بەهمەن تاهیر نەریمان

خۆپیشاندانەکان و لێکەوتەکانی‌


لە ساڵی ٢٠١١ یەکەم شەپۆلی ناڕەزایی بەشێوەی خۆپیشاندان دەستی پێکرد، شەپۆلی دوەم ساڵی ٢٠١٥ بوو، ئەم دوو ئەزمونە بۆ ئێمە و بۆ ئەمڕۆی خۆپیشاندانەکان گرنگن، لەبەر ڕۆشنایی ئەو دوو ئەزمونەدا ئەم خاڵانەی خوارەوە بە گرنگ دەزانین:


1) قەیرانی قووڵی سیاسییەکانی هەرێم پێش هەموشتێک قەیرانی ئەخلاقە، ئەوان لە بەردەم لەدەستدان و داماڵینی ئەخلاقدان، بۆیە زۆر جار شیکاران و خەڵکی کوردستان، لەجێی سیاسی، دەیانەوێت زاراوەیەک دابڕێژن، پڕ بە پێستی ڕەفتارەکانیان بێت، جارێک پێیان دەڵێن دز، یان مافیا، چەتە... ئەوان جاری واش هەیە ئەو زاراوانەش بۆیان کەمە، چونکە هەر یەک لەو وەسفانە خاوەنی جۆرێک لە ئەخلاقی خۆیانن، بەڵام ئەمان لەو جۆرەشیان نییە. تۆ سەیری چەتەکانی ڕابردوی کوردستان بکە، بۆیان گێڕاوینەتەوە زۆریان تیابوە ئەگەر کاروانێک بەلایاندا ڕۆشتبێت و ئەو کاروانە ژنی تێدابوبێت، تاڵانیان نەکردوە. ئەمە بۆ خۆی جۆرێکە لە ئەخلاقی چەتە، بەڵام ئەم سیاسیانەی کوردستان، خاوەنی بەهاکانی چەتەش نین، ئێستا ئێمە سێکتەرێک لەم هەرێمەدا شکنابەین؛ ئەگەر پارەی تێدا بوبێت، ئەوان دەستی دزییان بۆ نەبردبێت! ئاخر تۆ سەیری بابەتێکی وەک چەک بکەن، کێ بیستویەتی گروپێکی مافیایی ئەو چەکانەی کە بەرگریی لە خۆیانی پێدەکەن فرۆشتبێتیان؟! کەچی ئەم سیاسیانەی ئێمە دەستیان بۆ فرۆشتنی چەکەکانیشیان بردوە و ئەو چەکانەی هاوپەیمانان بۆ شەڕ دژی داعش و بەرگری لە خۆیان پێیان دان، ئەوان لە بازاڕی ڕەشدا فرۆشتویانن(تۆمەتبارکردنەکانی مەحمود سەنگاوی و قوباد تاڵەبانی بۆ یەکتری نمونەی ئەم ڕاستیەن!).

بۆیە ئەم خۆپیشاندانانە دەبێت مەسەلەی ئەخلاق بەهەند وەربگرن، چونکە ئەخلاقی ئەوان لە داهاتودا دەبێتە بەرهەمهێنەری سیاسییەک بەپێی ڕەفتارەکانی ئەوان، چۆن؟ ئەمە لە خاڵی دودا ڕوندەکەینەوە.

