له‌یلا جه‌مال

بۆ نان یان ئازادی‌‌


مێژوو خۆی‌ دوباره‌ ئه‌كاته‌وه‌، چونكه‌ بكه‌ره‌كانی‌ ئه‌مڕۆ زۆر له‌ بكه‌ره‌كانی‌ دوێنێ ئه‌چن. به‌و پێیه‌یی مرۆڤ به‌ سه‌رێك بونێكی‌ بایه‌لۆژیه‌، غه‌ریزه‌ پاڵنه‌ری‌ زۆر كرده‌یه‌تی‌. عه‌قڵانیه‌كان هه‌موو كرده‌یه‌كی‌ غه‌ریزی‌ به‌ كرده‌یه‌كی‌ جیا  له‌ شوناسی‌  مرۆیی مرۆڤ  ده‌زانن. كاواته‌ عه‌قڵانی‌ بوون یه‌كسانه‌ به‌ مرۆڤ بوون، غه‌ریزی‌ بوونیش یه‌كسانه‌ به‌ ئاژه‌ڵبوون. پڕۆسه‌ی‌ عه‌قڵانی‌ بوون پڕۆسه‌یه‌كی‌ ورد و خورته‌، ئه‌مه‌ جێ دێڵم بۆ فه‌لسه‌فیە‌كان.

به‌ڵام پڕۆسه‌ی‌ غه‌ریزی‌ بوون ئاسانه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ عه‌قڵانی‌ نیت، غه‌ریزیت. ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر مێژوو، مێژوو تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌و ڕوداوانه‌ی‌ ئێمه‌ دروستیان ئه‌كه‌ین. 

كه‌واته‌ ئه‌مڕۆ ئه‌مانه‌وێ چی‌ بكه‌ین بۆ مێژوو؟

ئه‌گه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ت ته‌نها شه‌ڕی‌ نانه‌، له‌ مێژوودا ده‌نوسرێته‌وه‌ شه‌ڕی‌ تۆ بۆ نان، نان خواردنیش ئاسایی كرده‌یه‌كی‌ غه‌ریزیه‌.وەک چۆن پەلاماردان کردەیەکی غەریزیە.

ڕاسته‌ ماسلۆ حەفتا ساڵ پێش ئێستا ده‌ڵێت، بەبێ تێركردنی‌ پێویستیه‌ غه‌ریزیه‌كان، مرۆڤ ناتوانێ وه‌ك پێویست عه‌قڵ و تواناكانی‌ گه‌شه‌ بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌و په‌ره‌سه‌ندن و گۆڕانكاریانه‌ی‌ به‌هۆی‌ تواناو وزه‌ی‌ له‌ بن نه‌هاتوی‌ مرۆڤه‌وه‌ هه‌ن، نه‌ك تیۆرێك بگره‌ كۆی‌ زانسته‌ مرۆڤایه‌تیه‌كانی‌ توشی‌ كه‌موكورتی‌ كردووه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مرۆڤ به‌هۆی‌ ئه‌و عه‌قڵانیه‌ته‌وه‌ كه خاوه‌نیه‌تی‌.

كه‌واته‌، ئه‌گه‌ر چی‌ برسین، ئایا ئەتوانین شه‌ڕێكی‌ عه‌قڵانی‌ بكه‌ین؟

من ئه‌ڵێم به‌ڵێ، به‌ڵام مافی‌ ئه‌وه‌م نیه‌ بە کەس  بڵێم چۆن، چونكه‌ ده‌بێت ئێمه‌ ئازاد بین. ئه‌لف و بێی‌ ئازادیش ڕه‌تكردنه‌وه‌ی‌ سته‌مكاریه‌. ده‌بێت بۆ كۆتایی هێنان به‌م سته‌مكاریه‌ پشودرێژ بین، به‌ڵام چۆن؟ مافی‌ ئه‌وه‌م نیه‌ بڵێم چۆن، چونكه‌ ده‌بێت ئێمه‌ ئازاد بین.

پێویستە خه‌باتمان بۆ ئامانجه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان له‌گه‌ڵ خه‌باتمان بۆ ئامانجه‌ جوزئیه‌كان لێ تێكه‌ڵ نه‌بێت، به‌ڵام چۆن؟ مافی‌ ئه‌وه‌م نیه‌ بڵێم چۆن، چونكه‌ ده‌بێت ئێمه‌ ئازاد بین.

خوێندراوەتەوە384