سیروان ره‌شید

بڕیارەکانی گۆڕان بایەخی هەیە؟‌


بزوتنەوەی گۆڕان کۆمەڵێک بڕیاری سیاسی دا، کە بەتێگەیشتنی ئێمە هەڵگری کۆمەڵێک مەغزایە لەهاوکێشەی حکومڕانی و کایەی حیزبایەتی لە کوردستانداو نابێت ئەو بڕیارانە بچوک بكرێنەوە لە مەسەلەی کشانەوە لەحکومەت و نەچونەوەی وەزیرەکانی بۆئەنجومەنی وەزیران، بەتەنها..

یەک: گۆڕان ئۆپشنی ئۆپۆزسیۆن بونی تەبەنی کردوە، کە بریتیە لە فۆرمۆلە کردن و مومارەسەکردنی جۆرێکی تر لەخەبات لەپێناوی خەڵک، کە ساڵەکانی ۲٠٠۹ تا ۲٠۱۳ شایەتن، گۆڕان چۆن لە ناو پەرلەمان و لەسەر شەقام و لەمیدیادا جێدەستی بەکایەی حکومڕانی هۆشمەندی خەڵکی کورستانەوە تا ئێستاش دیارە.

دوو: گۆڕان بڕیاریدا دەرگای پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی دابخاو رێککەوتنی سیاسی نێوان خۆی و ئەو حیزبە سڕ بکات، تا ئەوکاتەی سەرکردایەتیەکی تازەی یەکێتی پێک دەهێنرێ و بەجدی نەیەنە پێشەوە دەرگای مامەڵەکردن سیاسی بەرویدا نەکاتەوە.

سێ: خەباتی مەدەنی و جەماوەری سەرشەقام ئۆپشنێکی نوێی کاری داهاتوی ئەم هێزە دەبێت.
چوار: بڕیاریدا سورتر لە پێشوو، خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی کابینەی حکومەت و پێکهێنانی حکومەتی کاتی بەسیناریۆی جیاواز جیاواز ئەنجام بدات.

پێنج: بڕیاری کشانەوەی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی دا، کە یەکەمجارە هێزێکی سیاسی لە ۲٦ ساڵی رابردودا لەپێناوی بەرژەوەندیەکانی خەڵک دا بێ منەت و دەستبەرداری پۆستێکی وا گرنگ بێ! ئەمە سەر باری ئەوەی بڕیاریدا دەستبەرداری پۆستی چوار وەزارەت و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بوو، کە هەموو کە سێک ئەگەر شتێکی زۆر کەم ئاگای لەئیش وکاری حکومەت بێت، ئەزانێ ئەگەر وەزارەتی پێشمەرگەت بەدەستەوە بێت ئەتوانی زۆر سودمەند بیت لەچەک و ئیستفادەی مادی لەو وەزارەتە، بەڵام گۆران راستگۆیانە نەیویست و رەتیکردەوە!
وەزارەتی دارایت بەدەستەوە بێت ئەتوانی زۆر سەفەقەی ژێر بەژێر موستەفید بیت بەڵام گۆران بۆ خۆی هیچی نەکردو رەتیکردەوە!.
لەدەستەی وەبەرهێنان دەیتوانی زۆر گەندەڵی و موستەفید بێ لە زەوی و سەرانە سەندن لە کۆمپانیاو مقاولەکان، بەڵام نەک هیچی بۆخۆی نەکرد، بەڵکوو من لەنزیکەوە ئاگادارم هەندێک مقاول و کۆمپانیای خانوبەرە گلەی گەورەیان لەگۆران هەیە کە نزیکەی ئەو ساڵەی دەستەی وەبەرهێنان بەدەست گۆرانەوە بووە ئەوان زەرەر مەند بون و ئیجرائاتەکانی دەستە بەسەر کۆمپانیاکاندا جێبەجێکراون کەبۆتە هۆی زویر بونی ئەوان لەگۆران. دیسان گۆران لە بەر بەرژەوەندی خەڵک دەستی لەم وەزارەتە گرنگەش هەڵگرت.

شەش: پێکهێنانی بەرەیەکی تازە وەک بەدیلی ئەم حکومڕانیە شکستخواردووە، لەگەڵ (کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری بەسەرۆکایەتی د.بەرهەم ساڵح) و هەر لایەنێکی تر ئەگەر بخوازێت تێیدا بەشدار بێت، یەکێکی ترە لە ئۆپشنەکانی سیاسەتی داهاتوی بزوتنەوەی گۆران..

خوێندراوەتەوە1109