د. ئیسماعیل نامیق

حکومەتی‌ کات بەڕێکەر‌


ئەم حکومەتەی‌ ئێستای‌ هەرێم مەگەر تەنها لای‌ نێچیرڤان بارزانی‌ وقوباد تاڵەبانی‌ حکومەت بێت وشەرعیەتی‌ مابێ، چونکە لەروی‌ کاتەوە، پێویست بو ئێستا هەڵبژاردن بکرابا وحکومەتێکی‌ نوێ پێک بهێنرایە، پارتی‌ ویەکێتی‌ بەهاوکاری‌ چەند لایەنێکی‌ دیکە رێگریان لەمە کردو، لەمامەڵەیەکی‌ ژێربەژێردا بەسیناریۆیەکی‌ ناشرین تەمەنی‌ ئەم خولەی‌ پەرلەمانیان درێژکردوە، دەرەنجام تەمەنی‌ هاوڕێیەتی‌ ئەو دوو بەڕێزەش درێژکرایەوە، بۆ بەردەوامبون لەسەر کارە خراپەکانیان. کەواتە لەروی‌ کاتەوە، تەمەنی‌ ئەم حکومەتە بە پرۆسەی‌ بوژاندنەوەی‌ دەستکرد درێژکراوەتەوە. لەروی‌ مومارەسەوە، حکومەتەکەی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ وقوباد تاڵەبانی‌ بەتەواوی‌ شەرعیەتی‌ مومارەسەی‌ لەدەستداوە، چونکە تا ئەوپەڕی‌ سنورەکان فەشەلی‌ هێناوە لەبەڕێوەبردن ودابینکردنی‌ پێداویستی‌ وخزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی‌ ژیان، هەروەها لەژێر سایەی‌ ئەم حکومەتەدا نیوەی‌ خاکی‌ کوردستان لەدەستدرا، نیوەکەی‌ دیکەی‌ ئابڵوقە درا، شکۆی‌ کورد و پێشمەرگە شکێنرا، ئەو بەرپرسانەی‌ کە لەژینگەی‌ ئەم حکومەتە شکستخواردوەدا وەکو زەرو قەڵەو بون، پێشمەرگەیان بە تەنها لە مەیدانەکانی‌ جەنگ بەجێهێشت وخۆیان هەڵاتن، کەچی‌ لە خَپیشاندانەکانی‌ ئەم دواییەدا، ئەو چەک وتەقەمەنی‌ وهەمەرانەیان هێنا بۆ ئازاردان وکوشتنی‌ خەڵک، کە بە قسەی‌ خۆیان بەشی‌ تەنها نیو سەعات بەرگریکردن وشەڕکردنی‌ نەدەکرد. شەرعیەتی‌ مومارەسەش دیوی‌ دوەمی‌ شەرعیەتە، دیوی‌ یەکەمی‌ بریتیە لەشەرعیەتی‌ هەڵبژاردن، هەر یەکێک لەم دو دیوە نەمێنێ شەرعیەت لەق دەبێ، ئێستا حکومەتەکەی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ و قوباد تاڵەبانی‌، دیوی‌ یەکەمی‌ شەرعیەتی‌ بەموزەیەفی‌ بۆ خۆی‌ هێشتۆتەوە، بەڵام دیوی‌ دوەمی‌ شەرعیەتی‌ بەتەواوی‌ لەدەستداوە. لەروی‌ ژمارەشەوە شوێنی‌ بەشێکی‌ زۆری‌ ئەندامانی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران بەتاڵە، جا یان دەستیان لە کارکێشاوەتەوە، یان لە مۆڵەت وغیابێکی‌ نیمچە هەمیشەیدان، بۆیە لەم روەشەوە حکومەتەکە تەواو لەقبوە.


