محه‌مه‌د مه‌حمود عوسمان

بارزانی و ڕیفراندۆمەکەی ‌

لەماوەی ڕابردوو ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نا شەرعی مەسعود بارزانی دووچاری گەورەترین کارەساتی جۆراو جۆر بۆوە کە لە کۆی غەدر و داگیرکاری و زەوتکردنی مافی میللەتەکەمان ئاسەواری ناخ ھەژێن و نەخوازراوی قوڵ تری خستە ناو دڵی تاک بە تاکی کۆمەڵانی خەڵک و ھاونیشتیمانیانی کوردستانەوە . 

دیارە ھەر لە یەکه‌م ساتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم وتا مانەوەی بە ناشەرعی و خۆسەپاندنیەوە چاوەڕێی نەھامەتی و ماڵوێرانی لێ دەکرا کە بەسەر کۆی ئەزمون و چارەنوسی میللەتەکەمان بێنێت، چونکە ھەرگیز نەیتوانی بۆ تەنھا ڕۆژێک یاخود لە ڕووداوێکدا وەک سەرۆکێکی ڕاستەقینە لەسەر شانۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەورێکی ئەوتۆ بگێڕێت کە ببێتە جێی ئومێدی کوردستانیان .

بارزانی وەک سونبولی شکست چەندین جار کوردستان و ئەزمونەکەی بە نەزانی و لەپێناو بەدەستھێنانی بەرژەوەندی تایبەتی گەڕاندۆتەوە خاڵی سفر و ڕەنج و قوربانی دانی ھاونیشتیمانیانی لەخۆڕا بەفیڕۆداوە .

دەرکەوت دوای کارەساتی ١٦ ی ئۆکتۆبەر و لە دەست دانی یەک لەسەر دووی خاکی کوردستان  کە ئۆباڵی ھەموو ئەو ڕووداوە لە ئەستۆی خودی بارزانی دایە و لەئێستادا ھەنگاوی جۆرێک لە ڕاکردن لەبەر پرسیارێتی ناوە و ئامادەی ئەو سزایانەش نیە کە خۆی لەسەر خۆی داینابوو لەکاتی بانگەشەی ڕیفراندۆم ...! 

ئەوەی جێی سەرنج بێت بارزانی ھەموو جومگەکانی دەسەڵاتی وەک موڵکی خۆی بینیوە، بۆیە بەتایبەت پەیوەندیەکانی ھەرێمی بەجۆرێک گرێداوە کە لە پەیوەندی خێڵەکی زیاتر لە ھیچیتر ناچێت، تەنھا لەبەرامبەر دۆستایەتی خودی خۆی کوردستان و چارەنوسی میللەتەکەمانی لەسەر سینیەکی زێڕین دەگێڕا لەبەر دەمی دوژمنە سەرەکیەکانی گەلی کوردا تا ئێمەی گەیاند بەم قۆناغەی ئێستا کە ئەویش خۆی لە پەیوەندیە تاریکە پڕ گوماناویەکەی دەبینێتەوە لەگەڵ سەرانی ئاکەپە و بەتایبەت ئۆردوگان.

بارزانی خاکی ھەرێمی کردبووە گۆڕەپانی سەربازی هێزه‌ ئیقلیمییه‌كان و ناردنی سامانی سروشتی ھەرێم بۆ ئەو وڵاتانه‌ و دواتر ھەر بە جۆرێک لە ئامۆژگاری ئۆردوگان تای ڕیفراندۆم بەری نەدا تا گەشتە ئەو ئاستەی کەشتی کوردستانیانی بە مشارەکەی ئۆردوگان دوکەرت کرد و خستیە گێژاوێکی نادیارەوە بە خەیاڵی پشتیوانی ئیسڕائیل کە گوایە خاک و ئاسمانی کوردستان پارێزراوە و دواتر سەد سەدەر سەد پێچەوانەکەی دەرچوو .

لێرەدا تاوان بار تەنھا و تەنھا بارزانی نیە بەڵکو ھەندێک لە لایەنە سیاسیەکان و کەسانی ناو ھەندێک لە حیزبەکانیش ھاو بەشی ئەم شکستەن و بەشێکیان ھاوشێوەی بارزانی لەژێر کاریگەری ئۆردوگان ماونەتەوە و ڕەنگە بابەتی مەزھەبی لە بابەتی نەتەوایەتی و ناسیۆنالیزمی کوردی زۆر گرنگتر بێت لایان  . 

زانرا بارزانی و ھاوبەشەکانی و ڕیفراندۆمەکەیان چ کارەساتێکیان بەسەر گەلەکەمان ھێنا و لە ئێستا بە ھەموویان لە ھەوڵی جۆرێک لە زەواجی سیاسین لەگەڵ عەبادی و ئاواتەخوازن بگەڕێنەوە باوەشی بەغدا و جارێکیتر وەک برا بچوک و ھاوڵاتی پلە دوو لەژێر فەرمان ڕەوایی عێڕاقدا ئەوەی نەشیانبردووە بیبەن ھەر بۆیە نەک تەنھا شایەنی سەرکردایەتی نین، بەڵکو شایانی مافی ھاوڵاتی بونی کوردستانیش نین و پێویستە ھەرچی زووە لە کاری سیاسی و بازرگانی دوور بخرێنەوە و دادگایی بکرێن و بە سزای خۆیان بگەن تا نەبنە زیاتر ماڵوێرانی بەسەر کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئایندەی میللەتەکەمان .

ئەوەی پێی دەوترێت حکومڕانی و دامو دەزگای شەرعی و حکومەتی لەژێر سایەی بارزانی و بنەماڵەکەی و ھاوبەشەکانی لەژێر خاڵی سفردایە و ئەوەی پێی دەوترا پایەکانی بەرەو دەوڵەت بوون بارزانی و دۆستەکانی تێکیانشکاند و لە ئێستادا کۆمەڵێ تەلاری گاڵتەجاڕی لەژێر ناوی حکومەت و وەزارەت ماوە کە ناتوانن ھیچ ئەرکێک جێ بەجێ بکەن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ھاونیشتیمانیان دووچاری نەھامەتی دەکەنەوە.

ئەمەش ئەو دەوڵەت و پەرژینە بوو کە بارزانی و دۆست و دار و دەستەکەی بە کوردستانی سەربەخۆ پێناسەیان دەکرد .

ئەوەی ماوە بوترێت کە کوردستان خۆی خاوەندارێتی خۆی دەکات نەک کاراکتەرێک کە بە چەندین خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی تۆمه‌تباربێت و تەنانەت شایستەی خاوەندارێتی ناسنامەی کوردی نەبێت نەک سەرۆک و سەرقافڵەی بەرەو سەربەخۆ بوون .

خوێندراوەتەوە722