هه‌ڵمه‌ت محه‌مه‌د

خۆپیشاندانی ئەمجارەیان‌


ئەمە یەکەمجار نیە خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت! هەرجارەو بە هۆکارێک و لە شوێن یان چەند شوێنێک بۆ مەبەستێک یان چەند خواستێکی سنوردار و دیاریکراو هەندێجاریش بەهاندانی لایەنێک یاخود چەند لایەنێکی هەندێ جاریش خۆڕسکانە خۆپیشاندان سەریهەڵداوە، ئەمجارەیان خۆپیشاندان _ ئەگەر بەشێوەیەکی رێژەییش بێت _ بەراورد بە رابردو لەچەند رویەکەوە جیاوازی هەیە، ئەو جیاوازیانەش لەسەر چەند ئاستێک  هەستیان پێ دەکرێت:

یەکەم: بەشداربوانی خۆپیشاندان: لەگەڵ ئەوەی هەمیشە خەڵک لە پێشەوەی خۆپیشاندانە، بەڵام مەرج نیە هەر خۆی بێت لە پشت خۆپیشاندانەوە، زۆرجارهێزێ یان چەند هێزێکی سیاسی بۆ مەرامێکی تایبەتی لەبارەی پرسێکی دیاریکراوەوە توێژ یان چین یان بەشێکی کومەڵگا دەجوڵێنن، بەڵام ئەم خۆپیشاندانەی ئێستا سەریهەڵداوە، خواستەکانیان فراوانە بەقەد جۆراوجۆری چین و توێژە بەشداربوەکانی ناوی، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ هێزێکی سیاسی نەیتوانیوە ببێتە بەشێک لەو پرۆسەیەو ئەگەر هێزێکش پاڵپشتی جوڵانەوەکەی کردبێت پاڵپشتییەکی شەرمنانە بوە، سوتاندنی بارەگای پێنج هێزە سەرەکییەکەی هەرێم گەواهی بەشێک لەو راستیەن، ئەگەر بەشێک لە بەرپرسانیش بەشداربوبێت ئەوا لەسەر ئاستی تاک بوەو نەچوەتە چوارچێوەی سیاسەتی پارتەکانیانەوە، هەڵبەت ئەم قسەیەی من بۆ ئەم ساتە راستە کە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانە، بۆیە ئەگەر لە چەند رۆژی ئایندە هێزێکی سیاسی چوە پاڵی مانای ئەوە نیە لە جەوهەری خۆڕسکی ئەم ناڕەزاییەتییانە کەم دەکاتەوە.

دوەم: هۆکارەکانی خۆپیشاندان: ئەمجارە تاکە هۆکارێک نەبوەتە هۆی خۆپیشاندان، داواکارییەکانیش زۆرتر و زیاترن لە داواکارییەک، جاران ئەگەر خۆپیشاندانێک بکرایە، رەنگە بۆ ئاو، کار، کارەبا، سوتەمەنی، دامەزراندن، موچە، چاکسازی لە بوارێکدا یان بابەتێکی دیاریکراوی سیاسی یان بۆ دوان لەو بابەتانە بوە، بەڵام ئەمجارەیان بۆ ئاو و کار و کارەباو سوتەمەنی و دامەزراندن و موچە و گۆڕانکاری سیاسیە پێکەوە، سەرباری ئەوەی کە هیچ یەکێک لەو بابەتانە وەکو پێویست نیە، باردۆخی هێزە چەکدارەکانیش لە حاڵێکی باشدا نیە، تا دەسەڵاتی سیاسی بتوانێت جوڵانەوەکان دابمرکێنێتەوە، بۆیە ئەگەری لێکترازانی ئەو هێزانەش مەترسیەکی گەورەیە کە دەبێت حسابی بۆ بکرێت.

سێیەم: خواستی خۆپیشاندەران: رەنگە بەدرێژایی (26) ساڵی رابردو زیاتر لە دەیان خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە هەرێمی کوردستان سەری هەڵدابێت، بەڵام خواست و داواکاری خۆپیشاندەرانی ئەمجارە تەواو ئاستی بەرزبوەتەوە لەچاو پێشو بە خۆپیشاندانەکانی 17ی شوباتیشەوە، ئەگەر لە رابردودا داواکاری بۆ چاکسازی سیاسی و ئیداری و دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی ژیان و پێداویستییە خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاوو کارەباو سوتەمەنی…هتد بوبێت، ئێستا ئاستی سەقفی داواکارییەکان بەرزبوەتەوە بۆ گۆڕانکاری سەرلەبەری ژیان چ لەڕوی سیاسی و ئابوری و یاسایی…هتد، بۆیە دەکرێت بوترێت ئەم داواکارییانەی ئێسا خۆپیشاندەران هەیانە داواکاری ریشەیین.

چوارەم: ناوچەی خۆپیشاندەران: لەگەڵ ئەوەی ئەمجارە زۆنی خۆپیشاندان فراوانترە لە بەشێک لە خۆپیشاندانەکانی رابردو، بەڵام لەڕوی ناوچەوە _مەبەستم ناوچەی سەوز و زەردە_ جیاوازییەکی ئەوتۆ نیە لە نێوان ئەم خۆپیشاندانەو خۆپیشاندانەکانی رابردو، بەڵام مانای ئەوە نیە دۆخی گوزەرانی هاوڵاتیانی ئەو سنورەی خۆپیشاندانی تێدا ئەنجام دەدرێت خراپترە لەو سنورەی خۆپیشاندانی تێدا ئەنجام نادرێت، چونکە سروشتی ئەو ناوچەیە چ لەڕوی ئەو هێزەی حوکمی تێدا دەکات لەلایەک و کاریگەری ئەو چەپاندنەی لە دو دەیەی رابردو بەسەریاندا هێندراوە لەلایەکی دیکەوە، کاریگەری گەورەی بەجێهێشتوە، بەڵام مانای ئەوە ناگەیەنێت بەوجۆرە بەردەوام دەبێت! بەڵکو لەسەر کات وەستاوە، بەڵکو پێویستی بە دەرچەیەکە بۆ دەرچونی ئەو ناڕەزاییانەی لە دەرونی هاوڵاتاینی ئەوێ پەنگیان خواردوەتەوە.

پێنجەم: ئەگەرەکانی دامرکانەوە: لە خاڵەکانی پێشو ئاماژمان بەوە کرد کە تەنها هۆکارێک نەبوە بەهۆی سەهەڵدانی خۆپیشاندان وەک چۆن وتمان ئەمە خۆپیشاندانی چینێکی دیاریکراو نیە بۆ مەبەستێکی بچوک، هێزێکی سیاسیش راستەوخۆ بەشێک نەبون لە سەرەتاکەی بەڵکو تاڕادەیەکی زۆر خۆڕسکانەیەو داواکارییەکانیش بەجۆرێکن دەسەڵاتدارانیش ناتوانن بەڕەوای نەزانن، بێگومان دەسەڵاتیش تواناکانی بەهەر هۆکارێک بێت لەتوانایدا نیە خۆپیشاندان قایل بکات، بۆیە ئەگەر گۆڕانکاری گەورە رونەدات دۆخەکە رو لە دامرکانەوە ناکات، خۆ ئەگەر بە زەبری هێزیش خۆپیشاندەران لە ئێستادا سەرکوت بکەن، ئەوا کە کاتێکی ترو لە شوێنێکی ترو بەشێوازێکی تر و رەنگە توندتریش سەرهەڵبداتەوە.

خوێندراوەتەوە386