د. شۆڕش حاجی

کاتی گۆڕانە‌


بێباکی دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەکێتی‌ بەرامبەر ئەو هەمو قەیرانەی، کە لە ئەنجامی شکستی (٢٦) ساڵ حوکمڕانی ئەوان بەرۆکی هەرێمی کوردستان‌و هاوڵاتیانی گرتوە، سوکایەتیکردنە بە خەڵکی کوردستان. ئێستا رێژەی بێ کاری‌و خراپی بژێوی هاوڵاتیان‌و کەمی خزمەتگوزارییەکان‌و رادەی نائومێدی خەڵکی کوردستان لە پەنجا ساڵی رابردو زیاترە.

سەرەڕای ئەمانەش، بەپێی قسەی پارتی‌و یەکێتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە بیست ملیار دۆلار قەرزارە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سامان‌و داهاتی بەشێکی بەرپرسانی هەرێم لە هی زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان زۆرترە. بەم دواییەش، دەرهاویشتەکانی ریفراندۆمەکەی پارتی‌و یەکێتی کارەساتێکی لە ئاشبەتاڵی ساڵی (١٩٧٥) گەورەتری بەسەر گەلەکەمان‌و جوڵانەوەی رزگاریخوازیی کورد داهێنا.

بزوتنەوەی گۆڕان‌ وەک هێزێکی بەرپرسیار بە پەرۆشەوە مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخی کوردستان کردوە. هەر بۆیە تا ئێستا هەوڵیداوە بە دایەلۆگ‌و لە رێگای پێشکەشکردنی پرۆژەوە چارەسەری کێشەکانی هەرێم بکرێت. هاوڵاتیانی کوردستانیش هەمو جۆرە ستەم‌و نارەحەتییەکیان لە حوکمڕانی خۆماڵی قبوڵ کردوە، چونکە پەرۆشی ئێستاو ئایندەی کوردستانن. بەڵام دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەکێتی ئیستیغلالی ئەو دڵسۆزییەی گۆڕان‌و ئەو پەرۆشییەی خەڵکی کوردستانیان کردوەو گوێیان لە داخوازییەکانیان نەگرتوە، بەڵکو بیریان لە مانەوەی خۆیان لەسەر کورسی دەسەڵات‌و زیاتر تاڵانکردنی سامانی وڵات کردۆتەوە. دو مانگ دوای کارەساتی (١٦)ی ئۆکتۆبەر دەسەڵاتدارە شکستخواردوەکەی پارتی‌و یەکێتی ئێستاش ئامادە نین دان بە هەڵەکانیاندا بنێن‌و دەسەڵات جێبهێڵن‌. بۆیە ئێستا مافی هاوڵاتیانی کوردستانە کە هەر رێگایەک بگرنە بەر بۆ کۆتاییهێنان بەو نەهامەتیانەی توشی بون. ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕانیشە پشتیوانی لە هاوڵاتیان بکات، چونکە هەمو رێگایەکی لەگەڵ دەسەڵات تاقیکردەوە‌ بەڵام دەسەڵات ئامادە نەبو کێشەکان چارەسەر بکات.

خوێندراوەتەوە2626