مەریوان وریا قانع‌ ‌و ئاراس فەتاح

بۆچی توندوتیژی دەبێت بە خەسڵەتی ململانێ سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان؟‌


یەکێک لەو چەمکە تیۆرییانەی کە رەنگە بتوانێت ھاریکارمان بێت بۆ تێگەیشتن لە دونیای ئەمڕۆمان، چەمکی ”بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان“ە. مەبەستی سەرەکیی لە بەکارھێنانی ئەم چەمکەدا تێگەیشتنە لە کردەی ھەوڵدان بۆ بەرپاکردنی گۆڕانکاریی و بەھای کۆمەڵایەتیی نوێ، بۆ دەستکاریکردنی ئەو دونیا و پەیوەندییانەی کە باڵادەستن. ئەم چەمکە خەسڵەتێکی نوێ لە کولتوری ململانێی کۆمەڵایەتیی نیشاندەدات کە زۆرجار لەدەرەوەی ئۆرگان و بونیادی پارتی سیاسییدا، لە دەرەوەی دەزگا گشتیی و رەسمییەکاندا ھەوڵی دەستکاریکردنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و بەھا سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان دەدات. ئەم بزوتنەوانە فۆرمێکی نوێ لە ئەکتیڤیزمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی دەھێننە ئاراوە کە سەر بە شێوە تەقلیدیی و سونەتییەکانی کردەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ناو پارت و رێکخراوە سیاسییەکان نین.

لەڕوی مێژوییەوە لە شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە زاراوەی ”بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێکان“ لە خۆرئاوا دەچێتە ناو ئەدەبیاتی سیاسییەوە، لەوێنەی بزوتنەوەی (68)و پاشان بزوتنەوەی ئاشتیی و ژینگە و ژنان و دژە راسیزم و ھتد. ئەم زاراوەیە ھێمایە بۆ جیاکاریی لەگەڵ ”بزوتنەوە کۆن“ەکان کە بە پلەی یەکەم بە بزوتنەوەی کرێکاران ناسرابو. ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیانە لەسەردەمێکدا ھاتنەکایەوە کە بە قۆناغی ”جێگیریی ئابوریی“ و ”ئاشتیی کۆمەڵایەتیی“ و ”کۆتایی ئایدیۆلۆژیا“ لە خۆرئاوادا، ناودەبرا. ململانێی نێوان کار و سەرمایە و پەیوەندیی نێوان چینەکان ئەو ئاکارە دوژمنکارانەی جارانی نەمابو، لەبری ئەمە باسی ”رێکەوتن“ یان ”لێکنزیکبونەوەی چینایەتیی“ دەکرا لە چوارچێوەی ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی“دا.

بەشێوەیەکی گشتیی ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیانە سێ خەسڵەتی سەرەکییان ھەیە: یەکەم، لەڕوی کۆمەڵایەتییەوە فرەبنکەن و تەعبیر لە بەرژەوەندیی چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتیی ناکەن. دوھەم، نابن بە رێکخراوی شاقوڵیی لە فۆرمی حیزبی سیاسیی یان سەندیکادا، بەڵکو وەکو رێکخراوێکی ئاسۆیی کاردەکەن و دەبن بە ھێزی فشار لەناو روبەری گشتییدا. سێھەم، بەشێوەیەکی گشتیی خەبات بۆ بەھای مادیی و دەستکەوت ناکەن، بەڵکو بۆ بەھای سیاسیی و ئینسانیی و ژینگەیی و جێندەریی دەیکەن. پرسی سەرەکیی بۆ ئەوان بەتەنھا سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی داھات و سەروەت و سامان نییە، بەڵکو بەرھەمھێنانی بەھای کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی نوێیە.

گرنگترین ھۆکار بۆ توانای سەرھەڵدان و چالاکبونی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیی نوێ بریتییە لە بونی فەزایەکی دیموکراسیی و رێزگرتن لە مافی رادەربڕین و رێکخراو دروستکردن و کراوە بەڕوی پلورالیزمی سیاسیی و فەرھەنگییدا، ھتد. کەسانی سەر بەم بزوتنەوانەش سەر بە چینەکانی خوارەوە نەبون، بەڵکو زۆرینەیان سەر بەچینی ناوەڕاست و خوێندەوار و گەنجبون. ھەمو بزوتنەوەکەش لە پیاوان پێکنەھاتبون، بەڵکو ژمارەیەکی گەورەی ژنان تیایدا ئامادە و چالاک بون. ئاشکرایە بەشێکی زۆری ئەم ژینگە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییەی دروستبونی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی نوێ لە کوردستاندا بونی نییە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئەم چەمکە ناتوانێت ھاریکارمان بێت بۆ بینینی ھەندێک لە کێشە بنەڕەتیی و بونیادییەکانی دونیای ئێمە.