2) ڕاپەڕینی ١٩٩١ کوردستانییەکان کردیان، خەڵک خۆی پێی هەستا، بەڵام پڕپر بوو، لە تاڵانوبڕۆ، تاڵانوبرۆی چەندین دامودەزگای میڕی، تاڵانوبڕۆی دەزگاکانی ئەمن و ئیستخبارات و سەربازگەکانیش، خۆم ژنی سەرسپیم بینیوە شەش کڵاشینکۆفی لە شانا بووە، لە فڵانە سەربازگە تاڵانی کردبوو، کار گەشتە ئەوەی خەڵک خۆی ناویان نان هێزی ڕاووڕوت، ئەبریڤیەیشنیشی بۆ دانراو کرا بە هێزی (RR). ئەم ئەخلاقەی خەڵک لەدوایەوە هێزی بەرپرسەکانی پارتی و یەکێتی و حزبەکانی تری ئەوکاتەی هێنایە پێشێ، ئەوان لە جێی ئاوەدانکردنەوەی وڵات، لە ڕاووڕوتی وڵات بەردەوامبون، ئەوەی کەرەستەی ئاوەدانکردنەوە بوو، بەرەو مەرزەکان بردیان، لە قۆڵی ئێمەوە، لەبەربەچاوی خۆمان لە پێنجوێن بەرپرس هەبوو، جادەی تایبەتیی خۆی هەبوو بۆ بردنەدەرەوەی کەرەستە خاوەکانی ئاوەدانکردنەوەی وڵات بەرەو ئێران، هەروا بردنی شۆڤڵ و کۆی ئەو کەرەستانەی کە هۆکاری ئاوەدانکردنەوە بون، ئەم پرۆسەیەش ئەوەندە بڵاو بوو، خەڵک ناوی بۆ ئەمەش دانا، ناویان نا (ئاودیوکردن). (ئاودیوکردن)بوو بە زاراوە و بەسەر زاری هەموانەوە بوو، هەموو خولەکێک نەت بیستایە، سەری کاژێریک دەت بیست، تەنانەت ئەوەندە شەعبەوی ببۆوە ئەگەر پارویەکت بگلاندایە لەسەر نان خواردنی ئاسایی، نەیان دەوت قووتی دا، دەیان گوت(ئاودیوی کرد!). لەدوای ڕاپەڕین پڕۆسەی ئاودیوکردن یەکەم قۆناخی دزیکردنی بەرپرسە کوردەکان بوو، ئەو بەرپرسانەی لە شاخەوە هاتبونەوە و لافی شۆڕشگێڕی؛ هەڵاوی دەمیان بوو. بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین پێش ئەوەی ئەم بەرپرسانەی کوردایەتی دەستبکەن بە (ئاودیوکردن)، خەڵکی گشتی خۆیان پێشتر پڕۆسەی ڕاووڕوت(RR) یان ئەنجامدابوو، کەواتە دزە گەورەکان لەناو خەڵکەوە هاتن و ئەخلاقی خەڵکیان تەواودەکرد، ئەوان تەنها ڕاووڕوتیان گۆڕی بە ئاودیوکردن.

    ئەم خۆپیشاندانانە ئەگەر ئەخلاقی سەرەتای ڕاپەڕین دوبارە بکەنەوە، بێگومان ئەم نەوە بەرپرسەش بڕۆن، نەوەیەکی تری وەک ئەمان جێیان دەگرنەوە.

کەواتە خۆپیشانداران لەگەڵ هەوڵی گۆڕینی دەسەڵاتیش، دەبێت هەوڵی گۆڕینی ئەخلاقیش بدەن، جگە لە ئەخلاقی ڕاووڕوتیش، لەسەریانە هەوڵی گۆڕینی ئەخلاقی توندوتیژ بدەن بۆ ئەخلاقی ناتودوتیژ، چۆن؟ کەواتە پێویستمان بە خاڵی سێش هەیە.

3) زۆر لایەنی دەسەڵاتدار گۆڕینی ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بۆ توندوتیژی بە (دەست) ناودەبەن، ئەم دەستە لەناو ئەقڵی ناسیۆنالزمی ڕۆژهەڵاتدا میتافۆڕێکی زۆر باوە، لای نەوەی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتی (دەست) واتە هێزە دەرەکییەکانی دژی بزوتنەوەی کوردایەتی دەگەیەنێت، بە مانای تەخوین و داماڵینی بەرانبەر لە نەتەوەخوازی، بەمانای خۆفرۆش، دەستی دەرەکی و جاسوس و هەموو ئەو سێبەرە واتایانەی کە میتافۆڕی (دەست) هەڵی گرتون.
لە ڕاستیدا مەسەلەی دەست لە وەهمی ناسیۆنالستی و کوردایەتی زیاتر هیچی تر نییە، پێم وایە گۆڕینی ئاراستەی خۆپیشاندان بۆ توندوتیژی بۆ چەندین خاڵ دەگەڕێتەوە.

لە لایەکەوە فەرهەنگی (ناتوندوتیژی) لای ئێمە فەرهەنگێکی لاوازە و خەڵکی ئێمە بڕوایەکی پتەوی بە توندوتیژی هەیە و بڕوای بە ناتوندوتیژی نییە وەک هێزیکی نەرمی کاریگەر.

