هێمن عه‌بدولقادر

كوردبوون‌

ئەو قەبیلانەی کە لە دارستانەکانی ئەمازۆن و بیابانەکانی ئەفریقا ئەژین و تا ئێستاش بە دەوری ئاگردا ئەسوڕێنەوە کاتێک وورچێک یان پڵنگێک هێرشیان بۆ ئەهێنێت دەست بەجێ هەر هەموویان یەک ئەگرن بۆ کەمکردنەوەی مەترسیەکان ، بەڵام ئێمەی کورد

(حەشد) هات یەکمان نەگرت 
(داعش) هات یەکمان نەگرت 
ئەنفال کراین یەکمان نەگرت 
، کیمیاوی باران کراین یەکمان نەگرت
ئاوارە کراین، هەر یەکمان نەگرت

شێرکۆ بێ کەس هەموو جارێک ئەی ووت:-
(لە سەر تەپۆڵکەیەک دەیان هەزار گەنجمان دا بە کوشت ، تەنانەت قەلەباچکەش ئامادە نەبوو لە و شوێنە ڕیقنەش بکات) دروست ئەمەیە کورد بوون .

رۆژی سەد پەیام بۆ بەغداد ئەنێرین هەر جوابیشمان نادەنەوە کەچی پێمان عەیبە تەنەزول بۆ براکانمان بکەین کە لە گۆشت و خوێن و ڕەگەز و پشتی خۆمانن

ئامادەین سازش بۆ هەرچی دوژمن هەیە بیکەین وەلێ پێمان شەرمە دەست بکەینە ملی یەکتری ، سەد وەرەقەی سپی بۆ دوژمنەکانمان ئیمزا ئەکەین وەلێ یەک دێری باش لە یەکتری وەر ناگرین. 

ئەم دۆخە پێش ئەوەی مەحکوم بێت بە لێکدانەوەی (سیاسی) و لێکدانەوەی (ڕۆژنامە نووسی) مەحکومە بە لێکدانەوەی (کۆمەڵناسی) و (مرۆڤناسی)،

نا ... تۆ دیقەت بدە بزانە لە ناو خزمەکانتا لەگەڵ چەند کەسیان قسەت نیە ؟
بزانە چارەی چەند دراوسێت ناوێت !
لەو شوێنەی کاری لێ ئەکەیت بزانە ڕقت لەچەند کەسە؟ بزانە ڕۆژانە لەگەڵ چەند کەسدا لە گرفتدای ؟ 
بزانە لەناو هاورێکانی فەیس بووکتا رۆژانە لە ژێر لێوەوە جنێو بە چەندیان ئەدەیت ،

بزانە کەسێک کە لە من و تۆ دەنگی خۆشترە ، یان جوانترە ، یان خوێنەوار ترە ،بزانە ڕۆژانە چەند جار ئەیشکێنین ، چەند تۆمەتی بۆ دروست ئەکەین ، تەنها بۆ ئەوەی کەمێک ئەو دەروونە نە خۆشەی خۆمان لەسەر حسابی ئەوانی تر تیمار بکەین.

ڕێک و دروست ئەمە ئەو دیوەی تری (کورد بوون)ە ، کە تا ئێستا کەس پێتی نەوتووە، 
بۆیە ئەو قەبیلانەی کە تا ئێستاش بە گەڵای (مۆز) و (مانگۆ) عەورەتیان دا ئەپۆشن لە من و تۆ و دەسەڵاتدارەکانی کورد عاقڵتر و فامیدە ترن.

خوێندراوەتەوە208