ئومێد قه‌ره‌داخی

ملیاردێره‌كانی كورد له‌ كوێوه‌ دێن؟‌


دروستبوونی ملیاردێر له‌ سیاقی مێژوویی خۆیدا و له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا ، په‌یوه‌سته‌ به‌ راده‌ی گه‌شه‌كردنی ئابووری نیشتیمانییه‌وه‌،  گرێدراوه‌ به‌ ئاستی گه‌شه‌ی سێكته‌ره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاریی و رێژه‌ی به‌شداریكردنیان له‌ پێكهێنانی كۆی داهاتی نیشتیمانیدا، هه‌تا ئاستی گه‌شه‌ی ئابووری نیشتیمانی زیاتر بێت، هه‌تا سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كانی به‌هه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رزتر به‌شداری له‌ پێكهێنانی كۆی داهاتی نیشتیمانی بكه‌ن، ئه‌وا  ئه‌گه‌ری ده‌ركه‌وتنی ملیادێر زیاتره‌،  له‌م جۆره‌دا ملیادێر رۆڵی گرنگ ئه‌بینێت له‌ گه‌شه‌پێدانی ئابووری و داهینانی گه‌وره‌ و  پێشخستنی ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ و په‌ره‌پێدان ، به‌ڵام له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه‌  ئابووری نیشتیمانی گه‌شه‌ی نه‌كردوه‌، كه‌ سێكته‌ره‌كانی به‌رهه‌مهێنان نه‌بوژاونه‌ته‌وه‌، كه‌ كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار و بواره‌كانی دیكه‌ له‌ ئاستێكی نزمدان ، 

 به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ره‌تی پشت به‌ داهاتی نه‌وت ئه‌به‌ستن ، ئه‌وا ده‌ركه‌وتنی رێژه‌ی زۆری ملیادێر گوزارشت له‌ ناعه‌داله‌تییه‌كی گه‌وره‌ ئه‌كات له‌ دابه‌شكردنی سامانی نیشتیمانیدا، بگره‌ له‌ زۆر باردا و به‌ تایبه‌ت له‌و كۆمه‌ڵگا نه‌وتیانه‌ی كه‌ چاودێریكردن تیایدا لاوازه‌ و دام و ده‌زگای دیموكراسی بونیاد نه‌نراوه‌ و ، نوخبه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتخواز مامه‌ڵه‌ به‌ دارایی گشتیه‌وه‌ ئه‌كه‌ن ، ئه‌وا ملیاردێر به‌رهه‌می پروسه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تاڵانكردنه‌ و سه‌رمایه‌كه‌شی به‌شێك نابێت له‌ بوژانه‌وه‌ی ئابووری نیشتیمانی ، به‌ڵكو به‌شێك ئه‌بێت له‌  وێرانكردن و قوڵكردنه‌وه‌ جیاوازییه‌ چینایه‌تییه‌كان، ئه‌و كه‌سانه‌ی پێیان وابوو ده‌ركه‌وتنی ملیاردێر له‌ كوردستاندا ئومێدێكه‌ بۆ بوژانه‌وه‌ی ئابووری وڵات و پته‌وكردنی ژێرخانه‌كه‌ی، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ مژده‌ی زیادبوونی ملیاردێر و ملیونێریان پێ ئه‌داین  وه‌ك هێمایه‌ك بۆ پێشكه‌وتنی ئابووری، له‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌دا بوون، چونكه‌ ملیاردێر و ملیۆنه‌ر به‌رهه‌می پێشكه‌وتنی  قاعیده‌ی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆ نه‌بوون، ئه‌نجامی گه‌شه‌كردنی وزه‌ی به‌رهه‌مهێنان نه‌بوون، به‌ڵكو  به‌رهه‌می تاڵانكردنی سامانی نه‌وت بوون،  ئه‌نجامی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی  كۆمپانیاكان و سه‌رمایه‌داره‌كانی حزب بوو به‌سه‌ر بازار و چالاكی ئابووریدا، ئه‌نجامی نه‌بوونی چاودێری بوو به‌سه‌ر كاری كۆمپانیاكانه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و مافی هاوڵاتی.

  هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌و ناوچانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجار نا سروشتی  ملیاردێر له‌ ده‌ركه‌وتن و گه‌شه‌كردندایه‌، به‌ پێی لێدوانی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌ران  30 ملیاردێر و  زیاتر له‌ 10 هه‌زار ملیۆنه‌ری تێدایه‌، زیاتره‌ له‌ ژماره‌ی ملیادیره‌كانی ژماره‌یه‌ك وڵاتی ئابووری گه‌وره‌ ، به‌ پێی لیستی فۆربس بۆ سالێ 2013  بۆ ملیاردێره‌كانی جیهان،  ملیاردێره‌كانی ولاتێكی به‌هێز و گه‌وره‌ی وه‌ك یابان كه‌ دووه‌م هێزی ئابوورییه‌ له‌ جیهاندا ، خاوه‌نی ته‌نها 22 ملیاردێره‌ ، وڵاتێكی نه‌وتی وه‌ك سعودیه‌ ته‌نها 8 ملیاردێری هه‌یه‌، وڵاتێكی وه‌ك كویت كه‌ وڵاتێكی نه‌وتی گه‌وره‌یه‌ و هێمایه‌كی گرنگی خۆشگوزه‌رانیه‌  ته‌نها 5 ملیاردێری هه‌یه‌، هۆڵه‌ندا كه‌ سه‌رده‌مێك وڵاتێكی كۆڵۆنیسالیستی گه‌وره‌ بوه‌ ته‌نها 6 ملیاردێری هه‌یه‌، به‌ڵام كوردستان 30 ملیاردێری هه‌یه‌ ،  سه‌ره‌رای ئه‌مه‌ ، ژماره‌ی ملیاردێره‌كانی كوردستان هاوتایه‌ به‌ ژماره‌ی ملیاردێره‌كانی 9 وڵاتی ئه‌وروپی كه‌ به‌شێكیان له‌وانه‌ پورتوگال و دانمارك و هۆڵه‌ندا حوكمی جیهانیان كردووه‌ ,  كه‌ بریتین له‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ وڵاتانی  ((دانمارك 6,فنله‌ندا 1, یۆنان 3 ,ئێرلاند 5,هۆڵه‌ندا 6,پورتوگال 3,رۆمانیا 1,قوبروس 3,چیك 4)).

ئه‌م ده‌یان  ملیاردێر و  هه‌زاران ملیونه‌ره‌ له‌ كوێوه‌ دێن؟ له‌ چالاكی ئابووری و پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌؟ له‌  پیشه‌سازی و كشتوكاڵه‌وه‌ ؟ له‌ بازرگانی و كه‌رتی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌؟ بێگومان نه‌خێر،  نه‌ك له‌ ئێستادا كه‌ قه‌یرانی داراییه‌ و چالاكیه‌ ئابورییه‌كان  ته‌واو سست و لاواز بوون، به‌ڵكو له‌وپه‌ری دۆخی بوژانه‌وه‌ی ئابووریشدا سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانی به‌رهه‌مهێنان و چالاكی خزمه‌تگوزاری رێژه‌ی به‌شداریكردنیان كه‌متر بوه‌ له‌ 5%،  زیاتر 95%  پشتی به‌ داهاتی نه‌وت به‌ستوه‌ ، به‌ پێی ئه‌و داتایانه‌ی له‌به‌رده‌ستی مندایه‌  سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری، واته‌ كه‌رته‌كانی   پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و بازرگانی و بیناسازی و گه‌شتوگوزار و بانك...  

له‌ ساڵی 2007  ته‌نها به‌ رێژه‌ی 2.3% به‌شداری كردوه‌ له‌ پێكهێنانی كۆی داهاتی نیشتیمانیدا و به‌ ته‌نها نه‌وت رێژه‌ی 97.7% داهاتی نیشتیمانی پێكهێناوه‌،  له‌ ساڵی 2008 سه‌رجه‌م كه‌رته‌ ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی 2.34% داهاتی نیشتیمانیان پێكهێناوه‌، ساڵی 2009  سه‌رجه‌م به‌رهه‌می كه‌رته‌ ئابورییه‌كانی هه‌رێم  4.5% داهاتی  هه‌رێمی پێكهێناوه‌ ،  هه‌رچی ساڵی 2010 یه‌، ئه‌وا رێژه‌ی به‌شداری سه‌رجه‌م كه‌رته‌ ئابووریه‌كانی هه‌رێم جگه‌ له‌ نه‌وت  3.04% بوه‌  و نه‌وت به‌ ته‌نها رێژه‌ی 96.96% كۆی داهاتی نیشتیمانی پێكهێناوه‌ ، بۆ ساڵی 2011 ، ئه‌وا  به‌شداری  سه‌رجه‌م كه‌رته‌ ئابوورییه‌كانی هه‌رێم  جگه‌ له‌ نه‌وت له‌ پێكهێنانی كۆی داهاتی نیشتیمانیدا  ته‌نها به‌رێژه‌ی 3.50% بوه‌ ،  سه‌باره‌ت به‌ ساڵی 2012 ، ئه‌وا    به‌رهه‌می  ته‌واوی كه‌رته‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری له‌ پێكهێنانی ته‌نها  3.84%  داهاتی نیشتمانی بوه‌ ، ساڵی 2013  ئه‌م رێژه‌یه‌ گه‌یشتۆته‌ 4.32% .

 له‌و ئامارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ر ئه‌كه‌وێت به‌رزترین رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی  تێكرای كه‌رته‌ ئابوورییه‌كان له‌ هه‌رێمدا ، به‌هه‌ردوو بواری خزمه‌تگوزاری و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌  كه‌متره‌ بوه‌ له‌ 5% كۆی داهاتی نیشتیمان.

خوێندراوەتەوە634