لاوک سەلاح

سەرکردەی کاریزما..سەرکردەی مەدەنی: خەونێک وهیچیتر..‌


سەردەمی سەرکردە کاریزماییەکان تێپەڕی، رۆژگاری ئەو سەرکردانەی بۆ زیاتر لە ٥٠ ساڵ لەگەڵماندا ژیان بەسەرچوو، ئەوان لە پاش خۆیان چەندان جەنگ و شەڕ و بەسەرهاتی پەرتەوازە و سەرگوزشتەی پڕ شەکەتی و هەتووییان بۆ بەجێ هێشتین. ئەوان، سەرکردە کاریزماییەکان شاهێدی رووداوەکان بوون، لە دیدی ئەوانەوە مێژوو نووسرایەوە، بە ناو و بە دەمی ئەوانەوە حیکایەتەکان لە پێناوی بەرژەوەندی جیاجیادا هەر جارەی بە شێوازێک دەگێردرێتەوە و تۆماردەکرێن . 

 سەرکردە کاریزماییەکان، هەندێکیان، بە بێدەنگی کاریان بۆ ئاییندە کرد، هەندێکیان رابردوویان لەگەڵ خۆیان بە کێش کرد بۆ پاوانکردنی ئاییندە، هەندێکیان پەرتوک و یادەوەری و بیرەوەرییەکانی رۆژانە و چیرۆکی چەندان بەرگرییان لە پاش بەجێما، هەندێکیان هەمیشە هەوڵیان دەدا پانتاییەکی بەرین بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بدەنە شەقەی باڵ، بێ ئەوەی لا لەو راستییە بکەنەوە تا چەند باڵەکانیان بە قووڵای ئاسماندا توانای فڕینیان پێ دەبەخشێت. ‌هەندێکیان بە پێڵاوێکی لاستییکی شڕەوە رۆحیان تێکەڵ بە خۆڵ و عەرد و بەرد و شاخ و دۆڵ و دێ کرد تا ئەو رۆژەی  بوونە ئەفسانە و بوونە سروودێکی نامۆ. هەندێکی تریان نە بە پێڵاوێک و نە بە چەند کراسێک و نە بە چەند بۆینباخێک و نە بە چەند ژنێک دابین نەبوون. وەک بڵێی پێویستیان بە زەمەنێکی تر بوو بۆ گەڕانەوەی، بەهەر نرخێک، ئەو تەمەنەی لە دەستیان دەرچوو. 

سەرکردە کاریزماییەکان وەک یەک نامرن، هەیانە حیکمەت و پەندێک و مێژوویەک بۆ راستکردنەوەی مێژووی باو لە پاش خۆیان بەجێ دەهێڵن، ئەمانە نەوەک هەر کاریزمەن بەڵکو دەبنە عەرافێکی رووداوناس، حیکمەتێک لەگەڵ خۆیان بەکێش دەکەن، دەخوازن خەونەکانی کۆمەڵگە بینابکەنەوە بەر لە بیناکردنەوەی دارستان و باخچە و شەقامەکان و قوتابخانەکان. هەیانە، پەندێکی کوشندە و ئەزموونێکی کرچ وکاڵ بەجێ دەهێڵن،  بەدەستت بێت یادەوەریت بسریتەوە بۆ ئەوەی خەونەکانت قاش قاش نەکەن. سەرکردەی کاریزما هەیە خۆی ناوەندی رووداوەکانە، هەر خۆی پاڵەوانی هەموو سەرگوزشتەکانە، بە چواردەوری خۆیدا هەموو دەبنە یەک ئاوێنە بۆ بینینەوەی خۆی، تەنیا هەر خۆی. 

