هێمن مامه‌ند

شه‌هیدانی‌ رێگای‌ چی‌؟‌


دوای‌ بیست و شه‌ش ساڵ له‌حكومڕانی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كورستان، خه‌ریكه‌  تاوانێكی‌ قێزه‌ون ده‌كه‌ن به‌نه‌ریت و هه‌ر چوار ساڵ جارێك باره‌گاكانی‌ حزبه‌كانیان له‌پێناو پاراستنی‌ شوشه‌و په‌نجه‌ره‌كانیان دێن چه‌ند گه‌نجێكی‌  خێر له‌خۆ نه‌دیووی‌ ئه‌و نیشتیمانه‌ شه‌هید ده‌كه‌ن و ئیتر دوای‌ چه‌ند مانگێك بارودۆخه‌كه‌ هێور ده‌بێته‌وه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ گۆڕانكاریه‌ك له‌بژێوی‌ ژیانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان رووبدات، ئه‌وان هه‌ر له‌شوێنی‌ خۆیان ده‌مێننه‌وه‌و دوای‌ ماوه‌یه‌ك  باره‌گاكانیان به‌پاره‌ ناشه‌رعیه‌كانیان یان له‌سه‌ر قوتی‌ خه‌ڵك له‌جاران جوانتر نۆژه‌ن ده‌كه‌نه‌وه‌و بكوژانیش به‌ئازادی‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ زه‌ره‌رو  زیان ده‌كات  و تا ژیان ماوه‌ به‌ده‌ست ئازاره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ناڵێنن بنه‌ماڵه‌ی‌ شه‌هیدانن، چونكه‌ تاكه‌ شت كه‌برینی‌ ئه‌وان سارێژ یكات ته‌نیا  به‌سزا گه‌یاندنی‌ یاسایی‌ بكوژی‌ رۆڵه‌كانیانه‌، كه‌بێگومان له‌سایه‌ی‌ له‌ده‌ستدانی‌ بێلایه‌نی‌ و ته‌داخول كردنی‌ ده‌ستی‌ حزب دادگاكان ئه‌مه‌ ناكه‌ن.

ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ تێڕامانه‌و سه‌یره‌ جۆری‌ وارسی‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌ی‌ كه‌رۆڵه‌كانیان له‌خۆپیشاندانه‌كان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، تاكه‌ قه‌ره‌بووی‌ ماددی‌ كه‌ده‌كرێنه‌وه‌، مه‌سه‌له‌ی‌ ناسنامه‌ی‌ شه‌هید بوونه‌كه‌یانه‌،  ئه‌وان كاتێك به‌ناحه‌ق و ته‌نیا له‌سه‌ر داواكردنی‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ ژیان داوای‌ نان و ئازادی‌ ده‌كه‌ن  كاتێك له‌به‌رده‌م باره‌گاكانی‌ حزب و به‌فه‌رمانی‌ به‌رپرسی‌ لق و پاسه‌وانه‌كانی‌ حزب ده‌كوژرێن، ئه‌و شه‌هیدانه‌ كاتێك ناسنامه‌ی‌ شه‌هیدانیشیان بۆده‌ردێت  به‌شه‌هیدی‌ هاوڵاتی‌ ناویان ده‌به‌ن و به‌دوو مانگ جارێك 250هه‌زار دینار به‌وارسه‌كانیان ده‌درێت، رۆژی‌ 6/1/2018 سه‌ردانی‌ ده‌ڤه‌ری‌ ڕاپه‌رین و رانیه‌م كرد،  له‌و سه‌ردانه‌دا  سه‌ردانی‌ ماڵی‌ باوكی‌ شه‌هید ( محه‌مه‌د ته‌ها) م كرد كه‌له‌به‌رده‌م لقی‌ 11ی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رۆژی‌ 20/12/2017  به‌ده‌ستی‌ پاسه‌وانه‌كانی‌ باره‌گای‌ لق شه‌هید كراوه‌،  مام ته‌های‌ باوكی‌ شه‌هید محه‌مه‌د كه‌ به‌هۆی‌  گیان له‌ده‌ستدانی‌ كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ بیرو هۆشی‌ له‌ده‌ستداوه‌، سه‌ره‌رای‌ برینی‌ قوڵی‌ له‌ده‌ستدانی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر ئازاری‌ ده‌دات،  تائێستا پۆلیسی‌ رانیه‌ دۆسیه‌ی‌ شه‌هید بوونی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ ره‌وانه‌ی‌ دادگا نه‌كردووه‌و، وه‌ك خۆشی‌ وتی‌" له‌ترسی‌ چه‌كداره‌كانی‌ حزب، هیچ كه‌س له‌هاوڕێ و دۆسته‌كانی‌ شه‌هید محه‌مه‌دی‌ كوڕی‌ كه‌س ناوێرێت شایه‌دی‌ بۆچۆنیه‌تی‌ شه‌هید بوونی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ بدات، له‌هه‌مووشی‌ سه‌یرتر داوا له‌كه‌س و كاری‌ هه‌ر سێ‌ شه‌هیده‌كه‌ی‌ ده‌ڤه‌ڕی‌ راپه‌رین و رانیه‌ كراوه‌، كه‌مامه‌ڵه‌ی‌ شه‌هیدانه‌ بۆ رۆڵه‌كانیان بكه‌ن، كاتێكیش له‌چۆنیه‌تی‌ ناونانی‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌م كۆڵیه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌شه‌هیدی‌ هاوڵاتی‌ ناو ده‌برێن، كه‌مووچه‌كانیان ته‌نیا 250هه‌زار، هه‌روه‌ها كاتێك له‌شه‌هیدانی‌ 27ی‌ شوباتم كۆڵیه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستاكه‌ زۆربه‌ی‌ وارسه‌كانیان  مووچه‌ی‌ شه‌هیدانه‌یان ره‌تكردۆته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی‌ هه‌ر بۆئه‌وه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ئه‌وان نایانه‌وێت مووچه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتێك وه‌ربگرن، كه‌هه‌ر به‌فه‌رمانی‌ ئه‌وان باره‌گاكانی‌ حزب به‌ناحه‌ق كوڕه‌كانیان شه‌هید كردوون و تائێساش تۆمه‌تباران به‌ئازادی‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌و نه‌درتون  به‌دادگا،  لێره‌دا گرنگ چه‌ندیه‌تی‌ مووچه‌كه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌ شه‌هیدی‌ هاوڵاتی‌ نیین، به‌ڵكو شه‌هیدی‌ رێگای‌ حه‌ق و عه‌داڵه‌تی‌ و ئازادی‌ و نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵین، بۆیه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان  به‌پرۆژه‌ یاسایه‌ك ناونانی‌ شه‌هیدانی‌ 17ی‌ شوبات و ئه‌م دواییه‌ی‌ ده‌ڤه‌ری‌ راپه‌ڕین و رانیه‌  یه‌كلابكاته‌وه‌ ناویان بنێنن شه‌هیدانی‌ رێگای‌ عه‌داله‌ت، یان حه‌ق و ئازادی‌ یان شه‌هیدانی‌ رێگه‌ی‌ نان و ئازادی‌ یان  شه‌هیدانی‌ ده‌ستی‌ چه‌كداره‌كانی‌ باره‌گاكانی‌ حزب..هتد، بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌ركاتێك ناوی‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌ دێت یان كاتێك  كه‌س و كاره‌كانیان ده‌چنه‌  وه‌زاره‌ت و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ شه‌هیدان بۆوه‌رگرتنی‌ مووچه‌كانیان تایبه‌تمه‌ندی‌ خۆیان پێبدرێت و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌ست به‌شه‌رمه‌زاری‌ بكات، كه‌ئه‌وان دوای‌ بیست و شه‌ش ساڵ ته‌نیا شه‌هیدی‌ خۆماڵیان به‌رهه‌م هێنا.


خوێندراوەتەوە343