بۆ نمونە لە ھەرێمی کوردستاندا چەند سەد رێکخراوێکی مەدەنیی بونی ھەیە کە دەچنە خانەی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیی نوێوە؛ چینێکی ناوەندی گەورەی خوێندەوار لە ئارادایە، شێوازی جیاوازیی ئەکتیڤیزمی کۆمەڵایەتیی سەریھەڵداوە، ھۆشیاریی بە پلورالیزمیی سیاسیی و فەرھەنگیی لە ھەموکات بەرزترە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە زۆرینەی رەھای ئەو ئۆرگان و رێکخراو و چالاکەوانانە لەلایەن دەسەڵاتەوە، یان کەسایەتییەکی سیاسیی سەر بە دەسەڵاتەوە، یان ئەندامانی خێزانە سیاسییە حوکمڕانەکانەوە ئاراستەدەکرێن و زۆرجاریش ئیملای کردە کۆمەڵایەتیی و رۆشنبیرییەکانیان دەکرێت. دەشێت لێرەدا دو پرسیار بکەین. یەکەم، بۆچی ئەم رێکخراوانە ناتوانن ببن بە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ و ھێزی فشار بۆسەر دەسەڵات؟ دوھەم، بۆچی لە ھەرێمدا تەنھا دروستکردنی حیزبی سیاسیی دەبێت بە کەرەستەی خەباتکردن بۆ گۆڕانکاریی و بۆچی خۆپیشاندانەکان گەر لەلایەن حیزبەکانەوە رێکنەخرێن، ھەمیشە ڕو لە توندتوتیژیی دەکەن؟

وەڵامی پرسیاری دوھەمیان قورس نییە؛ خۆپیشاندان لەناو ئەم دەسەڵاتە سوڵتانییەدا ناچێتە خانەی کردەیەکی مەدەنییەوە، چونکە وەکو مافێک سەیر ناکرێت، بەڵکو وەکو مەترسییەک دەبینرێت کە گوایە دەستێکی دوژمنکارانە، زۆرجار دەرەکیی، لەپشتەوەیە. دەسەڵاتی کوردیی دەسەڵاتی ھەڵھێنانی تیۆری پیلان و موئامەرەیە لە ھەمو وەرزەکانی حوکمڕانیکردنیدا و بەردەوام بەدوای دوژمنێکی ناوەکیی وەھمییەوەیە. جگە لەمە ئەوەی لە دونیای ئێمەدا دەستنیشانی بڕی ھەرەزۆری پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتداران و کۆمەڵگا دەکات ترس و توندوتیژییە، چونکە ئەم دەسەڵاتدارێتییە نەک تەنھا باوەڕی بە ماف نییە، بەڵکو بە لۆژیکی ئاغا و رەعیەت مامەڵە لەگەڵ تاکەکەس و گروپەکاندا دەکات. رەعیەتش جگە لە گوێڕایەڵییەکی بەردەوام ھیچ مافێکی دیکەی نییە. خاڵێکی تر کە جێگای لەسەروەستانە ئەوەیە تێڕوانینێک لە دونیای ئێمەدا بوەتە باو کە پێیوایە ھەمو خۆپیشاندانێک دەبێت بە راپەڕین یان شۆڕش دژ بە سیستەمە سیاسییەکە کۆتاییبێت. خۆپیشاندانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە دونیادا تەنھا ئاشتیخوازانە نین، بەڵکو ھەندێجار پڕن لە توندتوتیژیی، بەڵام وەک خۆپیشاندانەکانی کوردستان نین کە لە پشتی زۆربەی خۆپیشاندانەکانەوە خواستی راپەرینی ھەیە و ھەمو بەرخوردێکی دەسەڵاتیش لەگەڵیاندا توندوتیژییەکی بێسنورە. خاڵێکی دیکە کە شتێکمان لەسەروی توندوتیژیی خۆپیشاندانەکان پێدەڵێت ئەوەیە ساڵانێکە کۆمەڵگای ئێمە زۆربەی رێگا ئاشتیی و مەدەنییەکانی تاقیکردۆتەوە، کەچی یەک داواکاریی جێبەجێنەکراوە کە خەڵک روبەڕوی دەسەڵاتیان کردبێتەوە. نەک ھەر ئەمە، بەڵکو لە دونیای ئێمەدا بازنەکانی دەسەڵات تا دێت بچوکتر دەبێتەوە و بەکردەوەش لەسەر چەند خێزان و کەسایەتییەکی ناو سیستمە سیاسییەکە و دەرەوەی سیستمەکە تاپۆکراوە.

