فرمان عبدالرحمن

غەمگینم ...‌


ئەو رەشبگیری و بەربەریەتەی لە کوردستان هەردوو هێزی سەرسەری بە تایبەتی یەکێتی دەستی داوەتێ هی ئەوە نیە بێ دەنگی لێ بکرێ کوشتنی خۆپیشاندەران و تێکشکاندنی کەناڵی ئێن ئار تی و رەشبگیری چالاکڤان و رۆژنامەنوس و خەڵکانی مەدەنی و راگەیاندنی حوکمی عەسکەری هیچ نین جگە لە بەرجەستەکردنەوەی سیما ئیبلیسیەکانی حیزب کە ۲٦ ساڵە بونەتە درێژە پێدەری ئەم ئەزمونە کە هەموو شتێ بوو تەنها حوکمڕانی نەبێ. ئیدی بەرهەمی ۲٦ ساڵی حوکمی چەتەگەرایی یەکێتی و پارتی تەنها ئەم دوزەخەیە کە خۆشیان گیریان خواردووە بەدەستیەوەو نازانن چۆن بەرێوەی بەرن.. 

جا ئێوە ... بەڵێ بەڵێ ئێوە بارۆنە فاشیلەکان، پیاوە ئێکسپایەرەکانی سیاسەت، ڤایرۆس و مشەخۆرەکانی دۆلارو تمەن و لیرە، ئەزانن ئێوە هەرگیز پیاوی حوکمڕانی نەبوون ئێوە هەرگیز شایستەی ئەوە نەبوون حوکمی ۵ ملیۆن کەس بکەن. راشکاوانە پێتان بڵێم ئێوە لەتواناتاندایە دوو تەویلە بەڕێوە بەرن تەنها دوو تەویلەی سێ بەچوار تەنها بارتەقای ئەوە بۆ حوکمڕانی دەست ئەیەن کە دوو ئەشکەوتی خاڵی و شێدار ئیدارە بکەن..

ئاوڕێک بۆ ۲٦ ساڵی رابردووتان بدەنەوە چی هەیە شانازی پێوە بکەن کوا پرۆژەی ستراتیژیتان چیتانکرد بۆ بونیادنانی ژێرخانێکی ئابوری تۆکمە کە پارەتان لەبەردەست بوو جگە لە دزین و بە هەدەردان و کەڵەکەکردنی لە بانکەکانی دەرەوە..

کاڵفامیە پێتوابێ ئەم دۆخە بەرەنجامی ریفراندۆمە من دەنگم بە بەڵێ دا، ئێستاش بکرێتەوە هەر دەڵێم بەڵێ، ئاخر ئەم دۆخە شکستێکی راستەقینەی ۲٦ ساڵ حوکمڕانی فاشیلە زۆر بە سادەیی پێتانبڵێم کێشەی ئێوە چی بوو؟ کێشەی ئێوە ئەوەبوو وەکو دوو گروپی سیاسی ئێستاشی لەگەڵ بێ نەتانزانیوە چەندێک ئەم شارو هەرێمەتان بە دەستەوە دەبێ لە سیاسەتیشدا گەر یەکێک نەیزانی شوێنێکی چەند بە دەستەوە دەبێ ئیدی وەکو مەڵبەندی تاڵانی تەماشایدەکات ئێوە پیاوە گرگنەکانی هەردوو حیزب و دوو بنەماڵە ۲٦ ساڵە کوردستانتان وەکو مەڵبەندێکی تاڵانی و خۆ دەوڵەمەندکردن تەماشا کردووە لە بەدبەختی کورد ئەوەشتان بەناوی حوکمڕانی و دیموکراسی و نیشتمانپەروەریەوە ئەنجامدا..

ئەوە چ بێ مۆراڵی خاڵی بونەوەیەکە لە بەها، کەرکوک و ۵۰ لەسەدی کوردستانتان فرۆشت بە شەحاتە لەپێکانی حەشدی شەعبی، بە پاساوی ئەوەی خوێنی لاوی کورد نەڕژێ. کەچی ئێستا بۆ پاراستنی بارەگا سەخیف و جەهەنەمیەکانتان لافاوی خوێنتان لەشارەکانی کوردستان هەستاندووە..

