مه‌لا فه‌رمان

بۆ هەموو ئەو کەرکویانەی کە پێشمەرگەن، ئاسایشن، پۆلیسن ... لە هەرێمی کوردستان‌

بۆ بیرهێنانەوە:

بیرتانە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ٢٠١٤ چۆن بە قسەی چەند کەسێک لە حیزب پشتیوانی پارێزگاری کەرکوکتان کرد و بە هەزاران دەنگتان بۆی کۆکردەوە و ساختەکاریەکەی زۆر لە دەنگی حیزبەکانی تر کرا، بیرتانە چۆن بە بەڵێنە درۆزنەکانی وەک تاپۆکردنی خانوو و زەویەکان فریویاندان. ئەی بیرتانە چۆن پاڵپشتی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و بۆ پرسی ریفڕاندۆم دژی مەڵبەندی یەکێتی وەستانەوە و لە گەڵ کاک مەسعود چیان بەسەر کەرکوک هێنا. دەزانن هەموو گیانبەختی ئێوەیان دا بە ئاودا. ئەرێ دەپرسم ئێوە ترسنۆک بوون و راتانکرد و شارەکەی خۆتان بە جیهێشت ؟ یا ترسۆنێکی و چاوچنۆکی بازرگانە سیاسیەکان بوو؟  ئەوانەی ئێوە و هەزاران خەڵکی کەرکوکیان بە درێژایی ١٤ ساڵ فریودا. بێگومان ئەوان بوون نەک ئێوە. لە جیاتی تاپۆکردنی خانوەکان لە زیاتر ٥١% خاکی کوردستان کشانەوە. دوزخورمات و دەیان شوێنی تر وێران بون و جارێکی تر توشی ئاوارەیی بون.

دەپرسم، ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتوە، پیاوێکی گیانبەخش و نیشتمان پەروەری وەک ئێوەی پێشمەرگە، لە دەوبەری خۆت و کوردستان بڕوانن و بزانن ئێوە لە خزمەتی کێ دان؟، لە ئەمر و قسەی کێ دان؟ نیشتمان و کوردستان و کوردستانیان یان حیزب و سەرکردە؟ تا دوێنی سەنگەرەکانتان لە باشوری کەرکوک بوو، ئێستا لە باکوری شارەکەتان و لەو دیوی قەرەهەنجیرەوە، بەداخەوە ئەگەر سوپای عێراق بێتە پێشتر دڵنیام لەوێش  ئەو پاڵەوانانە هەڵدێن و بەڕێزتانیشجارێکی تر لای خەڵکی کوردستان  خەجاڵەت دەکەن. بیرتانە پاڵەوانەکانی پێش کامێراکان چۆن دەیانوت، مەگەر دەبابە بەسەر لاشەی ئێمەدا بڕوات بۆ کەرکوک. دەبابە گەیشتە سەروی کەرکوک. دەپرسم جگە لە براکانی ئێوە، چەند لەو پاڵەوانانە بوون بە قوربانی کەرکوک؟ لەو لاشەوە بینیتان چیان بەسەر شەنگال و ئەوبەری زێ هێنا.

بەڕێزەکانم

کورد دەڵێ " برسێتی رەگی هاری پێوەیە". ئیمامی عەلێش دەفەرموێ " ئەگەر هەژاری مرۆڤ بوایا دەمکوشت". جگە لە خیانەتی نیشتمانی ، دەبینن ئەو بازرگانە سیاسیانە خەڵکی کوردستان و بەشێ لە کەسوکارەکانی ئێوە و خۆتانیشی توشی قەیرانی جیاجیا و برسێتی کردوە. ئەوەتا شەڕی داعش نەما، دەست بۆ قوت و موچەکانی ئێوەش دەبەن. کاتێ بە چاوی خۆتان دەبینن ، برا و خۆشکەکانتان لە هەرێمی کوردستان هاتونەتە سەرشەقام و داوای سادەترین مافی خۆیان دەکەن. ئەوانەی تا دوێنێ باوەشیان بۆ ئاوارەی کەرکوک کردبۆوە. رانیە و قەڵادزە بە نمونە.

بەداخەوە،لە شارەکانی سلێمانی، چەمچەماڵ، شارەزور، قەڵادزە ، رانیە ، کۆیە و تەقتەق لە دۆستەکانم دەبیستمەوە، کە بەڕێزتان بۆ ئەو دەڤەرانە بە ئەرک نێردراون  . ئەوەی کە زۆر ناڕەحەتم دەکات کاتێ پێتان دەڵێن " بڕۆن کەرکوک رزگار کەن نەک بێن بۆ گیان ئێمە". بۆیە داواتان لێدەکەم، پشتیوانی براکانتان بن، نەکەن روی لولەی تفەنگیان تێبکەن، هاوکاریان بن و پشتیوانی داواکانیان بن. هەوڵبدەن پێکەوە دامودەزگاکانی حکومەت بپارێزن. بەڵام ئەوەش بزانن، هەمو ماڵی دونیا، یەک دڵۆپی خوێنی گەنجێک ناهێنێ!.

خوێندراوەتەوە2729