ئاراس فه‌تاح

دەسەڵاتی نھێنیی‌


نھێنیبوون لە سیاسەتدا دۆخێکی باوە، بەڵام نھێنییبوون لە مومارەسەی توندوتیژییدا بوونی نییە. ھەر دەسەڵاتێک چووە قۆناغی ئەوەی بە نھێنیی خەڵک بڕفێنێت، لەوە دەردەچێت بچێتە خانەی سیاسەتەوە، بەڵکو دەبێت بە کردەی تیڕۆر. لەناو ئەم جوگرفیای دەسەڵاتەدا ژیان و ماڵی ھیچ کەسێک پارێزراو نییە، چونکە یاسای تیرۆر حوکمی دەکات.

دەسەڵاتی نھێنیی دەسەڵاتێکە کە ئاساییشی مرۆڤەکان ناپارێزێت، بەڵکو ھەموو ھەستێک بە بوونی ئاساییش لە ژیانی کۆمەڵایەتییماندا دەکوژێنێتەوە. ھەر کەسێک جورئەتی ئەوی تێدا بێت دژایەتی ئاشکرای بکات و بەرژەوەندییەکانی بخاتە مەترسییەوە، دەبێت ئەو مافەی لێبسەنرێتەوە کە ھەست بە ئاساییش بکات. سیاسەت دەبێت بە گەمەی چاوشارکێ لەگەڵ گەستاپۆکانی دەسەڵات، چالاکوانانی مەدەنیی شوێنێک نامێنێتەوە خۆیانی تێدا حەشاربدەن. سیاسەت لەم جۆرە دەسەڵاتدارێتییەدا دەبێت بە کردەی پشکنینی جەستە و جوگرافیای ژیان و سانسۆرکردنی زمان و عەقڵ.

ئەم دۆخەی ئێستا لە کوردستاندا روبەڕووی دەبینەوە ساڵانێکە ھیچ پەیوەندییەکی بە کردەی سیاسەتەوە نەماوە. ئەمەی لەم دەڤەرەدا روودەدات زەبروزەنگە بەمانا ھەرە ڕووتەکەی، وەکو لە ھەڤدەی شوباتیشدا بینیمان. ئەمەی لە ھەرێمی کوردستاندا دەبینرێت سیاسەت نییە، بەڵکو توندوتیژییەکی جڵەولەدەسەتچووە کە کەموزۆر پەیوەندی بە سیاسەتەوە نەماوە و بووە بە توندوتیژییەکی ڕووت و کوێر.

ئەم ستراتیژە کۆنە نوێیە پێماندەڵێت: ھەرکاتێک ھێزە نھێنییەکانی من دەرکەوتن ھیچ ھێزێک نییە توانای پاراستنی ژیانی ئێوەی ھەبێت. ئێمە شەرم لە ھیچ کەس و دەزگا و ھێزێک ناکەین و ھیچ بەھایەکی یاسایی و گەردوونی و ئینسانیی نییە رێگرمان بێت لەوەی چیمان بوێت لە کوێ و کەی و دژ بەکێ، دەیکەین.

لە دوای گرتن و ڕفاندن و کوشتنی کەسایەتی و پەرلەمانتار و چالاکوانان و گەنجانی دەڤەری سلێمانیی و لەدوای داخستنی عەسکەرتارییانەی کەناڵی نالیا و تۆقاندنی کارمەندەکانی، دەسەڵات پێمان دەڵێت ئەوەی سەرکەشیی بکات ناتوانێت پەنا بۆ ھیچ شوێنێک بەرێت کە تیایدا پارێزراوبێت، رووبەرێک نامێنێتەوە خۆی تێدا حەشاربدات.

سیاسەتی بەرھەمھێنانی ترس لە کوردستاندا پێیناوەتە قۆناغێکی تاریکەوە. لە قۆناغی ئێستادا چیتر ترسەکان ترس نیین لە برسێتیی و نادادیی و پێشێلکردنی ئازادییەکانمان، بەڵکو ترسە لە وونبوون و نادیاریی چارەنوس. ئەم فۆرمە نوێیە گۆڕینی کردەی سیاسەتە بۆ کردەی تیڕۆر. ئەم فۆرمە نوێیە ئینفیلاتێکی ئەمنیی تەواوەتییە بۆ ئاساییشی کۆمەڵگای ئێمە.

ئەمانە گەر شتێکیان لە زانستی سیاسەت بزانیبایە ئەم گەلەیان نەدەگەیاندا لێواری ئەم داڕمانە گشگیرەی کە تیایدا دەژین. ئەم نوخبە سوڵتانییە جگە لە کردەی توندتوتیژیی ڕەھا ھیچ کارامەییەکی تری نییە.


له‌ ئه‌ژماری نوسه‌ر له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك وه‌رگیاوه‌

خوێندراوەتەوە887