بزوتنەوەی‌ گۆڕان زۆر هەوڵیدا ئەم حکومەتە شەق وشڕە هەڵوەشێنرێتەوە، لەجێگەی‌ حکومەتێکی‌ کاتی‌ دروست بکرێت، یەکەم هەنگاوی‌ ئەو حکومەتە کاتیە دانوستان بێت لەگەڵ حکومەتی‌ فیدراڵدا بەدەنگێکی‌ دلێرتر و بەهێزتری‌ هەڵقوڵاو لەهاوهەڵوێستی‌ لەمەڕ پرسە چارەنوسسازەکان، بەڵام دەسەڵاتی‌ ماڵبات وخۆبەزلزانی‌ ناو پارتی‌ ویەکێتی‌ وەکو عادەتی‌ هەمیشەییان رێگریان لەهەوڵەکەی‌ گۆڕان کرد، مکوڕ بون لەسەر مانەوەی‌ حکومەتەکە بەو شێوەیە، بۆیە گۆڕانیش ناچار بو لەگەڵ کۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ و هاوپەیمانی‌ بۆ دیموکراسی‌ ودادپەروەری‌ بەشاندێکی‌ هاوبەش سەردانی‌ بەغداد بکەن، ئەم سێ هێزە لەروی‌ ژمارەوە نوێنەرایەتی‌ بەشێکی‌ زۆری‌ خەڵکی‌ کوردستان دەکەن، لەروی‌ بابەت و ئامانجی‌ سەردانەکەشیانەوە، دەتوانم بڵێم نوێنەرایەتی‌ زۆرینەی‌ رەهای‌ کۆمەڵگەی‌ کوردستان دەکەن، وە هیچ یاسایەکیش نیە رێگرییان لێ بکات، چ وەکو بەرەیەکی‌ ئَۆپۆزسیۆن، چ وەکو پارتی‌ سیاسی‌، سەردانی‌ هەر دامەزراوەو هێزێکی‌ عێراقی‌ بکەن، بەڵام ئێستا کەپارتی‌ ویەکێتی‌ هاتون دەستی‌ چەوری خۆیان بەم سێ هێزەدا ئەسڕن، لەوە ناترسن ئەرشیفی‌ سەردان ودانوستانەکانی‌ خۆیان بخرێتەوە بەرچاو، وا ئەزانن خەڵکی‌ کوردستان ئەوەندە زاکیرەی‌ بچوکە، بیری چۆتەوە کێ ئەچو بۆ بەغداد و وڵاتان بۆ بابەتی‌ ریفراندۆم و دروستکردنی‌ دەوڵەت!!! گۆڕان هیچ کات لەگەڵ ئەوە نەبوە وەفدی‌ حیزبی‌ دانوستان ل سەر بابەتی‌ پەیوەندیەکانی‌ هەرێم بکات، بەڵام لەبەرامبەریشدا ئەوەی‌ رەتکردۆتەوە تەسلیم بەویستی‌ خراپی‌ یەکێتی‌ و پارتی‌ بێت، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا لەبەرەی‌ ئۆپۆزسێون لەروی‌ ئەخلاقیەوە مولزەمن بەوەی‌ بەرگری‌ لەژیان ومافی‌ خەڵکی‌ کوردستان بکەن، بە تایبەتی‌ لەو کاتەی‌ پارتی‌ ویەکێتی‌ دەیانەوێت خەڵکی‌ زیاتر بچەوسێننەوەو ملکەچی‌ ویستی‌ شەڕانگێزی‌ خۆیانی‌ بکەن، لەبەر ئەوە دەبێت پارتی‌ ویەکێتی‌ دوا کەس بن رەخنەیان لەسەردانەکەی‌ ئەو سێ لایەنە هەبێت بۆ بەغداد و بەسەردانێکی‌ حیزبی‌ وەسفی‌ بکەن، ئەمە ئەوەیە ئەڵین تا خاوەن ماڵ دزی‌ گرت دز خاوەن ماڵی‌ گرت.


لەکۆتاییدا ئەمەوێ ئەوە بڵێم لەساڵی‌ 1921 جگە لەناوچەکانی‌ کوردستان هەمو ناوچەکانی‌ دیکەی‌ عێراق لەگەڵ دانانی‌ مەلیک فەیسەڵ وحوکمی‌ پاشایەتی‌ وپشتاوپشتدا بون لەعێراقدا، کەچی‌ ئێستا وێنەکە تەواو پێچەوانە بۆتەوە، لەهەمو ناوچەکانی‌ عێراقدا حوکمی‌ پشتاو پشت وبنەماڵەیی‌ نەماوە، بەڵام لەکوردستاندا هەوڵدەدرێت، پایەکانی‌ حوکمی‌ بنەماڵەیی‌ بەهێز بکرێت، واتە مۆدێلەکە بونی‌ هەیە وهەستپێکراوە، بۆیە ئەرکی‌ گۆڕان وهێزەکانی‌ دیکەیە رێگری‌ لەم مۆدێلە خراپەی‌ حوکمڕانی‌ بکەن.


خوێندراوەتەوە1125