بێستون فایه‌ق

سەردانێکى درەنگ بەڵام پێویست بۆ بەغدا‌

هەرێمى کوردستان کەمترین پەیوەندى حکومى و دامەزراوەیى لە ئاستى بەغداو ناوچەکەو جیهاندا هەبوەو هەیە، ئەوانەى بەناوى کورد و هەرێمى کوردستانەوە لەئاستى دەرەوە وەک نمایندە خۆیان نمایش کردوە یەکێتى و پارتى و بنەماڵەو باڵە دەستڕۆیشتوەکانیان بون .

 یەکێتى و پارتى  وەک حزب ، وەک بنەماڵە و خێزان پەیوەندیان بە تاران و تورانەوە هەیە لە گەڵ شیعەو سونە ، سوپا و میلیشیاو حەشد و میت واتلاعات  هتد ...  کۆ دەبنەوە و دەیان سەوداو جموجۆڵى ناڕونیان لەگەڵ دەکەن و هیچ کات ڕێگەیان نەداوە پەیوەندیە سیاسى و سەربازى و ئەمنى و بازرگانی و ئابوریەکانى کوردستان وەک حکومەت و وەزارەت بکرێت و مەجراى کارى دەوڵەتى و دامەزراوەیى خۆى وەربگرێ . 

تا ئەو کاتەى پەیوەندیە گشتی و کایەکانى تر بە تەواوى دەکەونەوە دەست دامەزراوە دەوڵەتى و رەسمیەکان  کە ئێستا ئەو دامەزراونە  تەواو بێ رؤڵ و ناکاران و پەیوەندیە رەسمى و نەتەوەیەکان  لە دەست یەکێتى و پارتیدایە و رونیشە کە تێیدا سەرکەتو نەبون ، ماف و ئەرکى هێز و کەس و گروپە رەسەنەکانى ترى نێو هەرێمى کوردستانە  لەبرى یەکێتى و پارتى و بەڕێگەو هەنگاوى جیاواز لەئەوان لە پیناو پاراستنى کیانى هەرێمى کوردستان و خاک و خەڵکەکەى رۆڵى خۆیان ئەدا بکەن و هەموو  رێگایەکى ناوخۆى و عێراقى و جیهانى بگرنە بەر بۆ تێپەڕاندن و دەربازکردنى دۆخى خراپى خەڵک و خاک و ئەزمونى هەرێمى کوردستان .

سەردانى وەفدەى هاوبەشى سێ لایەنى کوردى بۆ بەغدا (گۆڕان ، کۆمەڵ ، هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى) سەردانێکى پێویست و بەجێیە، هەرچەندە درەنگەو ئەسڵ وابوو پێشتر و لە دواى روداوەکانى ١٦ ى ئۆکتۆبەر ئەم سەردانەو هەوڵ و هەنگاوى  تریش بگیرایەتە بەر،  ئەم وەفدە کە وەک نوێنەرى حکومەت نە رۆشتون و لە دیدارو بەیان و لێدوانە فەرمیەکانیشدا نەیان شاردۆتەوە کە ئەوان نوێنەرى سێ لایەنى سیاسى کوردستانن نەک حکومەت تەواو پێچەوانەو جیاوازە لە پەیوەندى و سەردانەکانى پێشوى حزبەکان ، دروست کردنى ئەم وەفدەو مەبەستى ئەسڵی ئەم سەردانە دۆزینەوەى رێگایەکە بۆ وتویژى حکومەتى هەرێم و بەغدا کە جگە لە پابەندبونى حکومەت و یەکێتى و پارتى و بنەماڵەو خێزان و باڵەکانیان بە دەستور و یەکپارچەیى عێراقەوە دەیان جار سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى ئەم داوایەیان لە بەغدا کردوە و چەندین وڵات و ناوەندیشیان راسپاردوە بۆ نێوەندگیرى و دەست کردن بە گفتزگۆ لەگەڵ بەغدا ،  ئەم سەردانە نە هاوشێوەیە بە سەردان و پەیوەندیە ناڕون و نادروستەکانى یەکێتى و پارتى بە دەرەوە ، نە هەنگاوێکە مەترسى لە سەر خاڵ و خەڵک و سنور و پێگەى هەرێم و ژیانى دانیشتوانەکەى دروست بکا ، ئەم سەردانە هەوڵێکە بۆ راگرتنى ئەو تەعریبە موبەرمەجەى لە ناوچە کوردستانیەکان دەستى پێ کردۆتەوە ، هەنگاوێکە بۆ ئاسایکردنەوەى دۆخى خورماتوو ئەو شوێنە گرنگە کوردیەى بە چەند سەعاتێک تەسلیم کراو ئیستا شەست هەزار کوردى رەسەنى ئەو شارە ئاوارە و بی ماڵ و حاڵن ، نیەتى راستەقینەى ناردنى ئەم وەفدە موچەى خەڵکە ، ژیانى فەرمانبەرانە کە کابینەى حکومەتى ئێستاى هەرێم بە تەواوى تواناى ئیدارەدانى نەماوە .

خوێندراوەتەوە568