مەریوان وریا قانع‌ ‌و ئاراس فەتاح

ئێستا و حەڤدەی شوبات‌


بەراوردکردنی ئەم دۆخەی ئەمڕۆ بە دۆخی حەڤدەی شوبات ھەڵەیە و کورتھێنانە لە بینینی دیمەنی گشتیی بزاوتی ناڕەزایەتیی دەربڕین لە ھەرێمی کوردستاندا. بۆ رونکردنەوەی ئەم دیدگایەش دەمانەوێت بەکورتی لە سێ ئاستدا لە دۆخی ئەمڕۆکە و دۆخی سەردەمی حەڤدەی شوبات بڕوانین. ئاستی ناوخۆیی، ئاستی ناوچەیی و ئاستی نێودەوڵەتی.

یەکەم: لە ئاستی ناوخۆییدا

خۆپیشاندانەکانی ئێستا لەڕوی فینۆمینۆلۆژییەوە ھاوشێوەی ناڕەزاییەکانی حەڤدەی شوباتە؛ خەڵک دەچنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایی دەردەبڕن، لە بەرامبەریدا ھێزە ئەمنی و حیزبییەکانی یەکێتی و پارتی بەشێوازێکی توندوتیژ بەرەنگاریی خۆپیشاندەران دەبنەوە. خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەش وەک حەڤدەی شوبات لە زۆنی سلێمانی و ژێر ھەیمەنەی سەربازیی یەکێتیدایە، گەرچی ئەم جارە چالاکیی بچوک لە رەواندوز لە ئامێدیی دروستبون، بەڵام پارتی ھەرزو سەرکوت و بێدەنگیکردن. بەڵام ئەم لێکچونە دەرەکییەو شکڵییە کۆمەڵێک جیاوازیی گەورەو گرنگیی شاردۆتەوە. ئەوەی لە ئێستادا جیاوازە بکەرەی خۆپیشاندانەکانە، ئەگەرچی لەم روەوە زانیاریی ورد لە بەردەستدا نییە، بەڵام پێدەچێت ئەوەی ئەمجارە لەسەر شەقامە ئەو بەشەی کۆمەڵگای ئێمە نییە کە لە حەڤدەی شوباتدا لەسەر شەقام بو، ئەوەی ئێستا ئەو بەشەی کۆمەڵگایە کە چیتر دەرەقەتی زەحمەتییە مادییەکانی ژیانی رۆژانە نایەت و ناتوانێت پێداویستییە ھەرە سەرەتاییەکانی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵەکانی دابین بکات. ئەگەر خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوبات بۆ چاکسازیی ریشەیی و ئازادیی و پلورالیزمی سیاسیی زیاتر و کرانەوەی دیموکراسییانە و ئاڵۆگۆڕی دەسەڵات بوبێت، ئەوا خۆپیشاندانەکانی ئێستا بۆ نان و بژێوە، پابەستە بە واقیع و ترسێکی قوڵی ئێسنانی ئێمەوە لە برسیبون. دەنگی سەرەکیی لە ھەڤدەی شوباتدا دەنگی ناڕازیبون بەرامبەر بە فەشەلی سیستمە سیاسییەکە، دەنگی ناڕازی ئێستا دەنگی ناڕازییە بەرامبەر بە فەشەلی سیستمە ئابورییەکە، کە بێگومان ھاوشانە بە داوەشانی تەواوی سیستمە سیاسییەکە خۆشی.