ھاوکات جگە لە قەتیسمان و لۆکاڵییبونی خۆپیشاندانەکان لەناوچەی سلێمانیی کە یەکێکە لە کێشە و خەسڵەتە ھەرە سەرەکییەکانی ململانێ و ناڕەزاییدەربڕین لە دونیای ئێمەدا، دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستاندا خەسڵەتی جیوەی ھەیە، پێکھاتێکە نە دەگیرێت و نە لۆکالیزە دەکرێت. ھەر ئەمەشە وادەکات کە پێکدادان و توندوتیژیی ببێت بە دەرئەنجامێکی لۆژیکی ھەمو خۆپیشاندانێک، چونکە خەڵکی ئێمە شوێنێکی نییە بەرامبەری بوەستێت کە بەرجەستەکەری سەرەکیی دەسەڵات بێت و داخوازییەکانی روبەڕوبکاتەوە، نە مەڵبەندەکانی یەکێتی و نە لقەکانی پارتی مەرکەزی دەسەڵاتن، بۆ ئەوەی خەڵک لە سلێمانی داواکانیان روبەڕو بکاتەوە و نە رێگەشیاندەدرێت بڕۆن بۆ ھەولێر بەرامبەر بە پەرلەمان و حکومەت ناڕەزایەتییەکانیان نیشانبدەن. تەنانەت ئەگەر ئەم کارەشیان بۆ ئەنجامبدرێت، دیسانەوە پەرلەمان و حکومەت ھەڵقە سەرەکییەکانی ئەم دەسەڵاتە نین و چەندان ھەڵقەی تری دەسەڵات لەدەرەوەی ئەواندا ھەن کە بەبێ توندوتیژیی زۆر خۆپیشاندەران نایانگەنێ. ئەم دۆخە وادەکات خۆپیشاندەران ھەم نەزانن رو لە کوێ و کێ بکەن، بۆ ئەوەی وەک دەسەڵات بەرامبەری بوەستنەوە، ھەم ماندوشبن لە درۆ و بێباکیی و گەندەڵییە قوڵ و فراوانەکانی سیستەمی حوکمڕانیی لە وڵاتدا و ھەم نەبونی گوێگر و بەرپرسیارێک بیەوێت گوێ بۆ داواکاریی و کێشەکانیان بگرێت و ھەوڵی چارەسەرکرنیان بدات. لەمەش بترازێت دەسەڵاتداران لە کۆمەڵگای ئێمەدا دونیایەکیان دروستکردوە کە ناتوانن دەستکاریی بکەن بەبێ ھەڵوەشاندنەوەی بڕێکی گەورە لە پایەکانی سیستمە سوڵتانییەکە. ئەم دەسەڵاتە گیری خواردوە بە دەستی چارەکەسەدەیەک حوکمڕانیکردنێکی خراپ و وێرانەوە، بەدەست زمان و مژدە و بەڵێن و خۆشیی و ناخۆشییەکانی خۆشییەوە، گیری خواردوە بەدەست ئەو یاسایانەوە کە خۆی دەریکردون، بەدەست ئەو دەزگایانەوە کە تەنانەت گەر وەک دیکۆریش ئامادەبن ھەر گرفتیان بۆ دروستدەکەن، لەوانەش بۆ نمونە پەرلەمان.

وەڵامی پرسیاری دوھەمیان ئاڵۆزترە و پێویستی بە تێڕامان و لێکۆڵینەوەی زۆر ھەیە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت لێرەدا دەستنیشانی ھەندێک لەو ھۆکارانە بکەین.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی کۆمەڵگای ئێمە و بەتایبەت ناوچەی سلێمانی، بەرھەمھێنانی گروپی نوێیە کە دەتوانن رۆڵی ستراتیژیی لەناو کایەی رۆشنبیریی و ھونەریی و سیاسییدا بگێڕن. ئەم گروپانە بەشێوەیەکی گشتیی بەرھەمی شارن. شار بەمانای بونی تۆڕێک لە پەیوەندیی دابەشکردنی کار و توانای نوێی خۆڕێکخستن و ئامادەگیی گروپی کۆمەڵایەتیی نوێ کە بزاوتی کۆمەڵایەتیی و رۆشنبیریی نوێی بەرھەمدەھێنن. ئەم گروپە نوێیانە لەم سەردەمی گلۆبالییەدا لەڕێگای چەندین کەناڵ و بە شێوازی جیاواز بەسەر دونیای دەرەوەی خۆیاندا کراوەنەتەوە و تەکنەلۆژیای نوێیان لەبەردەستدایە بۆ دروستکردنی گوتار و مۆدێلی خۆڕێکخستن و کەرەسەی ناڕەزاییدەربڕین.