زۆربەی سەرکردە کاریزماییەکان لە هەر شوێنێکبن، کەم تا زۆر خاوەنی یەک شوناسن، زۆر زوو دەناسرێنەوە، دەگمەنن ئەوانەی شارەزای قۆناغەکانن و دەتوانن خۆیان دەمە زەرد بکەنەوە، بەداخەوە سەرکردە کاریزماییەکان بە مەرگی خۆیان تەمەنی چەندان نەوە لەگەڵ خۆیان دەبەن، تارماییەکانیان، هەریەکە بە ئاراستەی جیاواز بەشداری هەموو وەرزەکانمان دەکەن و ئێمەش بە ناوی ئەوانەوە، چەندان بوختان دەکەین، بە ناوی ئەوانەوە، چەندان دروشم و قەڵغان بۆ ویست و ئارەوزووکانی خۆمان دەهۆنینەوە. 

بەداخەوە، سەرکردە کاریزماییەکان کوڕی رۆژگارێکی تربوون کە بە حوکمی ئەو کات زۆر لە مەدەنیەتەوە دوور بوو، ئەوەندەی سەرقاڵی مانەوە و خۆپاراستن بوون ئەوەندە توانای دارشتنەوەی کۆمەڵگە نەبوون، نە ژینگە، نە رۆژگارەکەی، نە هاوکێشە سیاسییەکان یارمەتیان نەدان بۆ ئەوەی شوناسێکی تر لە دەرەوەی مێژوویەکی لۆکاڵ و ناوخۆ دروستبکەن. 

ئەمرۆ هەموو لە بەردەم دووڕیانێکی مەترسیدارداین بەوەی دەبێت سەرکردەی نوێ بێتەکایەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستت بە پرۆسەیەکی مەدەنی هەیە کە هەم ئەوان و هەمان خەڵک بەرامبەر بەیەک بەرپرسیاربێت، لە ژینگەی مەدەنیدا سەرکردەی کاریزمای هەتا هەتایی جێی نابێتەوە، بەرپرسیاریەتییەکانی دەچێتە خانەی حوکمرانییەکی مەدەنیانەوە، ئەگەر لە ناو پارتی سیاسیدا یان لە ناو هەر حکومەتێکدا بێت، سەرکردەی مەدەنی پرۆسەیەک دەخوڵقێنێت کە ئاوێنەکان، لە بری سیمای خۆی، چارەسەر بە کێشەکانی کۆمەڵگە ببەخشن.   

لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا، پێگەی سەرکردەی مەدەنی دیارە، سەرچاوەکانی دارایی دیارە، رۆڵ و سنووری کاری دیارە، پرۆسەیەکی لێپێچینەوەی دیارهەیە کە کۆمەڵگە لە پێشێلکردنی مافەکان و دەستەڵاتەکان و دارای گشتی دەپارێزێت. سەرکردەی مەدەنی ئاگاداری وردەکاری گۆرانکارییە خێراکانە، کۆڵەکەیەک بۆهاوسەنگی بەرژەوەندییەکان هەڵدەچنێت.

سەرکردایەتی مەدەنییانە، پۆستێکی کاتییە لە سووڕی ژیانی سیاسیدا کە هەم کۆمەڵگە لە هەڵە دەپارێزێت، هەم ژیانی تایبەتی سەرکردەی مەدەنی دەپارێزێت. سەرکردەی مەدەنی کوڕی سیستمێکی کراوەیە، ئەم سیستمە لە هەڵەکانی نەوەکانی شەرم ناکات، بەڵکو بە تاوانی دەزانێت ئەگەر پرۆسەیەک نەبێت کۆمەڵگە بپارێزێت. لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا ململانێ سیاسییەکان و گۆرانکارییەکانی بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژی نموونەی تری سەرکردایەتیکردن دەخوازێت تا بتوانیت ئیدارەی لێشاوی گۆرانکارییەکان بکات.

سەرکردەی مەدەنی بە کارامایی سیاسی مەدەنیانە و کارامەیی ئیداری مەدەنیانە بەهایەکی نوێ دەبەخشێت، کە بەداخەوە لە سەرکردە کاریزمایەکانەوە نا گواسترێتەوە، هەش بێت، شیاو نییە لەبەرئەوەی کات و ژینگە و سەردەمەکەی بەسەرچووە و تێپەریووە.

خوێندراوەتەوە422