لەلایەکی تریشەوە دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتێکە ڕەفتارەکانی خۆی؛ هاندەرن بۆ بەرهەمهێنانی خۆپیشاندانی توندوتیژانە، لە ساڵی ٢٠١١ ەوە شەپۆلەکانی خۆپیشاندان بەردەوامە و ئەم دەسەڵاتە هیچ وەڵامێکی ئەرێنی خەڵکی نەداوەتەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە، پشتگوێی خستون و ڕوبەرەکانی هەژاری و بێکاریی ڕۆژبەڕۆژ فراونتر دەبن، ڕوبەری گەندەڵییش فراوانتر دەبێت، بۆیە خەڵک لە یەئسێکی قووڵەوە، لە ئەعسابێکی گەرمەوە، خۆپیشاندانی ناتوندوتیژ دەگۆڕێت بە خۆپیشاندانی توندوتیژ.

دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان ڕەفتارەکانی لەبەرانبەر خۆپیشاندەران لە خزمەتی توندوتیژیدان، بۆ نمونە هەر لە سلێمانی(١٩-١٢-٢٠١٧) خەڵک دەی ویست لە سەرای سلێمانی گردببنەوە و دەستبکەن بە ناڕەزاییەکانیان، بەڵام دەسەڵات ڕێگری لێدەکردن و بە فیشەکتەقاندن و بۆمبی دەنگی و غازی فرمێسکڕێژ کەوتە وێزیەیان. هەر رۆژیک دوای ئەوە، لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوادا نزیکەی ٣٠ مامۆستا گردببونەوە و یەک دروشمیشیان نەدەوت و بێدەنگ وەستابون، لەناکاو هێزی ئاسایش دای بەسەریاندا و هەندێکیانی گرت و بڵاوەی بەوانی تر کرد. ئاخر تۆ بەم توندوتیژییە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بکەیت، چۆن داوای خۆپیشاندانی مەدەنی ناتوندوتیژ دەکەیت؟!

گۆڕینی ئاراستەی خۆپیشاندانەکانی کوردستان لە ناتوندوتیژەوە بۆ توندوتیژ لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەژار و بێناندا نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی دەسەڵاتدارانەوە و دەستدەکەنەوە بە کوشتن و گرتن و بێسەروشوێنکردنی خەڵکی، ئەمە بۆ ئەوان زۆر ئاسانە، چونکە ئەوان کوڕی شەرعیی ئەو دۆخەن و دەزانن چۆن سەرکوتی دەکەن، بەڵام ئەوان لەبەردەم هێزی خۆپیشاندانی ناتوندوتیژدا دەستەوسانن و بەردەوامیی ئەم جۆرە خۆپیشاندانە کاریگەریشی زۆر دەبێت. دەبێت دان بەوەشدا بنێین سوتاندنی بارەگای حزبەکانیش لەبەرژەوەندیی فەلسەفەی ناتوندوتیژیدا نییە، بەڵکو لە خزمەتی دەسەڵاتی توندوتیژدایە.  

4) سوتاندنی بارەگاکانی هەموو حزبەکان، دوو مانای ڕون دەگەیەنێت: 

یەک: سیستمی حزبایەتی بەم مۆدێلەی کوردستان شکستی هێناوە و گەشتۆتە بن بەست.
دوو: ئەو خۆپیشنادانانە زۆر خۆڕسک و عەفەوین و لەناخی برسییەکانی کوردستانەوە سەردەردێنن، نە دەستە و نە نە وەهمی دەست. بەڵام ئایندەی خۆپیشاندانەکان هێشتا ڕون نین. چۆن؟

5) خۆپیشاندانەکان ڕەنگە لەبەردەم سێ ئەگەردا بن: یەک؛ بەزەبری هێز کپدەکرێنەوە و دەسەڵاتی جوتبنەماڵەیی لەوپەڕی ستەمکاریدا هەرێم دادەدۆشن و بەڕێوەی دەبەن و بگرە بۆ ماوەیەک دەتوانن نوزەی خۆپیشاندانیش نەهێڵن. دوو؛ دەسەڵات مل بە داواکانی خەڵک نادات و بۆ ماوەیەکی زۆر هەرێم دەکەوێتە پاشا گەردانییەکی قووڵ و تاقەتپڕوکێنەوە، ئیتر پاساو بۆ دەسەڵاتی ئیتحادی خۆشدەبێت بەخۆی و هێزەکانی و حەشدی شەعبییەوە چیرۆکی هەرێم کۆتایی پێبهێنن. سێ؛ حکومەت خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆی هێزەکان، حکومەتی کاتیی ڕزگاریی دروستدەکەن و نەخشەڕێی ڕزگاربون دادەنێن، ڕەنگە ئەوانیش بۆیان دانەنرێت و ئیتر هەر خەریکی بەردەکەی سیزیف بین.

خوێندراوەتەوە914