ھەرچی پەیوەندی بە کایەی سیاسەتەوە ھەیە، گەر تەماشای نەخشەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان بکەین دەبینین ھەر سەردەمەو ھێزێک تیایدا گوتارەکانی باڵادەستدەبێت و ئەوانی تر بەرەو لاوازیی دەچن یان لانی کەم نابن بە تاکە ھێز کە نوێنەرایەتیی ھەمو کۆمەڵگای ئێمە بکات. سەردەمانێک حیزبی شیوعیی بو، پاشان پارتی دیموکرات دروستدەبێت و ھەیمەنەی خۆی لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا دروستدەکات و ململانێی حیزبی شیوعیی دەکات، لە شەستەکاندا پارتی دابەشدەبێت بەسەر دو گروپی ستراتیژیی مەلایی و جەلالیی و، پاش شکستی (74)یش لە ناوەڕاستی ھەفتاکاندا یەکێتی و دروستدەبێت و لەناو یەکێتیشدا کۆمەڵە، پێش راپەڕینیش ھێزە چەکدارە سیاسییە بچوکەکان بەرە لەگەڵ پارتیی و یەکتێیدا دروستدەکەن. لە کۆتایی ھەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانیشدا چەندین گروپی سیاسیی نوێی چەپگەر و ئیسلامیی دروستدەبن. لەم مێژوە درێژەدا ململانێی توندوتیژ و جەنگ یەکێکە لە ئامرازە ھەرە سەرەکییەکانی بەلاداخستنی ململانێ سیاسییەکان. ئەمەش وایکردوە شەڕی ناوخۆ ببێت بە بەشێکی دانەبڕاو لە مێژوی سیاسیی ئێمە. لەڕاستیدا جەنگ ئەوەندەی دەرەنجامی دروستبونی گروپ و ھێزی سیاسیی نوێیە، ئەوەندە پابەستی دوبارەبونەوەی بونیادێکی دێرین نییە لە کۆنی کۆنەوە بۆ ئەمڕۆ درێژبوبێتەوە. لە دوای راپەڕینیشەوە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیی و رۆشنبیریی و میدیایی نوێ و رەخنەیی سەرھەڵدەدەن، تا ئەو شوێنەی لە ساتێکدا بەشێکی زۆری ئەم گروپە ناڕازییانە دەچنە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە و لەوێدا فۆرمێکی سیاسیی و رێکخراوەیی بە داواکارییەکانیان ئەدەن. ئەم قۆناغەش یەکێک بو لە قۆناغە مەترسیدارەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە و فۆرمێکی تایبەت لە جەنگی رانەگەیەنراو روبەڕوی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامان و ھەوادارانی بوبوەوە، بەر لە دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانیش ھەوڵدانی بەردەوام بۆ کڕین و بێدەنگکردن و تێرۆرکردنی کەسایەتی ئەندامانی بزوتنەوە ڕۆشنبیریی و میدیایی و کۆمەڵایەتییەکان بەبەرفراوانی لەئارادابو.

لە ئێستاشدا بێگومان گروپی جیاواز لە کۆمەڵگای ئێمەدا ھەن کە ھێشتا کردەی ستراتیژییان نییە و ناتوانن خۆیان رێکبخەن خۆیان لە ”گروپی ناڕازیی“ەوە بگۆڕن بۆ ”گروپی ستراتیژیی“، لە ھەمانکاتیشدا گروپی نوێ لەدایکدەبێت کە لەناو کایەی سیاسەتدا دەیەوێت رۆڵی ستراتیژیی بگێڕێت، ”نەوەی نوێ“ بە نمونە. دیارە ھەمو خۆڕێکخستنێکیش مانای دروستکردنی حیزب و لیست و جوڵانەوەی نوێ نییە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە تا ئەم ساتەش لە کۆمەڵگای ئێمەدا ململانێی سیاسیی تاکە رێگایەکە بۆ دەستکاریکردنی پێکھاتی دەسەڵات. ئەم ھێزە نوێیانە چەندە ئاشتیخوازیش بن، ململانێکەیان لەکاتی روبەڕوبونەوەدا لەگەڵ ئەم سیستەمە سیاسییەدا دەچێتە ناو خانەی ململانێیەکی توند و تیژەوە، چونکە ئەم مۆدێلە لە دەسەڵات نە رێگای ریفۆرمکردن دەدات و نە ئامادەشە ریفۆرمی ناوەوەی خۆی بکات. توندوتیژیش ئامرازی ژمارە یەکی حوکمڕانیکردنیەتی.

خوێندراوەتەوە468