ئێوە دەڵێن خۆپیشاندەرە گەنجەکان گێرەشێوێنن و بارەگا دەسوتێنن ئاخر هەی هاوڕێی شەیتانەکان، هەی کۆکەرەوەی هەموو سیفەتە بەدەکان، ئێوە ۲٦ ساڵە جوانی دەسوتێنن ۲٦ ساڵە خەیاڵ و خەون و ئومێد و خۆ‌زگەی ئەو خەڵکە خێر لەخۆ نەدیوە دەسوتێنن.. ئاخر ئەوە ئێوە بوون هەموو رێگاکانتان هێنایەوە سەر رێگەی توندوتیژی دەرفەتتان نەهێشتەوە جگە لە توندوتیژی، بەڵام پێویستە خۆپیشاندەران نەهێڵن ئەو پاساوە بە دەستی دەسەڵاتەوە بهێڵنەوە دوور بوون لە توندوتیژی ماکی سەرکەوتن دەبێ ئەمجارە. هاوڕێیان ئەوان لە ئاشتی و جەنگدا باکیان بە وێرانکردنی ئەم هەرێمە نەبووە ئەوە ئێوەن نابێ بهێڵن ئەزمونی سوریاو غوتەی شەرقی و حەلەب لێرە دووبارە بێتەوە، ئەوان بێ باکن لە هەموو شتێ ئەوە ئێوەن دەبێ درەخت و گوڵ و کۆترو شەقام و پەنجەرەی شارەکانتان بپارێزن هەرچەندە گومان دەکەم سوتاندنی شوێنە حکومیەکان دەستێک بێ لە دەستە ناشرینەکانی حیزب خۆی.

لەلایەکی دیکەوە پێویستە لەسەر هێزە سیاسیەکانی دەرەوی هەردوو حیزبی شکستخواردوو پارتی و یەکێتی واز لەو ململانێ منداڵانەیە بێنن کە کێ نوێنەرایەتی شەقام دەکات و پەلەی دەنگ کۆکردنەوەیان نەبێ و بەرەیەکی بەرفراوان پێک بهێنن لەگەڵ هێزەکانی دیکەدا و پێش هەموو شتێ مانگرتنی سەرتاسەری رابگەیەنرێ بە بەشداری هەموو چین و توێژەکان ئەو خۆپیشاندانە پێویستی بە خاوەن و دەموچاوێکی راستەقینە هەیە دواتر بە هەر رێگایەکی دیبلۆماسی و فەرمی هەیە داوا لە یونامی و نەتەوە یەکگرتوەکان بکرێ کە هێزی ئاشتی پارێز رەوانەی هەرێم بکەن و چەک و پارە لە دەستی سەرسەریەکانی یەکێتی و پارتی دەربهێنرێ و زەمینەسازی بکرێ بۆ هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانەی دوور لە تەزویر لە ژێر چاودێری راستەوخۆی نەتەوە یەکگرتوەکان کە دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو هێزەکان فەراهەم بکاو کاری داهاتووی ئەو حکومەتە بە پلەی یەکەم دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بێ بۆ دادگایی کردنی هەموو ئەوانەی دینارێکی دزراوی ئەم میللەتەیان بە گەندەڵی کەوتۆتەلا، پاشان گەڕاندنەوەو بلۆک کردنی پارەی بارۆنەکان و قاچاخچیەکانی نەوت و گاز لە هەردوو حیزب کە بانکی وڵاتانی ئەوروپایان لێ پڕ کردووە.

ئەگەر هەوڵێکی لەو شێوەیەو دونیابینیەکی سیاسی بەم رەنگ و روخسارە ئاوێتەی جوڵانەوەو ناڕەزایەتیەکانی شەقام نەکرێ ئەمجاریش جگە لە ئەستور بونی چەرمی رووی یەکێتی و پارتی دەرەنجامێکی دیکەی نابێ.

هەر لێرەدا جێی خۆیەتی ئەو هەڵوێستە بەرزو جوامێرانەیە بنرخێنرێ کە لەرێی کەمپینێکەوە ژمارەیەک پێشمەرگەو کارمەندی هێزەکانی ناوخۆ مێژویەکی پرشنگداریان بۆ خۆیان نوسیوەتەوە کاتێک بە وێنەو وشەی خۆیان مانیان لەو رەفتارە بەدە کردووە تەقە لە خوشک و برا مەدەنیەکانی خۆیان بکەن ئەوە ئەو جوانیەیە کە هێشتا ئومێد لەم دۆزەخەدا پەخشدەکاتەوە.

ئاگاداری ئەوەشم کە بابەتی بەکارهێنانی چەکی ئەڵمانی لەلایەن بەڵتەجی و میلیشیاکانی یەکێتی و پارتی بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بابەتێکی جدیە لە میدیا موعتەبەرەکانی ئەڵمانیا، هەربۆیە گرنگە وێنەو زانیاری ورد لەوبارەیەوە کۆبکرێنەوە.

خوێندراوەتەوە1442