عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

تۆماری دەنگدەران یان بۆمبی چێنراووئامادە ‌


هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی گرنگ وکاریگەرە ، و تاهەنوکەش ئێمە بەتەنها شاڕێی گۆڕانکاری ودەستاودەستکردنی دەسەڵاتی دەزانین لەسیستمی سیاسی هەرێمدا هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوی باوەڕبوو بەدیموکراسی وهەڵبژاردن .

دوێنێ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی بەژمارە ( ٥٤٤٥ )لە بەرواری ( ۱۷-۱۲-۲۰۱۷) ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانکرد تاکو لەماوەیەک کەلەسێ مانگ زیاتر نەبێت ئامادەسازی بکرێت بۆهەڵبژاردنی پەرلەمان وسەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان .

هەموان لەگەڵ پڕۆسەی هەڵبژاردنین لەکات وساتی خۆیداو کاریشی بۆدەکەین ، وەپێشم وایە کەیەکێک لەپایەکانی سیستمێکی سیاسی دیموکراتی وپێشکەوتوو ئەوەیەکە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت وبیانو نەهێنرێتەوە بۆدواخستن وئەنجام نەدانی . 

بەڵام ‌لێرەدا دەبێ بپرسین کەئایا کام کۆمسیۆن هڵبژاردنەکان بەڕێوەببات هەرێم یان عێراق ؟ کام تۆماری دەنگدان بەکاردەهێنرێت ئەوتۆمارەی کە ڕیفراندۆمی پێ ئەنجامدرا یان تۆمارێکی نوێی دروستکراو ؟

چونکە گەرکۆمسیۆنی هەرێم ئەنجامی بدات وهاوشێوەی ڕیفراندۆم بەڕێوەبچێت ئەوا نیشانەی گەورەی پرسیارلەسەرخۆی دروستدەکات ، گەریش بەهەمان تۆماری دەنگدان بێت ئەوا کارەسات دەخوڵقێنێت .

هەرچەندە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن وڕاپرسی هەرێم بەدەنگی کۆمسیارەکانی بڕیاریانداوە کەلەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی ( ۲٥-۹-۲۰۱۷) هەرپرۆسەیەکی تری هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت ئەوا کاربەتۆمارێکی تری دەنگدەران دەکەن چونکە خۆیان زۆر باش ئەو ڕاستیە دەزانن کەچەندە تۆمارێکی پۆخڵەو چۆن پڕکراوە لەناوی وەهمی ،دووبارە ، ئاوارە ، مردوو ، بەتەمەن و.. .......هتد .

من لێرەدا تەنهابەداتاو ئامارو بەپێی ئەو زانیارییانەی کەلەبەدەستن کەبەدڵنیاییەوە زۆر لەوە زیاتروزۆرتریشە  ئاماژە بەخەوش وپۆخڵیەکانی تۆماری دەنگدەران دەکەم ، دواتر خۆت دەتوانیت ببیتە دادوەروبڕیاربدەیت کەئایا ئەمە تۆماری دەنگدەرانە یان بۆمبێکی تەوقیتکراووئامادەکراوە بۆهەڵبژاردنەکانی کوردستان .

بۆیە هەقەپێش هەموان بزوتنەوەی گۆڕان وئەوانەی لەگەڵ هەڵبژادنی پاک وبێگەردن بەدەنگێکی دلێرو بێ سڵەمینەوە بڵێن نەخێربۆ هەڵبژاردنێک کەتۆمارێکی پاک وبێگەردی تێدا بەکارنەهێنرێت وسیستمی جیاکردنەوەی دەنگدانەکەش بەئامێری ئەلیکترۆنی نەکرێت ، چونکە گەرکار بەوتۆمارە کۆنەبکرێت ئەوا بەدڵنییاییەوە هێندەی دوو فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمانی ئێستا تەنها ناوی ساختەوگوماناوی  تێدایە بەشێوازو جۆری جیاوازجیاواز ،لەنمونەی :

ــ لەتۆمارەکەدا لەماوەی (۱۳ ) ساڵدا واتا (۲۰۰٤ بۆ ۲۰۱۷) تەنها (٦۰۰)کەس بەمردوو دانراوەو کوژێنراوەتەوە، لەکاتێکدا تەنها ئەوکەسانەی لەوساڵانەدا لەلایەن دامەزراوەکانی وەزارەتی تەندروستیەوە بەمردوو تۆمارکراون ژمارەیان ( ٦۹۰۰۰) هەزارکەسن ،ئەمەجگەلەوەی کەلەلایەن ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە ئاماژە بە (۲٥)هەزارناوی مردوی ترکراوە لەتۆمارەکەداو کۆمسیۆنیشی لێ ئاگادارکراوەتەوە.