ئەوەی خەڵک لە ئێستادا دەیەوێت دەستەبەرکردنی لانیکەمی پێداویستییەکانی ژیانێکی ئاساییە کە ھەمو تاکێکی کۆمەڵگا پێویستی پێیەتی و مافیەتی ھەیبێت. موچە خێر نییە، بەڵکو لەناو سیستمێکی رەیعی وەک ئەوەی ھەرێمدا مافە. ھەرکاتێکیش حکومەت نەیتوانی ئەم مافە سەرەتاییە دەستەبەربکات و برسێتی ببێت بە مەترسییەکی جیدیی، ئەوکات مەترسیی جیدیی بۆ سەر دەسەڵات دروستدەبێت. ئەم جیاوازییە جیاوازییەکی گرنگە، چونکە دابیننەکردنی ئازادیی بەقەد دابیننەکردنی نان گرنگ نییە. مرۆڤ رەنگە بتوانێت بەبێ ئازادیی بژیی، بەڵام ناتوانێت بەبێ نان بژیی. لە پەیوەندیی نێوان نان و ئازادیشدا سەرەتا نان دێت و دوای ئەو ئازادیی دێت. لەسەردەمی حەڤدەی شوباتدا نان ھەبو بەڵام ئازادیی نەبو، ئەمڕۆ ھەم نان نییە و ھەم ئازادیش وێرانە. ئەم نەبونی نانەش فەشەلی سەرتاسەری ئەو سیستمە ئابورییە سیاسییەیە نیشاندەدات کە لە ھەرێمدا سەروەرکراوە، سیستمێک دزیی و جەردەیی و گەندەڵیی و تاڵانی گەورە ژێرخانەکەی دەستنیشاندەکات و مەسافەیەکی بچوکیشی لەنێوان کەسایەتی سیاسیی و کەسایەتی بازرگاندا نەھێشتۆتەوە. لەمەش بترازێت ھەڵەی ستراتیژیی ریفراندۆم و دەبەنگیی دیبلۆماسییەتی ئەم جوتحیزبە گەلی کوردستانی لە ناوچەکە و عێراقدا بەتەواوی تەنھا کردوە. ھیچ کەس و لایەن و دەوڵەتێک نییە و نەماوە ئامادەبێت لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کوردستاندا دابنیشێت و دانوستانی راستەقینەیان لەگەڵدا بکات. لەدوای داگیرکردنەوەی سەربازییانەی کەرکوک و توزخورماتو و ناوچەکانی تریشەوە ھەیبەتی سیاسیی و سەربازیی پارتیی و یەکێتیش بەتەواوی شکاوە و لەڕێگای ئەوانیشەوە پێگەی ھەرێم تەواو سوک و ریسوا بوە. ھەمو ئەو دەوڵەت و لایەنانەشی دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەبینن کۆمەڵێک ئەمر و نەھی و داخوازیی سەختیان دەخەنە بەردەم کە جێبەجێکردنیان بەھەمو پێوەرێک مانای ئاشبەتاڵێکی مێژویی ئەم دەسەڵاتدارێتییە دەگەیەنێت. ئەو ھێزە سەربازییەی کە بەبێ شەڕ نیوەی خاکی ھەرێمی بە بەغدا تەسلیمکردەوە، ئەمڕۆ کراوە بەگژ ئەو خۆپیشاندەرە مەدەنییانەدا کە برسێتی و ھەژاریی ھەڕەشەی گەورەی بۆ سەر ژیانیان دروستکردوە.

دواخاڵێک لەم ئاستە ناوەکییەدا کە بمانەوێت ھێمای بۆ بکەین پرسی نوێنەرایەتیی سیاسییە. ئەم دو حیزبە سوڵتانەییەی کوردستان لەدوای ریفراندۆم و ناچارکردنی بارزانی بۆ کشانەوە لە کورسیی سەرۆکایەتیی، بەچەشنێک دابەش و لاوازبون کە حکومەتەکەیان ناتوانێت نوێنەری نەک گەلی کورد بکات، بەڵکو نوێنەری تەواوی حیزبەکانی خۆشیان پێناکرێت. نە لەناو پارتیدا نێچیر ھێز و پێگەی ئەوەی ھەیە نوێنەرایەتی ھەمو پارتی بکات و نە لەناو یەکێتیشدا قوباد توانا و ھێزی نوێنەرایەتی ھەمو یەکێتی ھەیە.

