حامی‌ ئه‌حمه‌د عه‌لی‌

ئه‌و توڕه‌ییه‌ مه‌زنه‌ قورسه‌ خه‌فه‌ بكرێت!‌


دان نه‌نان به‌توڕه‌یی‌ و برسێتی‌ خه‌ڵكدا ملهوڕی‌ حكومڕانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ كوردی‌ ده‌سه‌لمێنێت، به‌جۆرێك له‌بری‌ به‌ته‌نگه‌وه‌ هاتن و به‌هۆشهاتنی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ جه‌ماوه‌ری‌ ڕق ئه‌ستوری‌ كوردستان كۆیی‌ خۆپیشاندانه‌ دیمۆكراسی‌ و یاسایه‌كانی‌ هاوڵاتیان به‌ ئاژاوه‌چی‌ و هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی‌ پشێوی‌ ناوده‌به‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بڵێی‌ هاوڵاتیان هیچ گرفتێكیان نیه‌و له‌خۆڕایی‌ ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر به‌دیدێكی‌ زانستیانه‌ی‌ پێناسه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ ته‌رجومه‌ بكه‌ین هه‌رده‌بێت ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی‌ لێبكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ دروشم و هۆكاره‌كانی‌ هاتنه‌ سه‌رشه‌قامی‌ هاوڵاتیان زۆر ڕون و ئاشكرایه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ و حكومڕانی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ده‌م وچاوی‌ بیست و شه‌ش ساڵ ئه‌زمونی‌ شكستخواردوو پاك بكه‌نه‌وه‌و زۆر به‌ساده‌یی‌ پێیان ده‌ڵێن بڕۆن، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ به‌زۆر خۆی‌ سه‌پاندوه‌و له‌داواكاری‌ ڕه‌وای‌ خۆپیشانده‌ران خۆی‌ گێل ده‌كات.

ده‌بێت كابینه‌ی‌ هه‌شتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ ڕاگه‌یه‌نێت نه‌ك هه‌وڵی‌ خۆدزینه‌وه‌ بدات و گه‌نج و منداڵی‌ میلله‌ته‌كه‌ی‌ بكاته‌ ئامانجی‌ كورسی‌ ده‌سه‌ڵات، له‌هه‌ر شوێنێكی‌ ئه‌م جیهانه‌ كاتێك جه‌ماوه‌ر پێش وه‌خت ئاماده‌كاری‌ ده‌كات بۆ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایی‌ و داواكاری‌ له‌ڕێگای‌ خۆپیشاندانه‌وه‌ به‌رپرسانی‌ یه‌كه‌می‌ وڵات له‌هه‌رجێگایه‌ك بن به‌زووترین كات خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌وه‌ وڵات سه‌ردانه‌ فه‌رمیه‌كانیش هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌بن، كه‌چی‌ لێره‌ له‌ناوگه‌رمه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ به‌رپرسه‌ یه‌كه‌مه‌كانی‌ هه‌رێم ووڵات به‌جێده‌هێڵن، ئه‌م حاڵه‌ته‌ لوتكه‌ی‌ خه‌مساردی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ داوا ڕه‌واكانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، سوتاندنی ئاڵا و باره‌گا حیزبیه‌كان و ده‌زگا فه‌رمیه‌كان ئه‌و ته‌فسیره‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ خه‌ڵك به‌جدی‌ هاوار ده‌كات و ڕاشكاوانه‌ پێتان ده‌ڵێن ئێوه‌مان ناوێت بڕۆن، ئه‌گینا به‌بڕوای‌ زۆربه‌ی‌ چاودێره‌ سیاسیه‌كان ئه‌و كارانه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی‌ دیمۆكراسی‌ و شارستانیانه‌ی‌ خۆپیشانداندا جێگای‌ نابێته‌وه‌و زۆرینه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌خۆپیشاندانه‌كاندا به‌شدارن به‌دوورن له‌و جۆره‌ كارانه‌و به‌شێكی‌ كه‌م كه‌ ڕه‌نگ بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئامانجه‌كانی‌ خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ بكرێن به‌و جۆره‌ كارانه‌ هه‌ڵده‌ستن كه‌ ئه‌وه‌ش له‌كۆتایدا ده‌سه‌ڵات لێی‌ به‌رپرسیاره‌ كه‌تائه‌و ئاسته‌ وه‌ڵامی‌ هاوڵاتیان به‌كرداری‌ ناداته‌وه‌، به‌ڵام ناكرێت بۆ قه‌ره‌بوی‌ زیانه‌ مادیه‌كان مرۆڤ بكرێته‌ قوربانی‌، ده‌بێت له‌بری‌ ئه‌وه‌ شیكردنه‌وه‌ بۆ ئه‌و كاردانه‌وانه‌ی‌ هاوڵاتیان بكه‌ن و بزانن له‌ڕابوردودا چۆن به‌ چه‌وساندنه‌وه‌و قه‌یرانی‌ خولقێنراو و بڕیاری‌ تاكڕه‌وانه‌ ئه‌م میلله‌ته‌تان نقومی‌ برسێتی‌ و هه‌زاره‌ها قه‌یران كردوه‌و  شكاندنی‌ كه‌سایه‌تی‌ مرۆڤ له‌م هه‌رێمه‌دا له‌ژێر حكومی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و نادادپه‌روه‌رانه‌دا بوه‌ته‌ نه‌خۆشیه‌كی‌ درێژ خایه‌ن.

