ئارام قادر حه‌مه‌ سور

شەقام و دەسەڵاتی ڕەش‌


خۆپیشاندانەکانی ئێستا جیاوازترە لە خۆپیشاندانەکانی ڕابردو، خەڵک گەیشتۆتە کۆتایی نائومێدیەکان بەم دەسەڵاتە نادیموکراسیە، گەنجەکان بۆ سەندنی مافی خۆیان گولـلە گەرمەکان لە جەستەیاندا سارد دەکەنەوە، هێزی خۆپیشاندەران هەمو حیزبەکانی توشی شۆک کردوە، یاخی بون لەم دەسەڵات و دەموچاوانە گەیشتۆتە لوتکە، دەسەڵات هەموانی توشی برسیەتییەکی دروستکراو کردوە و گاڵتە بە چارەنوسی گەنجەکان دەکات، هۆشیار بونەوەی مافخوراوان وادەکات وزەیەکی گەورە دروست ببێت و هەموان بلەرزێنێت، گەنجە گیرفان بەتاڵەکان بەفەرمانی مافیاکانی نەوت شەهید دەبن، ئەو گەنجانەی دەسەڵات ماوەی بیست و شەش ساڵە خەونەکانیان دەکوژێت، دۆڕاوەکانی جەنگ لە شەو و ڕۆژێکدا نیوەی کوردستانیان دۆڕاند و هەڵاتن! بەڵام لە پێناو بارەگاکانیان شەقامەکان سور دەکەن بەخوێن، دۆڕاوەکانی جەنگ کۆتایی ئەخلاقی سیاسیان هات کاتێک بازرگانیان لەگەڵ داعش دەکردو هەزاران پێشمەرگەشیان کردە قوربانی.


یەکێتی و  پارتی هەرگیز ناگۆڕێن و دەستهەڵناگرن لە هێزی چەکداری حیزب، هێزەچەکدارەکان وەک دیوارێک بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەندی حیزب، کاتێک پشتیان لە کەرکوک کردو لولەی چەکەکانیان لە شەقام کرد دەرکەوت کە ئێوە تەنیا بە چەکەکانتان وەستاون، دیکتاتۆرەکانی دونیا تا کۆتاییان ئومێدیان بە چەکەکانیان هەبو، بەڵام لە کۆتایدا هەردەبێت بوەستن و بۆشاییەکی دیاریکراوی ناو مێژوی ڕەش پڕبکەنەوە، مێژو جێگایەکی تایبەتی بۆ ئێوەی گەنجکوژ دیاریکردوە، مێژوی نزیکی بەهاری عەرەبیتان بەچاوی خۆتان بینی کە چۆن چەک فریایان نەکەوتو و کۆتاییان هات، وەک محمد ماغوت گوتی دیکتاتۆرەکان وەک ژمارەی پێوانەین و ڕۆژێک دێت بشکێندرێن، ئەم دەسەڵاتە جوتحیزبە گەیشتۆتە کۆتای لە ناشیرینی، ژمارەی پێوانەی تۆمارکردووە لە ستەمکاری، تەنانەت هەمو دونیا پشتی لەم دەسەڵاتە ناشیرین و ڕەشە کردوە.


بەردەوام ستەمکارەکان لە خۆپیشاندان و جوڵەی شەقام تۆقیون، چونکە ئەم دەسەڵاتە پڕە لە سیاسەتی ڕەش دژی خەڵکەکەی، دەسەڵات هەرگیز وەک ئەمڕۆ نەتۆقیوە و شارەکانی پڕکردوە لە هامەرو چەکدارو چەکی قورس، بەرپرسە سەربازیەکان لەجەنگ گەڕاونەتەوە و دەستیان سورکردوە بە خوێنی خۆپیشاندەران، پێشمەرگەی گیرفان بەتاڵ کەزۆربەیان مافخوراون و توڕەن لەم دەسەڵاتە کلیپتۆکراسیە بەکاردەهێندرێن بۆ کوشتنی گەنجە برسیەکان، خۆپیشاندەران داوای هاتنە کایەی دەسەڵاتێکی دادپەروەر دەکەن نەک کەمینەیەکی خەنی و زۆرینەیەکی برسی، هۆشیاربونەوە سەرەتایەکە بۆ کۆتایهاتنی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێن و دژە دیموکڕاسیە، هەرگیز لەخۆت پرسیوە بۆچی  چەند کەسێکی دوو بنەماڵە پێنج ملیۆن کەسیان برسی کردوە؟ئەمە سەرەتای هۆشیارییەکی گەورەیە بۆ کۆتایهاتنی دەسەڵاتە ڕەشەکە، ئێستا کۆتایی سیاسەتەو ئەوەی دەسەڵات دەیکات توندوتیژی و کوشتنە، دەریدەخات ستەمکارەکان چەند دەترسن لە جوڵەی شەقام، ئەم دەسەڵاتە لەهەمو هێزو هەمو تاکەکەسێکی دەرەوەی خۆی دەترسێت، ئەم ترسەش لە شەقام سەری دەسەڵاتە ڕەشەکە دەخوات.


خوێندراوەتەوە686