ئه‌مین به‌كر

پێشمه‌رگه‌ و عه‌بادی‌‌


پشتگوێخستن یان چاوداخستن له‌ قوربانیدانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و نه‌به‌ردیه‌كانی له‌شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش، له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌ كاتێكدا كه‌ له‌پێناو به‌رگریكردن له‌ خاك و كه‌رامه‌تی‌ هاوڵاتیان  نمونه‌ی ئازایه‌تی و جوامێری وپاڵه‌وانێتی بوون به‌رامبه‌ر هێزێكی‌ ره‌شی‌ وه‌ك داعش له‌ لایه‌ك و ڕۆڵی مێژویی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ لاوازكردنی ڕژێمی به‌عسی فاشی عێراق له‌ لایه‌كی‌ تر، جگه‌ له‌ هه‌ڵوێستێكی نابه‌رپرسانه‌ هیچی تر نییه‌.

هێزێك كه‌  مێژویه‌كی درێژی پڕ له‌قوربانیدان و سه‌روه‌ری هه‌یه‌و  به‌رامبه‌ر هێزی ڕه‌شی تیرۆریستانی داعشیش، خاوه‌نی هه‌زاران شه‌هیدو بریندارو قوربانی تره‌ و به‌ خوێنی خۆیان، به‌ گیرفانی به‌تاڵ، به‌ نانی وشك،  سه‌دان داستانی پاڵه‌وانێتیان تۆماركردوه‌،  ئه‌م جۆره‌ پشتگوێخستن و به‌ كه‌م سه‌یركردنه‌ ڕاسته‌وخۆ و نا ڕاسته‌وخۆیه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌مپه‌ڕ له‌به‌رده‌م ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیانی پێكهاته‌كان دروستده‌كات، گوزارشتیشه‌ له‌ خراپی‌ نیه‌تی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا و زه‌نگێكی مه‌ترسیداره‌ بۆ داهاتوی په‌یوه‌ندیه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد و عه‌ره‌ب له‌ عێراقدا .

جورئه‌تی پشت گوێخستنی ڕۆڵ و قوربانیدانه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، به‌ئاشكراو له‌ڕاگه‌یاندنی ڕۆژی سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی به‌سه‌ر داعشدا، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ند ساڵێك ده‌بێت ئه‌و سیاسه‌ته‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕانه‌گه‌یه‌نراو هه‌یه‌ و له‌ خه‌رج نه‌كردنی بودجه‌ی هێزه‌كانی  پێشمه‌رگه‌و چه‌ندان هه‌ڵوێستی تردا ده‌رده‌كه‌وت،  له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی عه‌بادی و عێراقییه‌كان جێگای سه‌رسوڕمان نه‌بوو بۆ ئێمه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ نه‌گۆڕێكی سیاسییه‌ به‌وپێیه‌ی‌ به‌غدا قازانجی له‌بونی هێزێكی تردا نییه‌ كه‌ ڕێگه‌ له‌ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ته‌كانی بگرێت، هه‌رچه‌ند ده‌ستوریش ئه‌و هێزه‌ی به‌ڕه‌سمی ناساندبێت، به‌ڵام ده‌بێت بزانین چی بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی كه‌ پێشتر عه‌بادی و به‌رپرسانی تری عێراقیش ڕێزیان به‌رامبه‌ری ده‌رده‌بڕی، ئێستا به‌هۆی سیاسه‌تی چه‌وتی جوت حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار جورئه‌ت بكه‌ن به‌  كه‌م سه‌یری بكه‌ن، كاتێك دوو حزب هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شده‌كه‌ن  و له‌بری ناسنامه‌ی و سیمای‌ نیشتمانی، ناسنامه‌ و سیمایه‌كی‌ حیزبیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن، له‌ ده‌یان كێشه‌ی ناوخۆدا وه‌ك بازوی حیزب شه‌ڕی براكوژی و یه‌كتریان پێده‌كه‌ن، كاتێك ئه‌م هێزه‌ بۆ چاوترساندنی جه‌ماوه‌ری برسی و ناڕازی به‌كار ده‌هێنرێت ده‌بێت هه‌ر چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ نه‌یاره‌كانی‌ كورد نادیده‌یان بگرن، وتاره‌ پڕ شه‌رمه‌زارییه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ وه‌ك نمونه‌ كه‌ ته‌نها یه‌ك پێناسه‌ هه‌ڵده‌گرێت ئه‌ویش ئیداره‌دانه‌ به‌ عه‌قڵیه‌تێكی‌ مه‌زهه‌بی‌ و هه‌ڵقوڵاوی بیرێكی قه‌ومی سه‌قه‌ته‌ و بارگاوییه‌ به‌ رق و كینه‌یه‌كی مێژوویی.