دوەم: لە ئاستی ناوچەییدا دۆخێک ھاتۆتەپێش تەواو جیاواز لەو دۆخەی لە سەردەمی حەڤدەی شوباتدا لەئارادابو. ئەگەر لەسەردەمی حەڤدەی شوباتدا شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی دەربڕین کۆی ناوچەکەی تەنیبوبێت کە خواستی ئازادیی و خواستی پاراستنی کەرامەتی ئینسان، لەپاڵ خواستی دادپەوەری کۆمەڵایەتییدا ئاراستەیدەکرد. ئێستا لە ناوچەکەدا کۆمەڵێک شەڕ و پێکدادان و ململانێی توند و خوێنای ئامادەیە، کۆمەڵێک دەوڵەتی ھەڵوەشاوە و فاشیل و دەسەڵاتگەر و دیکتاتۆریی ھاتونەتەکایەوە کە بە لۆژیکی ھێز حوکمڕانیدەکەن. میللەتانی ناوچەکەش یان ترسێنراون یان بێزار و وەڕسکراون یان بە توڕەییەکی زۆرەوە دەژین و چاوەڕوانن. دوای بردنەوەی جەنگی موسڵ و حەویجە و کۆتاییھێنان بە نفوزی سەربازیی داعش و پاشان ھێرشی سەربازیی بۆ سەر کەرکوک ناوچەکانی دەوروبەری و داگیرکردنەوەیان و دوای شکستی خێرای ھێزی پێشمەرگە، لەئاستی عێراقیشدا، فۆرمێکی نوێ لە سەروەرێتی نیشتیمانیی عەرەبیی عێراقیی بە فۆرمە شیعییەکەی دروستبوە. ئەمەش بەبێ پاڵپشتی ئەمەریکاو دەوڵەتانی ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەئاسانی دەستەبەرنەدەبو.

لە پەیوەندیدا بە کوردەوە پێش ریفراندۆم ھەمو دونیا لە دەسەڵاتدارانی کورد دەپارایەوە و ئێستا ئەوان لە ھەمو دونیا دەپاڕێنەوە دانوستانی لەگەڵدا بکەن. عێراق لەمڕۆدا پەلەی دانیشتن و دانوستانی نییەو دنیایەک مەرجی قورسی دەستوریی و نادەستوریی بۆ دانوستان ھەیە. لەم دۆخەدا و بەم ئیفلاسییە ئابوریی و سیاسیی و سەربازییەوە مەحاڵە ھەرێم بتوانێت لانی ھەرە کەمی کێشەکانی خۆی چارەسەربکات، ئەگەر رازیبونی عێراقی لەسەر نەبێت. رازیبونی عێراقیش تەنھا پابەندی بڕیاری سەربەخۆی بەغدا نییە، بەڵکو وابەستەی ھەندێک ھاوکێشەی ناوخۆیی عێراقیی و ئیقلیمییە کە ھەمویان، بە پلەی یەکەم بەھۆی ریفراندۆمەوە، لە دژی ھەرێمن.

سێھەم. لە ئاستی نێودەوڵەتییدا ئەمەریکییەکان و ئەوروپییەکان خۆیان لەوە دزیەوەتەوە بەشێکبن لە ململانێی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ بەغدادا، لەزۆر کاتیشدا بەئاشکرا لەپاڵ داخوازی و ویستەکانی بەغدادان دژ بە ھەرێم. ئەمە وایکردوە ھەرێم شتێکی لەبەردەستدا نەبێت پەنای بۆببات و وابکات وەک کارتێکی فشار لەسەر بەغدا بەکاریبھێنێت.

بە کورتی، گەرچی خۆپیشاندانەکان درێژکراوەی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی ھەرێمن، بەڵام لەمڕۆدا ھەم بکەری خۆپیشاندانەکان بکەری کۆمەڵایەتی نوێن، ھەم ھۆکارەکانی خۆپیشاندانەکان ھۆکارێکی نوێن، ھەم دۆخی دەسەڵاتدارانی ھەرێم و ھەم دۆخی عێراق و ناوچەکە و ھەم دۆخی نێودەوڵەتی جیاوازن لەوانەی لە سەردەمی حەڤدەی شوباتدا ئامادەبون.

ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە لێرەدا جەختی لەسەربکەینەوە ئەو خاڵەیە، مادامەکی خۆپیشاندانەکان خواستی نان و دابینکردنی بژێوی رۆژانە پاڵنەری سەرەکییەتی، مادام ھەژارییەکی بونیادیی دەیجوڵێنێت، بۆیە شتێک نییە بە ترساندن و گرتن و پەنابردن بۆ توندوتیژیی چارەسەر بکرێت. تاوانبارکردنیشیان بە دەستی دەرەکیی، گەمژەیەکی سیاسیی کەم وێنەیە.

خوێندراوەتەوە1762