ئارام حەمەڕەشید

سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی چ وه‌ڵامێكیان هه‌یه‌‌


کابینەی هەشتەم کە سەرۆک و جێگرەکەی لە دوو بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکەی کوردستانن بە خراپترین کابینەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت لە دوو دەیەدا.

لەم کابینەیەدا ڕێگری کرا لە سەرۆکی پەرلەمان و کاری پەرلەمان پەکخرا، بە فرمانی سەرۆکی کابینەکە وەزیرەکان و بەرپرسانی کارگێڕی بزوتنەوەی گۆران دەرکران و پایتەختیان لی یاساغ کرا.

ئەم کابینە بوو بە داهێنەری ڕوبعە مووچە بە پاساوی پاشەکەوت کردن و ژیان و گوزەرانی خەڵکی خراپ کردو ڕێژەی بێکاری لە سەدا سێ بەرز بۆوە بۆ نزیکی لە سەدا پازدە.

لەم کابینەیەدا نیوەی خاکی کوردستان ڕادەستی حکومەتی عێراق کرایەوە لە پای هیچ.

لە کاتێکدا دەنگی ناڕازی چین و توێژەکانی کوردستان دەگاتە هەموو جیهان و داد و بێدادی خەڵک بە دەست بێ پارە و بێ نەوت و بێ کارەباییەوە شەقامی خرۆشان و دەنگی ناڕازی بەرز بویەوە و خوێنی خەڵکی هەژار و بێدەرەتان بە سەر شۆستە ڕازاوەکانی بەردەم بارەگای دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەدا ڕژا بە دەست نا بەرپرسان و دڵڕەقانەوە و ماتەمینی نیوەی کوردستانی گرتۆتەوە.

سەرۆک و جێگرەکەی لە جەولە و پیاسەی خۆیانن و وڵاتانی ئەوروپی دەگەڕێن و پشتیان لە داواکانی گەلەکەیان کردووە.

ئەوەی لە ماوەی چەن ڕۆژی ڕابوردوو لە کوردستان ڕویدا لە هەر وڵاتێکیتر بوایە سەرۆکی ئەو وڵاتە ئەکەر لە ناو فڕۆکەشدا بوایە گەشتەکەی هەڵدەوەشاندەوە و دەگەڕایەوە ناو هاوڵاتیانی.

بۆیەجێی خۆیەتی خەڵکی کوردستان زۆر نائومێد بن بە گفت و بەڵێنە بێکردارەکانی ئەم حکومەتە و هیچی باشی لێچاوەروان نەکەن.
بپرسن سەروکی حکومەت و جێگرەکەی خەریکی چین و چیمان بۆ دەکەن؟!


خوێندراوەتەوە359