ــ ( ۷۰۰۰ ) ناولەتۆمارەکەدایە کەتەنها ئاماژەبەناوی دوانیانکراوە ،کەپێویستە لانی کەم سیانی بێت .

ــ ( ٦۳٤۲ ) ناوهەن دووبارەن ،واتا ناوی سیانی کەسەکان هاوشێوەی یەکن بێ جیاوازی بەژمارەی دەنگدانیشیانەوە.

ــ ( ۲۳۷٤٤ ) ناو لەتۆمارەدا هەن کەناوی ئاوارەی عەرەبی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن کەلە (۲۰۰۳)دەستپێدەکات .

ــ ( ٤۱۸۹۹ ) کەس لەتۆمارەکە ناویان هەیە کەتەمەنیان لەسەروو ( ۹۰ ) ساڵیەوە ،لەکاتێکدا تێکڕای تەمەن لەعێراق بەهەرێمیشەوە ( ٥۸ )ساڵی بۆدیاریکراوە ، خێرە ئەو هەموو بەتەمەنە لەهەرێمدا بونیان هەیە .

ــ ( ۱۱٦۰۸۸ ) ناوهەن لەتۆمارەکەدا کە تەمەنییان هێشتا نەگەیشتۆتە تەمەنی یاسایی دەنگدان .

ــ هەزاران ، سەدان وبگرە زیاتریش خێزان هەن کەخاوەنی دوو فۆرمی خۆراکن وبگرە زیاتریشن ،واتا لەدوو شوێن ناویان هەیە، دووبارەیەو دەتوانن چەندجارێک دەنگبدەن .

ــ چەندین خێزان لەنێو کامپەکانداکەبەئاوارە هەژمارکراون ناسنامەیان بۆدروستکراوەکە بێ گرفت دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن وئەو مافەیان بۆفەراهەم کراوە .

ــ ( ۱۸٤۱۷٥ ) ناوی تێدایە کەپێی دەوترێت دەنگی تایبەت تەنها تاساڵی (۲۰۱٤)یش ئاماژەی بۆکراوە ، کەیەکێک لەگرفتەکانی هەڵبژاردنەکان جیانەکردنەوەی دەنگدەری تایبەت وگشتیە ، یان دەکرێت پێکەوە بەشداربن ونەک دوو ڕۆژ پێشتر تایبەت ودواتر گشتی کە بەئەزموون سەلمێنراوە کەزۆرینەی ئەوانەی لەڕۆژی دەنگدانی تایبەت دەنگیانداوە لەدەنگدانی گشتیش بەشداربونەتەوە .

ــ ( ۹٦۲٥۸) ناولەو تۆمارەدا هەیە کەجێگای گومانن چونکە زۆرینەیان لێکچوون ودەبێت بەوردی وردبینی تێدا بکرێت، گۆڕانیش ئاماژەی بەوەکردوە کە زیاتر لە ( ۱۲٥) هەزارناوی دووبارە لەتۆمارەکەدا بونیان هەیەوڕادەستی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن وڕاپرسی کردوە بۆ بژارکردنی لەتۆمارەکەدا .

ئەوەی پێویستە بکرێت هەوڵێکی چڕوپڕی هەمەلایەنەیە بۆپاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران لەلایەن هەموو دامەزراوە حکومیەپەیوەندیدارەکان وچاودێریکردنی بەردەوام وهەنگاوبەهەنگاویش لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە چونکە کۆمسیۆنەکە ڕاستەوخۆ لەژێرچاودێری پەرلەمانی کوردستاندایە ، وەپێشم وایە کارێکی واقورس تەنها بەکۆمسیۆنی هەڵبژاردن وڕاپرسی هەرێم ناکرێت و هەرکاری ئەوانیش نیەوبەس.

وەدەشکرێت گەرهەموان دەمانەوێت ببینە خاوەنی تۆمارێکی شایستەو شیاو ئەوا دەکرێت کاربۆ سیستمی بایۆمەتری بکرێت لەتۆماری دەنگدەراندا .
بۆیە گەرهەڵبژاردنێک بەتۆمارێکی لەوشێوەیە ئەنجامبدرێت کەئێستا لەبەردەستە وهەندێ لەخەوشەکانیمان دەست نیشانکرد بەدڵنییاییەوە نەکردنی زۆرباشترە .


خوێندراوەتەوە234