مەریوان وریا قانع

حەوت سەرنج دەربارەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم ساتەی ئێران‌

یەکەم: ئەم شەپۆلە لە خۆپیشاندان شەپۆلێکی سەتاسەرەییە، بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێرانی گرتۆتەوە، ڕەنگە سەرەتاکەی پابەستی دەستپێشخەری باڵە کۆنەپارێزەکەی ناو ڕژێم خۆی بووبێت دژ بە حکومەتەکەی ڕۆحانی، بەڵام لە ئێستادا خۆپیشاندانەکان لەدەستی ئەوان چۆتەدەرەوە و بووە بە جوڵەیەکی بەرفراوانی کۆمەڵگا دژ بە حوکمڕانییە ئیسلامییەکە. 

دووھەم: لە ماوەیەکی کورتدا ناڕەزایەتییەکان گۆڕانێکی چۆنایەتییان بەسەردا ھاتو لە ناڕەزاییەتیەکی ئابورییەوە گۆڕاوە بۆ ناڕەزاییەتییەکی سیاسیی، لە خۆپیشاندن دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی شت و مەک و پێداویستییە بنەڕەتییەکانەوە گۆڕاوە بۆ خۆپیشندان دژ بە سیستمە سیاسییەکە. بە مانایەکی دیکە داخوازییەکان تەنھا وەک داخوازیی ئابوریی و کۆمەڵایەتییەوە نەماونەتەوە و داخوازیی سیاسیشیان چوەتەسەر. 

سێھەم: بەڵام ئەو گۆڕانە لە ئابورییەوە بۆ سیاسەت نابێت ئەوە لەبیربباتەوە کە ھۆکاری ڕاستەقینەی ناڕەزاییدەربڕینەکان تێکچوونی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگای ئێرانی و نەتوانینی دابینکردنی پێداویستە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ئەو ژیانەیە. ئەمەش بەھۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی نرخی خۆراک، دروستبوونی نابەرابەرییەکی گەورە لەو کۆمەڵگایەدا، ئامادەگیی گەندەڵییەکی گەورە و بەرفراوان، ھاتنەخوارەوەی ئاستی بەرھەمھێنان، قەیرانی ئابوریەک کە پشتی تەواوی تەنھا بە ئابوری نەوت بەستوە، بێکارییەکی گەورەی گەنجان، پیس بوونی ژینگە، ھتد... 

چوارەم: ئەوەی شوێنی تێڕامانە لەم شەپۆلە تازەیەی خۆپیشانداندا ئەوەیە لە ناوچە پەراوێزییەکانەوە دەستیپێکرد و دواتر بەرەو سێنەتەرە گەورەکانی دەسەڵات و سیستمە سیاسییەکە ڕۆیشت: لە مەشھەدەوە سەری ھەڵدا و لە ئێستادا گەیشتۆتە تاران، لەکاتێکدا یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بزوتنەوە ناڕەزاییەکانی پێشتری ئەو وڵاتە لەوەدابوو کە تەنھا لە سنووری شارە گەورەکاندا قەتیس دەبوو، بەتایبەتی لە سنووری تاراندا، وەک بزوتنەوەی سەوز لە ساڵی ٢٠٠٩دا.

پێنجەم: ئەم بزوتنەوەیەی ئێستا بزوتنەوەی بەشە ھەژار و پەراوێزیەکەی کۆمەڵگای ئێرانییە، لەکاتێکدا بزوتنەوەکانی پێشوتری ئەو وڵاتە زیاتر بزوتنەوەی خوێندکاران و چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگا بوو. ئەوەی ئێستا لەسەر شەقامەکانە خەڵکە بە مانا سادەکەی، واتە بەشی خوارەوە کۆمەڵگا. 

شەشەم: ڕەنگە زەحمەت بێت ئەم بزوتنەوەیەی وەک تاکە بزوتنەوەیەک ببینین، لەڕاستیدا رەنگە ئەوەی ئەم بزوتنەوەیە لەوانەی پێشخۆی جیاباتەوە ئەوەبێت کە ئەمجارە بزوتنەوەکە ”یەک“ بزوتنەوە نییە، بەڵکو زیاد لە بزوتنەوەیەکە کە ھەندێک شتی ھاوبەش و ھەندێک جیاوازیی سەرەکییان تێدایە. بۆ نموونە خۆپیشاندان لە ناوچە کوردستانییەکاندا دابڕاو نییە لەو مەسەلەیەی ناوی ”مەسەلەی کورد“ە و پابەستی مافەکانی میلەتێکی چەوساوەی ناو ئەو وڵاتەیە. لەناوچە کوردستانییەکاندا ژێرخانی سەرەکیی ناڕەزاییەتییەکان کورتنابێتەوە تەنھا بۆ داواکاری ئابوریی و سیاسیی گشتیی، بەڵکو ھەندێک لە خواستەکانی ئەو ناوچانە پابەستن بە کوردبوونی ئەوان و بە ”مەسەلەی کورد“ەوە لەو وڵاتەدا. 

حەوتەم: لە ئێستادا ھەندێک مەیلی ترسناک لەناو ئەم بزوتنەوەیدا دەبینرێت کە پێویستە لەیادنەکرێت و ببینرێت، لەوانە بۆ نموونە خەونی ترسناک و خراپی گەڕانەوە بۆ سیستمی پاشایەتی.

خوێندراوەتەوە1280