار و بازاڕی زارا ....ئەگەیشتە بن بەست ،چونکە ئەو ناوچەیە هەمووی ناوچەیەکی سەربازی و ئەمنی تووند بوو ، خەستەخانەی عەسکەری و ماڵە ئەمنەکان و ئەمنە سوورەکە و حامیەکە وچەند دەزگایەکی تری مەترسیداری تیابوو ...

دەرگایەکی باب النظام هەبوو ، ، پیاوە پیرەکە بە منی ووت ، ئەڵێن نامەی ئەسیری شەڕی ئێران لەم ژوورەدا هەیە ، ئەگەر کوڕەکەم مابێت و ئەسیر بێت قەیناکا بەس نەکوژرا بێت...

ئیتر منیش لەگەڵ پیاوە پیرەکەدا بەو عەسکەرەی بەردەرگاکەمان ووت ، کە ئەمانەوێت سەیری نامەکان بکەین ، کاتەکەش زۆر درەنگ بوو ، نزیکی مەغریب بوو ، عەسکەرەکە بەزەیی بەهەردووکماندا هاتەوە ، ووتی بچنە ئەو ژوورەوە بزانن نامەی تیایە یان نا ...ژوورێکی مامناوەندی و کەمێک تاریک ، مێزێکی ئاسنی رەساسی لەژوورەکەدا بوو ، لەسەر مێزەکە ژمارەیەکی زۆر کاغەز هەبوو ، دەیان نامە هەبوون ، هەمووی تێکەڵ و پێکەڵ بووبوون ، نامەکان لە خاچی سووری نێودەوڵەتیەوە هاتبوون، یەک دیوی یەک لاپەڕە بوو ، لە نیوەی سەرەوەدا ئەسیرەکە وەزع و حاڵی خۆی نووسیبوو ، لە نیوەی خوارەوەشدا کەسوکاری ئەسیرەکە وەڵامی بۆ ئەنووسنەوە ، هەر نامەم هەڵئەدایەوە و ناوی ئەو کوڕەی تیا نەبوو ،منیش کەوتمە دڵە راوکێوە وەکو باوکی کوڕەکە ، ووردە ووردە کابرا خەریک بوو قەڵەمی دەست و ئەژنۆی ئەشکا ، چوونکە وا زۆربەی نامەکانم سەیر کرد و هێشتا ناوی ئەو نییە ، لە کۆتاییدا بێخود ووتم ئەرەوەڵڵا ئەوەتا دۆزیمەوە ، کوڕەکە ئەسیر بوو ، ئەیووت وەزعم باشە ، ماووم و هیچ موشکیلەیەکم نییە ، ئەگەر ئێوە هەواڵی من ئەپرسن ئەوا من باشم و باشی ئێوەش لەخوا داواکارم...دوو سێ جار نامەی کوڕەکەم خوێندەوه ، بۆ ئەوەی تینوێتی دڵی ئەو پیاوە پیرە بشکێنم ، وا بۆم ئەخوێندەوە کە هەستی ئەکرد کوڕە ئەسیرەکەی خۆی لەبەردەمیایە و قسە لەگەڵ باوکیدا ئەکات ، ئەو هەندێ وەڵامی پێبوو ، من گوێم لێگرت و خۆم لەداڕشتنا باش بووم ، جوان بەکوورتی وەڵامەکەم بۆ نووسیەوە ...

ئەوەندە ئەزانم کابرا دڵی زۆر خۆش بوو ، وەکو گوڵ گەشایەوە ، بیرم نایە چەند ماچی کردم و چەندێ دۆعای خێری بۆ کردم ...

ئیتر سووپاسی عەسکەرەکەی بەر دەرگاکەمان کرد و هەردووکمان لە تاریکی شەودا ئاوابووین...

خوێندراوەتەوە2938