به‌رهه‌م عومه‌ر

یه‌ك و یه‌ك ده‌كاته‌ چه‌ند؟
ده‌كاته‌، دوو نان‌


جارێكی دیكه‌ له‌ كوردستان خه‌ڵك ده‌كوژرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی داوای مافی خۆی كردووه‌، خه‌ڵك ده‌كوژرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ره‌، خه‌ڵك ده‌كوژرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی داواكاری هه‌بوه‌ و گوێی لێ نه‌گیراوه‌ و توڕه‌یه‌.

منداڵ ده‌چێته‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌كه‌ی، مامۆستاكه‌ی له‌وێ نییه‌. مامۆستاكه‌ ده‌چێت داوای مافه‌كانی بكاته‌وه‌ و به‌شداری گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی بكات، به‌ كوته‌كی كاره‌بایی سڕی ده‌كه‌ن.

نه‌خۆش ده‌ڕفێنرێت بۆ نه‌خۆشخانه‌ بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پێویست، دكتۆر له‌وێ نییه‌. زه‌نگی ته‌له‌فۆنی دكتۆر لێده‌دات‌، جوێنی پێ ده‌درێت و سوكایه‌تی پێ ده‌كرێت كه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ی به‌جێهێشتوه‌.

 فه‌رمانبه‌رێك ڕووگیربووه‌ و چۆته‌وه‌ بۆ ده‌وام. خۆپیشانده‌ران هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر فه‌رمانگه‌كه‌ و كارمه‌نده‌كان به‌ هه‌ڵه‌داوان ڕاده‌كه‌ن و ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌ل و ئه‌وراقی فه‌رمانگه‌كه‌ ده‌سوتێنرێت.

پێشمه‌رگه‌یه‌ك پاره‌ی پێ نییه‌، ده‌چێته‌ چایخانه‌یه‌ك به‌ قه‌رز چایه‌ك ده‌خواته‌وه‌، دواتر ده‌چێته‌وه‌ به‌رده‌م باره‌گا حزبیه‌كه‌ی و ده‌ستده‌كات به‌ ته‌قه‌كردن به‌سه‌ر موچه‌خۆراندا؛ كه‌ داوای موچه‌ی موچه‌خۆرانیان ده‌كه‌ن.

حكومه‌تێك، له‌ناوه‌ و ده‌ره‌وه‌ خه‌ڵك له‌ دژی خۆپیشاندان ده‌كات و توانای دابینكردنی نزمترین ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كانی نییه‌ و موچه‌ی گه‌یاندووه‌ته‌ چاره‌ك و مانگانه‌ی كردووه‌ به‌ دوومانگ و هه‌واڵی نۆره‌ موچه‌ یه‌كێكه‌ له‌ داهێنانه‌كانی، خوێنی خه‌ڵكی ناڕازیی به‌ حكومه‌ته‌كه‌ی، له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانییه‌وه‌ رژێنراوه‌‌، به‌ڵام ده‌ڵێت؛ نازانم بۆچی ده‌بێت حكومه‌ت هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.

تێكچونی ته‌ونی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هۆی فشاره‌ ئابورییه‌كان و نه‌بونی سیستمه‌وه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ لوتكه‌، به‌دبینی شۆڕبۆته‌وه‌ بۆ ناو خێزانه‌كان، زستانێكی بێ سوته‌مه‌نی و بێ كاره‌با و بێ گیرفان به‌ڕێ ده‌كرێت، كرێچیه‌كان و قه‌رزاره‌كان چیتر ده‌ره‌قه‌تی ژیان نایه‌ن، به‌ڵام داوایان لێ ده‌كرێت "ناڕازی نه‌بن" به‌بێ ئه‌وه‌ی پێیان بوترێت "تا كه‌ی!".

شكست له‌سه‌ر شكست تۆماری ده‌كه‌ن، پێگه‌ و به‌های كوردیان له‌ هه‌موو جیهاندا سوككرد، به‌ڵام ئاماده‌ نین له‌به‌رامبه‌ر شكسته‌كانیان داوای لێبوردن له‌ خه‌ڵك و ده‌نگده‌ره‌كانیان بكه‌ن، سه‌رباری ئه‌وه‌ش ته‌قه‌یان لێده‌كه‌ن، ده‌ستگیریان ده‌كه‌ن.

مه‌ترسییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، پێشتر خۆپیشاندان كراوه‌ و گوێی لێ نه‌گیراوه‌، ئێستا ناڕه‌زایه‌تییه‌كان توندتر بون و له‌بری به‌ده‌مه‌وه‌چون و گوێگرتن له‌ داخوازییه‌كانیان، دوو هێز كه‌ مۆنۆپۆلی ده‌سه‌ڵاتیان كردووه‌ و هێزی ئه‌منی نوێ دروست ده‌كه‌ن و "به‌لاغی ژماره‌ یه‌ك" بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و كێیان بوێت ده‌ستگیری ده‌كه‌ن و خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن بۆ زیاتر لێكدابڕانی پێكهاته‌كانی كوردستان.

هه‌ر بۆیه‌ له‌مه‌ودوا یاساكان ده‌گۆڕێت و گرژییه‌كان و خۆپیشاندان و پێكدادانه‌كان پێشبینی نه‌كراو ده‌بن، خۆپیشاندانه‌كان ده‌بنه‌ ده‌ربڕی داخوازی برسییه‌كان و كاتێك پرسیار له‌ قوتابیان بكرێت (یه‌ك و یه‌ك) ده‌كاته‌ چه‌ند؟ مامۆستا و قوتابی پێكه‌وه‌ ده‌ڵێن؛ (ده‌كاته‌ دوو نان).


خوێندراوەتەوە1730