له‌كاتێكدا فشاری‌ ده‌رونی‌ به‌هۆی‌ ناسه‌قامگیری‌ باردۆخی‌ ئابوریه‌وه‌ ته‌نگیی‌ به‌ژیانی‌ زۆرینه‌ی‌ هاوڵاتیان هه‌ڵچنیوه‌و تاگه‌شتوه‌ته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی‌ تاكی‌ كورد بڕیاری‌ خۆكوشتن بدات، كه‌چی‌ رۆژ دوای‌ ڕۆژ بۆ به‌رژه‌وه‌نی‌ تایبه‌تیتان قه‌یرانه‌كان درێژه‌ پێده‌ده‌ن و ناتانه‌وێ‌ بچنه‌ ژێر باری‌ داواكاری‌ و مه‌رجه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ دانوستانه‌كان، كه‌باش ده‌زانن هه‌موو داواكاریه‌كانی‌ به‌غداد بۆ هه‌رێم یاساییه‌ به‌پێی‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ی‌ خۆتان نوسیوتانه‌، پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم بیر بكه‌نه‌وه‌ و به‌خۆتاندا بچنه‌وه‌، چونكه‌ میژوو لاپه‌ڕه‌ی‌ ژیانی‌ سیاسی‌ زۆر له‌ ئیمپڕاتۆره‌كان و فه‌رمانڕه‌وا به‌هێزه‌كانی‌ وه‌ك خۆی‌ نوسیوه‌ته‌وه‌ و ئێستا له‌سه‌ر زاری‌ خه‌ڵك به‌ته‌نزو توانجه‌وه‌ باس ده‌كرێن و نه‌فره‌ت له‌ده‌سه‌ڵاتیان ده‌كرێت، ده‌كرێت ئه‌م جاره‌ش به‌زه‌بری‌ هێز ئه‌و توڕه‌ییه‌ی‌ هاوڵاتیان خامۆش بكرێته‌وه‌، به‌ڵام دڵنیا بن پشكۆیی‌ ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی‌ خه‌ڵك هه‌ر ده‌مێنێت و ته‌نها ئاگره‌كه‌ی‌ ده‌كوژێته‌وه‌، له‌هه‌ر كاتێكی‌ تردا به‌هه‌مان شێوه‌ سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌و گۆڕانكاریشی‌ به‌سه‌ردا دێت و ناشتوانرێت پێشبینی‌ بكرێت ئاكامه‌كه‌ی‌ چی‌ ده‌بێت و به‌كوێ‌ ده‌گات.

خوێندراوەتەوە254