ئه‌وه‌ ئازایه‌تی‌ و جورئه‌تی‌ عه‌بادی و به‌رپرسه‌ عێراقیه‌كان نییه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ كه‌م ده‌زانن و دانی‌ پێدا نانێن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ دووحزبی ده‌سه‌ڵاتداری كوردین  كه‌ ئیهانه‌ به‌ گه‌وره‌یی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌ت و حیزبدا ڕێگاناده‌ن ئه‌وان پێشمه‌رگه‌ی نیشتمان بن، ئه‌وه‌ به‌رپرسانی‌ دوو حزبی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ كوردستانن كه‌ نایانه‌وێت سه‌روه‌رییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ گه‌ل و نیشتمان بێت، به‌ڵكو ده‌بێت سه‌روه‌ریان ببێته‌ سه‌روه‌ری حزب و شه‌هید و قوربانییه‌كانیان شه‌هیدو قوربانی حزب بن، ئه‌وانن 26ساڵه‌ ناهێڵن هێزی پێشمه‌رگه‌ ببێته‌ هێزی نیشتمانی و له‌ قاوغی حزب ده‌ربازی بێت، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ پارتی‌ و یه‌كێتین به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی پێشمه‌رگه‌یان شێواندووه‌ كه‌ نه‌یاره‌ سیاسییه‌كانی گه‌لی كورد زاتی ئه‌وه‌ بكه‌ن و ئاماده‌نه‌بن به‌ یه‌ك وشه‌ش رێز له‌ رۆڵ و قوربانیه‌كانی ئه‌و هێزه‌ بگرن، له‌كاتێكدا پێشمه‌رگه‌ جگه‌ له‌ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، چه‌ندین ناوچه‌ی عێراقیشی پاككرده‌وه‌، له‌وه‌ش زیاتر ئه‌گه‌ر له‌كاتی خۆیدا به‌ری به‌ هێرشی تیرۆریستان نه‌گرتایه‌ ئه‌وا هێزه‌ عێراقییه‌كان هه‌مان ئه‌نجامی موسڵیان ده‌بوو كه‌ ته‌نها چه‌ند تیرۆریستێك نه‌ك بێ‌ به‌رگری هاتنه‌ سه‌ر شارێكی چۆڵ، به‌ڵكو بێ به‌رگری كلیلی جبه‌خانه‌یه‌كی گه‌وره‌یان ده‌ستكه‌وت كه‌ باشترین و پێشكه‌وتووترین چه‌ك و پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كانیان بۆ جێهێشتن له‌كاتی هه‌ڵاتندا.

باسكردن له‌ گه‌وره‌یی و شكۆی پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌رفه‌تێكی وه‌ك ئه‌مه‌دا جێیی نابێته‌وه‌، به‌ڵام ئازاری خه‌نجه‌ری خۆمان كه‌ ده‌یانجار له‌ ئازاری خه‌نجه‌ری دوژمن به‌سوێتره‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌رپرسانی سیاسی چاره‌كه‌سه‌ده‌ی رابردوو به‌ دیاریكراوی كه‌سانی خاوه‌ن به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌ له‌ جوت حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری 26 ساڵی رابردووی ئێمه‌ چییان بۆ پێشمه‌رگه‌ كردووه‌ و چییان به‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌دا هێناوه‌.

رۆژێك شه‌ڕی ناوخۆ و رۆژێك برسی كردن، رۆژێك به‌كارهێنانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و رۆژێكیش خانه‌نشینكردنی هه‌زاران كه‌س كه‌ قه‌تره‌یه‌ك عاره‌قی بۆ ئه‌م خاكه‌ نه‌ڕشتووه‌ له‌سه‌ر میلاكی پێشمه‌رگه‌، مه‌گه‌ر هه‌ر دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی هه‌رێم (پارتی و یه‌كێتی) نین كه‌ ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ته‌نها به‌ دروشم هێزه‌ حزبییه‌كانی خۆیان ته‌سلیمی حكومه‌ت كردووه‌ و یه‌كخراون ده‌نا له‌ ناوه‌ڕۆكدا پێشمه‌رگه‌ی پارتی و پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی  ئێستاش ئاماده‌ن بۆ سه‌نگه‌رگرتن له‌ یه‌كتر، ده‌لیلی ئه‌م قسه‌یه‌ش ئه‌و 14 لیوا هاوبه‌شه‌بوو كه‌ له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌مدا (له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ به‌رێز مسته‌فا سه‌ید قادر وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ بوو) پێكهێنران و ته‌نانه‌ت ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیشی هاوكارییان ده‌كردن، به‌ڵام به‌ یه‌ك یان دوو بروسكه‌ و جیاوازی رای حزبی له‌ رووداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ردا 14 كاتژمێر به‌ یه‌كگرتوویی نه‌مانه‌وه‌ و هه‌ركه‌س گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ باره‌گای حزبی و ژێر فه‌رمانی به‌رپرسه‌ حزبییه‌كانی خۆیان.


پرسیاری جه‌وهه‌ری لێره‌دایه‌، بۆچی یه‌كێتی و پارتی له‌بری ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بكه‌نه‌ سوپایه‌كی نیشتمانی هه‌وڵ ده‌ده‌ن ته‌نانه‌ت له‌ناو حزبیشدا دابه‌شیان بكه‌ن به‌سه‌ر گروپ و ئه‌شخاسدا؟؟، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ نه‌زانینه‌ ئه‌وه‌ بفه‌رموون رێگا بده‌ن به‌ كه‌سانێك كه‌ له‌وان زیاتر خه‌می ئاینده‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ و به‌ دامه‌زراوه‌یكردنی موئه‌سه‌سه‌ ستراتیژییه‌كانیه‌تی له‌ سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌ك سوپایه‌كی نیشتمانی، خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ش كاركردنه‌ به‌ ستراتیژی قوربانیدان به‌ هه‌موو سه‌روه‌ریی و سامانێكی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند كه‌س و ده‌سته‌ و تاقمێكدا، ئه‌وا هه‌زاران عه‌بادی دیكه‌ به‌ڕێگاوه‌ن تا سوكایه‌تی به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ بكه‌ن كه‌ لای ئێمه‌ هێڵی سوورن.


خوێندراوەتەوە588